
شێواندنی مێژوو خزمەتت ناکات
مەغدید حاجی
ماستەر لە مێژووی هاوچەرخ
ڕۆژی 27-9-2026 بینەری بەرنامەی(خەرمان)ی تەلەفزیۆنی (گەلی کوردستان) بووم. دیمانەبوو لەگەڵ د.ئەحمەد شەریف، دیتم لە وەڵامی چەند پرسیارێکدا بە ناڕەوا و نا دروستی باس لە مێژووی حزبی شیوعی لە عێراق و کوردستان دەکات. پێشکەشکاری بەرنامەکەش وا دیاربوو بێلایەنانە پرسیاری نەدەکرد، بەڵکو ئەمیش پێی خۆش بوو دژی حزبی شیوعی قسەبکرێت و بە هەندێ پرسیار کاک ئەحمەدی ڕادەکێشا تاکو زیاتر دابەزێتە سەر مێژووی شیوعییەکان و حزبی شیوعی، بۆیە ئێمەش لە ڕوانگەی پسپۆڕی خۆمان، بە پێویستمان زانی وەڵامی د. ئەحمەد شەریف بدەینەوە.
٭ ئەحمەد شەریف کێیە؟
ناوی تەواوی: ئەحمەد شەریف ئیبراهیم قادر لەک.
ساڵی 1942 لە شارەدێی دووبز ــ پارێزگای کەرکوک لەدایک بووە.
لە ساڵی (1976-1977)کۆلێژی یاسای تەواوکردووە.
لە ساڵی 2009 بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری ئەدەب لە زانکۆی کۆیە وەرگرتووە.
لە ساڵی 1957 ئەندامی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بوو، دواتر بۆتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان.
لە شەستەکان (جەلالی) بوو.
لە دوای دەرچوونی بەیاننامەی 11 ی ئاداری 1970 بۆتە ئەندامی پارتی بەسەرۆکایەتی مەلامستەفا بارزانی.
لە هەشتاکان لە سەردەمی ڕژێمی بەعس لە هەولێر، بەڕێوەبەری بانک بوو !.
لە دوای ڕاپەڕین لە 1992 لەسەر لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆتە ئەندام پەرلەمانی کوردستان. دواتر بۆتە جێگری وەزیر...
لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە.
٭ هەر دەڵێی دژایەتی شیوعییەت لەگەڵ خوێنی تێکەڵ بووە!!
ئەوەی جێگای سەرنجە (د. ئەحمەد شەریف)کە باس لە ڕەوتی مێژووی عێراق و باشووری کوردستان دەکات،هەر دەڵێی چێژ لە بە خراپ باسکردنی حزبی شیوعی وەردەگرێت!!
ئەم بەڕێزە، بە ناڕەوا، دوور لە پشت بەستن بە سەرچاوەی ئەکادیمی و لێکۆڵینەوەی مێژوویی، بەڵکو تەنیا بە پشت بەستن بە یادگەی پیربووی و ئارەزووی دژە شیوعییەتی هەوڵ دەدات مێژووی حزبی شیوعی بشێوێنێت.
ئەم بەڕێزە کە خۆی بە سیاسەتمەدارو شارەزا لە مێژوو دادەنێت، دەبوو وەکو ئەکادیمییەک دەم لە مێژوو بدات و شانازی بە دژایەتی کردنی حزبێکی نیشتمانپەروەری چەپی ئاشتی خوازی وەکو حزبی شیوعی نەکات، ئەو حزبەی خاوەنی هەزاران شەهیدە لە ڕێگای خەباتی نیشتمانی و چینایەتیدا.. ئەگەر کاک ئەحمەد ڕەخنە دەگرێت، مافی خۆیەتی، بەڵام با ڕەخنەکانی بونیاد نەربن و دوور بن لە تۆمەتبارکردن و ڕەخنەی بێ بنەما.
+ وەڵام بۆ بەشێک لە بۆچوون و ڕەخنەکانی:
٭ کاک ئەحمەد دەڵێ: دوای 14ی تەمووزی 1958 حزبی شیوعی لە دەشتی هەولێر (ناوی مام ڕەحمان و شێخەشەل دێنێ )! بە هەڕەمەکی بە گوریس زەویان بەسەر جوتیاران دابەش دەکرد،ئاغایان لە گوند دەردەکرد" ..
