
بە شانازییەکی زۆرەوە یادی پهنجاو چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی لاوانی کوردستان دەکەینەوە، زیاتر لە پێنج دەیەیە بەردەوامین لە خەبات لە پێناو بەرگریکردن لە ماف و خواستەکانی لاوان، لە پێناو ئازادی، دیموکراسی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانی، و بەهێزکردنەوەی ڕۆڵی لاوان لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکدا کە کەرامت و ژیانی پارێزراو بێت.
لاوانی کوردستان ئەمڕۆ قۆناغێکی پڕ لە ئاستەنگ و قەیران تێدەپەڕێنێت، لە سایەی نادادپەروەری دەسەڵاتداران و بەرز بونەوەی ڕێژەی بێکاری، پاشەکشەی هەلی کار، قورسی ژیان، زیادبوونی کۆچکردنی لاوان و فراوانبوونی کەلێنی نێوان ئاواتەکانی لاوان و ئەو واقعەی کە تێیدا دەژین.
ئەم قەیرانانە تەنها کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی نیین، بەڵکو ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی سیاسی و ئابووریی قووڵترن، کە پەیوەستن بە لاوازی پلاندانانی گەشەپێدان و پاشەکشەی کەرتە بەرهەمهێنەکان، نەبوونی دادپەروەری لە دابەشکردنی دەرفەتەکاندا، و بەردەوامبوونی بەرژەوەندی حزبی لەسەر بەرژەوەندی گشتی.
نەبوونی هیچ ئاسۆیەک لەبەردەم دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان و لاوان بەشێوەی گشتی، بۆیە ناچار دەکرێن بیر لە کۆچکردن بکەنەوە، لە کاتێکدا کوردستان پێویستی بە توانای لاوان وگەنجەکانیەتی بۆ بونیادنانی داهاتویان.
ئەم ئاستەنگانە بە بەڵێن و دروشم چارەسەر ناکرێن، بەڵکو بە سیاسەتی جددی و حەکیمانە دەبێت کە بەرژەوەندی هاووڵاتییان و لاوان بخاتە سەروو بیری تەسکی حزبییەوە، و یەکسانی دەرفەتەکان مسۆگەر بکات، دژایەتی گەندەڵی بکات، و بەشداری دیموکراسی لاوان لە بڕیارداندا فراوانتر بکات.
لەم بۆنەیەدا، بانگەوازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییەکان دەکەین کە بەرپرسیارێتیە مێژووییەکانی خۆیان هەڵگرن، و چاکسازیی ڕاستەقینەی ئابووری و سیاسی دەست پێبکەن، دەرفەتی کار دابین بکەن، پەروەردە و خزمەتگوزارییەکان باشتر بکەن، قەیرانی نیشتەجێبوون چارەسەر بکەن، و ستراتیژییەکی ڕوون بۆ لاوان دابنێن کە بەشداری کارا و کاریگەرییان لە داڕشتنی داهاتوویان مسۆگەر بکات.
هەروەها بانگەوازی ڕێکخراوەکانی لاوان و ، هێزە چەپ وپێشکەوتوخوازوکان دەکەین کە هەوڵەکانیان یەکبخەن و کاری هاوبەش بەهێزتر بکەن لە پێناو کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر، یەکسان و ئازاد.
لە پهنجاوچوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی رێکخراوەکەماندا، پەیمانی خۆمان نوێ دەکەینەوە بۆ بەردەوامبوون لە خەبات لە پێناو ماف و بەرژەوەندییەکانی لاوانی کوردستان،
بژی خەباتی لاوانی کوردستان…
سەرکەوتوو بێت ڕێبازی یەکێتی لاوانی کوردستان…
یەکێتی لاوانی کوردستان
15 ئۆکتۆبەر 2026
