
ڕاپۆرت / شەیما
ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستان، کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی هاوردە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت لە تۆڕی "تیکتۆک" بە ناوی "ئەمەزۆن"، ڕووی لە زیادبوون کردووە و بووەتە پیشەی بەشێکی زۆر لە خەڵک. ئەوەی جێگەی هەڵوەستە و نیگەرانییە، بەکارهێنانی ژنان و کچانە لەلایەن هەندێک لەو فرۆشیارانەوە بۆ ڕاکێشانی کڕیار و زیادکردنی فرۆش، کە ئەمەش ناڕەزایی زۆری لێکەوتووەتەوە. لەم ڕاپۆرتەدا، بەدواداچوون بۆ ئەم دیاردەیە دەکەین و ڕای فرۆشیاران، نووسەران و پارێزەران لەسەر بەکالاکردنی ئافرەتان وەردەگرین.
ژنان وەک ئامرازی پڕفرۆشی
ئەحمەد ئیدریس، یەکێک لەو فرۆشیارانەی شاری سلێمانییە کە نزیکەی ساڵێکە لەم بوارەدا کار دەکات. ئەو لەبارەی بەکارهێنانی ژنان بۆ بازاڕگەرمی دەڵێت: "سەرەتا بازاڕم زۆر باش بوو، شەوی وابوو بەهای ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ دۆلار کاڵام دەفرۆشت. بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە؛ هەندێک لە فرۆشیاران فێڵێکی نوێیان دۆزیوەتەوە، ئەویش بەکارهێنانی ژن و کچانی بنەماڵەکەیانە بۆ ئەوەی خەڵک زیاتر ڕوویان تێ بکەن. بەداخەوە ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی بازاڕ لای ئەوان بێت نەک لای ئێمە."
کەرامەتی ژن لە بەرامبەر قازانجی ماددیدا
لە بەرامبەردا، هەندێک ژن خۆیان وەک فرۆشیار کار دەکەن. سۆزان کە ماوەی ساڵ و نیوێکە لە کەرکوک کاری ئەمەزۆن دەکات، دەڵێت: "وەک ژنێک بۆ بژێوی ژیانی منداڵەکانم ئەم کارە دەکەم و هیچ کێشەیەکم نییە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە بەشێک لەو پیاوانەی کاری ئەمەزۆن دەکەن، ژن بەکاردەهێنن. ئەوان بیر لەوە ناکەنەوە کە بە هەزاران کەس بە ئەکاونتی ساختەوە سووکایەتی بەو ژن و کچانە دەکەن. ناکرێت مرۆڤ بۆ بژێوی ژیانی، کەرامەت و شکۆی خۆی بخاتە مەترسییەوە."
کاڵاکردنی مرۆڤ و داڕمانی مۆڕاڵی
موژدە عەلی، مامۆستا و نووسەر، ئەم دیاردەیە لە ڕوانگەیەکی فەلسەفی و کۆمەڵایەتییەوە شیدەکاتەوە: "کاتێک ناسنامە و جەستەی مرۆڤ دەبێتە هۆکار بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کاڵا، سنوورەکانی مرۆڤبوون تێکەڵ دەبن. ئەمە لە ڕووی یاساییەوە ڕەنگە وەک گرێبەستێک ببینرێت، بەڵام لە ڕووی فەرهەنگییەوە بەشدارە لە چەسپاندنی ئەو چەمکەی کە ژن تەنها وەک ئامرازێکی سەرنجڕاکێشان دەبینێت."
موژدە ئاماژە بەوە دەکات کە سیستەمی سەرمایەداری لەم ڕێگەیەوە مرۆڤ دەکاتە کاڵا و ژن لە کەسێکی خاوەن ئیرادەوە دەگۆڕێت بۆ بابەتێکی سێکسی و دەروونی بۆ ڕاکێشانی کڕیار. بە بۆچوونی ئەو، ئەم دیاردەیە دوو مەترسیی گەورەی هەیە: یەکەم، "کاڵاکردنی غەریزە" بۆ قازانجی ماددی، دووەم، "سڕینەوەی مۆڕاڵ" کە تیایدا مرۆڤایەتی لەپێناو کڕین و فرۆشتندا لاواز دەبێت.
ڕای یاسایی: کەی کارکردنی ژن نایاساییە؟
خەندە ڕەشاد، ڕاوێژکاری یاسایی، لەبارەی لایەنی یاسایی ئەم بابەتەوە دەڵێت: "ئەگەر ژنێک بە ڕەزامەندی خۆی و بەبێ فشار کار بکات، هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە. بەڵام ئەگەر زۆرەملێ هەبێت، دەکەوێتە چوارچێوەی کاری نایاساییەوە. بەکارهێنانی وێنە و ڤیدیۆی ژن بە زۆر، پێشێلکردنی یاسای توندوتیژیی خێزانییە و ژنەکە مافی سکاڵاکردنی هەیە."
خەندە زیاتر ڕوونی دەکاتەوە: "ئەو کەسانەی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە زۆر و هەڕەشە ژن بەکاردەهێنن، بەپێی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن سزا دەدرێن. تەنانەت ئەگەر دۆخەکە بگاتە ئاستی ناچارکردنی توند و هەڕەشە، دەکرێت بە یاسای 'بازرگانیکردن بە مرۆڤ' مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت."
لەکۆتاییدا، ئەو ڕاوێژکارە یاساییە جەخت لەسەر گرنگیی هۆشیاری دەکاتەوە و دەڵێت: "زۆرێک لەو قوربانیانە ئەگەر بزانن یاسا پشتگیرییان دەکات، دەتوانن خۆیان ڕزگار بکەن. گرنگترین هەنگاو پەیوەندیکردنە بە هێڵە گەرمەکانی وەک ١١٩ یان ڕاوێژکردن بە پارێزەر. ئەگەر قوربانییان هۆشیاری یاساییان نەبێت، پێشێلکردنی مافەکانیان بەردەوام دەبێت و ئەم دیاردەیەش لە کۆمەڵگەکەماندا زیاتر گەشە دەکات."