لە ڕاستیدا کە یاسای ژمارە 30 ساڵی 1958 دەربارەی چاکسازی کشتوکاڵ دەرچوو، هەر زوو لێژنەکان کەوتنە خۆ بۆ جێبەجێکردنی یاساکە کە تێیدا ژمارەیەکی دیاریکراو لە موڵکدارو دەرەبەگەکان زەرەرمەندبوون (1)" ..هتد
واتا یاساکە بە ڕێکو پێکی و لەلایەن لێژنەی تایبەتمەند نەک حزبی شیوعی جێبەجێکراوەو زەوی بەسەر جوتیاران دابەشکراوە،نەک بە هەڕەمەکی . دیارە کاک ئەحمەد زیاتر لە خەمی ئاغاکان بووە،نەک جوتیاران، کە بە درێژایی مێژوو لە لایەن ئاغاو دەرەبەگەکان چەوسێنراونەتەوە؟!
٭ کاک ئەحمەد کە باسی گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی دەکا لە یەکێتی سۆڤیەت، لە دوای شۆڕشی 14 ی تەمووزی 1958، دەڵێ: کە بارزانی هاتەوە شیوعییەکان پێیان خۆش بوو، بەڵام کە دیتیان هەر پارتییە لێی هەڵگەڕانەوە!!
ئەمەشیان لە ڕاستی دوورە، چونکە حزبی شیوعی عێراق باش دەیزانی کە مەلا مستەفا لەوکاتەی لە یەکێتی سۆڤیەتیش بوو، پارتی هەر بە سەرۆکی خۆی دادەنا، دوای بەرپا بوونی شۆڕشی 14ی تەمووزیش (حشع) پێشوازی گەرمی لە گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی کرد. "بۆ پێشوازیکردنی بارزانی لە بەغدا ، لێژنەیەک بە سەرۆکایەتی جەمال حەیدەری و عەبدولڕەحمان عەلائەدین پێکهاتبوو. پارتی کۆمەنیستی عێراق ئەو کاتە ڕۆڵێکی گەورەی لە ئامادەکردن و جۆشدانی جەماوەر گێڕا.. شیوعییەکان ژمارەیەکی زۆری وێنەی بارزانیان لە چاپخانەی (گەل) لە بەغدا چاپکردبوو(2)" .
کاک ئەحمەد دەڵێ: شیوعییەکان دروشمی(ماکو زەعیم ٳلا کریم) یان لە دژی مەلا مستەفا داهێنا! دیارە کاک ئەحمەد ئاگای لە مێژووی ئەوکاتی عێراق نییەو نازانێ ئەم دروشمە لە حوزەیرانی 1956 لە کاتی ئامادەباشی بۆ شۆڕشی تەمووز عەبدولسەلام عارف دایهێنا کە لە یەکێ لە کۆبوونەوەکانی لێژنەی باڵای ئەفسەرە ئازادیخوازەکان هاواری کردو گوتی(ماکو زعیم ٳلا کریم)بەمجۆرە قاسم بۆ سەرۆکایەتی حکومەت و وڵات پاڵێورا، نەک تەنیا بۆ بەڕێوەبردنی دانیشتنەکانی لێژنەی باڵای ئەفسەرە ئازادیخوازەکان(3)" ئەم دروشمە لە هەموو عێراق دەگوترا نەک تەنیا لە کوردستان.
بەگومانم کاک ئەحمەد شەریف وەکو کۆنە جەلالییەک، مەلا مستەفا بارزانی خۆش بوێ، بەڵام بۆ تانەدان لە حزبی شیوعی هەندێ بابەت دەوروژێنێت!. بەداخەوە دیارە تەلەفزیۆنی(گەلی کوردستان)یش دەیەوێ بچێتە پاڵ (ڕوداو) بۆ دیدار سازکردن لەگەڵ نەیارانی شیوعییەت؟!!
٭ لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا، کاک ئەحمەد دێتە سەر هێزی بەرگری میللی (المقاومة الشعبیة) کە لەدوای شۆڕشی 14ی تەمووز بۆ پارێزگاری لە شۆڕش و زەعیم عەبدولکەری قاسم دروستکرا.. پێشکەشکاری بەرنامەی(خەرمان)ی (گەلی کوردستان)، ئاگرەکە بۆ کاک ئەحمەد خۆشدەکات و مقاوەمەی شەعبی دێنێتە ڕێزی حەرەس قەومی و جەیشی شەعبی و ..!! بێ لێکدانەوەو زانینی ئەوەی کە هێزی مقاوەمەی شەعبی بۆ داکۆکی کردن لە شۆڕشێک دروست بوو کە زۆرینەی گەلانی عێراق پێشوازیان لێی کردو هەردوو حزبی شیوعی و پارتیش لە ساڵانی 1958 و 1959 لەتەک مقاوەمەی شەعبی داکۆکیان لە کۆمارو دەستکەوتەکانی و زەعیمەکەی دەکرد.
مقاوەمەی شەعبی لە موسڵ دژی بزووتنەوەی عەبدولوەهاب شەواف وەستا، لە پارێزگای هەولێریش دژی یاخی بوونی برادۆستییەکان بە سەرۆکایەتی شێخ ڕەشیدی لۆلان وەستا. هەردوو ڕووداویش لە ساڵی 1959 ڕوویانداو ئەندام و لایەنگرانی هەردوو حزب(پارتی و شیوعی) لە تەک مقاوەمەی شەعبی لە هەردوو ڕووداودا دژی پیلانگێڕان و یاخی بووەکان وەستان.
وەنەبێ تەنیا شیوعییەکان و مقاوەمەی شەعبی لە دژی نەیارانی شۆڕشی 14ی تەمووز وەستابن، بەڵکو:" گەلی کورد بە ڕێبەرایەتی مستەفا بارزانی ڕۆڵێکی گەورەیان لە دامرکاندنەوەی جوولانەوەی شەوافدا بینی، چەندین چەکداری کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە هاتن ، لە نزیک شاری موسڵ کۆبوونەوەو خۆیان خستە ژێر فەرمانی حکومەت. لەو کاتەدا کە لە بەرژەوەندی گەلانی عێراق بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی دانەبوو حکومەتەکەی قاسم لەناو بچێت(4)".
٭ حزبی شیوعی عێراق و ڕووداوەکانی کەرکوک تەمووزی 1959:
کاک ئەحمەد شەریف بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەو بەڵگەنامەو یادەوەری ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگاداری ڕووداوەکانی کەرکوک بوون،بێ ئەوەی لە هۆکارەکان و بارودۆخی ئەوکات (تەمووزی 1959)بکۆڵێتەوە، تەنیا لە ڕوانگەی ڕق ئەستووری بەرانبەر بە حزبی شیوعی عێراق، لەم دیدارەدا بێ یەک و دوو دەڵێ "مەزبەحەی کەرکوک حزبی شیوعی کردی"!!
ڕاستە هەروەکو (حەننا بەتاتۆ) یش نووسیویەتی: " هیچ شتێک وەکو ڕووداوەکانی کەرکوک(14 تاکو16 تەمووزی 1959 )ئازاری بە شیوعییەکان نەگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا دڵنیا بووینەتەوە کە ئەم ڕووداوانە لە لایەن ڕابەرانی حزبی شیوعی پلانی بۆ دانەنراوەو ئەوانیش ڕێگایان بە ئەنجامدانی نەداوە(5)"
سیاسەتمەدارو نووسەری شەهید (عەبدولستار تاهیر شەریف) لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا، باسی لە ڕووداوەکانی کەرکوک کردووەو دەڵێ:" بە قەناعەتی من حزبی شیوعی وەک حزب دەستی نەبوو لە ئەنجامدانی ڕووداوەکە، بۆ نموونە کاتێ کە گیرابووم و لە گرتووخانەی بەغدا بووم، ڕۆژێکیان شێخ حوسێن شێخ عەبدولکەریمی بەرزنجی کە ئەندامێکی پێشکەوتووی حزبی شیوعی بوو وتی: شێخ ستار پرسیارێ لە نوری سەید وەلی دەکەم ببە بە شایەد بۆ تاریخ، لەوانەیە من سبەی ئیعدام بکرێم و نوریش بەرەڵلا بکرێ، وتی: نوری من و عەلی عەسکەری بە ناوی لیژنەی ئاشتییەوە ، بە ناوی شیوعی و پارتییەوە پێتمان نەوت واز لەم کردەوەیە بێنە و بگەڕێوە ماڵەوە، چیت پێمان وت،نوری لە وەڵامدا لەبەردەم من وتی: وتم شێخ حوسێن زۆر ئیلحاح بکەی تۆش ڕادەکێشین و دیارە ئێوەش لەگەڵ موئامەرەکەن..
ئەم قسەیەی شێخ حوسێن لە دەرەوەی بەندیخانە لە ساڵی 1969 لە عەلی عەسکەریم پرسی، وتی شێخ حوسێن ڕاستی کردووە. ئەو کەسانەی خەریکی کوشتن و تاڵان و ڕاکێشان بوون بە قسەی کەسیان ناکردو کۆمەڵێ خەڵکی فەوزەوی بوون(6)".
پ.د عەبدولفەتاح بۆتانیش لە نامەی دکتۆراکەیدا،کە وەکو کتێب بە ناونیشانی:(العراق دراسة في التطورات الساسیة الداخلیة ۱٤ تموز ۱۹٥۸ ــ ۸ شباط ۱۹٦۳)چاپکراوە، بە وردی لە ڕووداوەکانی کەرکووکی کۆڵیوەتەوەو چەندین لاپەڕەی کتێبەکەی بۆ تەرخانکردووە. ڕاستە سەرچاوەیەکی ئەکادیمی بەنرخە، بەڵام بەشێک لەو سەرچاوانەی توێژەر پشتی پێبەستوون سەرچاوەی دژ بە حزبی شیوعین و زیاتر بەلای تاوانبارکردنی شیوعییەکاندا دەچن، لەگەڵ ئەمەشدا توێژەر گەیشتۆتە ئەو ڕاستییەی کە " ڕێککەوتنێک نییە لەسەر ئەوەی کێ دەستپێشخەربوو بۆ پشێوی نانەوەو کێ یەکەمجار تەقەی کرد. ڕاپۆرتەکانی (جاسم محمد السعودي) بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوک، لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی(نوري الخیاط)بەڕێوەبەری ئەمنی کەرکوک یەکناگرنەوە..دەلیلێکی یاساییش نییە ئەوە بسەلمێنی کە فەرمان لە مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی یان لە لیژنەی محەلی حزب لە کەرکوک دەرچووبێت بۆ ئەنجامدانی ئەم مەزبەحەیە (7) " .
مستەفا عەسکەری(1934- 2018 ) کەسایەتی ناوداری کەرکوک و دەوروبەری، لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا (12) لاپەڕەی بۆ ڕووداوەکانی کەرکوک تەخانکردووە، لەمبارەیەوە نووسیویەتی و دەڵێ:" بە بڕوای من کە لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی شارەکەو خەڵکەکە بووم هیچ لایەنێکی نیشتمانپەروەر وەک حزبی شیوعی ، پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێکخراوەکان ، تەنانەت پیاوماقولانی شارو کەسێتیە پێشکەوتوو خوازەکان لەم مەسەلەیەدا تاوانبار نەبوون، ڕاستییەکەی ئەم کارەساتە لە ئەنجامی پیلانێکی کۆمپانیای نەوت و ژمارەیەک لە توندڕەوەکانی تورکمان(تۆرانییەکان)و ئەفسەرە بەعسی و شۆڤینییەکانی عەرەب و کەسانی دژ بە شۆڕشی تەمووز و عەبدولکەریم قاسم داڕێژراو بەرپاکرا. ئەڵێم ژمارەیەک لە توند ڕەوەکانی تورکمان ، چونکە تورکمانەکان بە گشتی پیاوی باش بوون و بەشداری خراپەکاریان نەکردو ژمارەیەکیشیان لەو کارەساتەدا بوون بە قوربانی(8)".
لە کۆتاییدا دەڵێم نابێ خوێندنەوەی مێژوو لەسەر بنەمای سۆزو قین و ئارەزوو و بڕیاری پێشوەختەو قسەفڕێدان بێت،بەڵکو پێویستە لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی و بەڵگەو سەرچاوەی زانستی و بیرەوەری کەسانی ئاگادارو ڕاستگۆ بێت.
٭ پەراوێزو سەرچاوە:
(1) د. شوان محەمەد ئەمین خۆشناو، هەولێر لە نێوان ساڵانی (1958-1963) لێکۆلینەوەیەکە لە بارودۆخی سیاسی، چاپخانەی ڕۆژهەڵات،هەولێر 2012، ل 124
(2) د. ڕەفیق ڕەحمان مام خول، مستەفا بارزانی ژیان و ڕۆڵ و هەڵوێستی لە پێشهاتە سیاسییەکاندا 1958-1975، چاپخانەی شەهاب، هەولێر 2012، ل62
(3) ٲ.د. عبدالفتاح علي البوتاني،العراق دراسة في التطورات السیاسیة الداخلیة 14تموز1958 ــ 8شباط 1963 دار الزمان للطباعة والنشر، دمشق ــ 2008 ص98
(4)د. ڕفیق رحمان مام خول ، سەرچاوەی پێشو،ل 80 ؛ هەروەها بڕوانە: زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیی،بیرەوەرییەکانم..، چاپخانەی ڕەهەند سلێمانی،2007،ل 263
(5) حنا بطاطو،العراق الكتاب الثالث الشیوعیون والبعثیون و الضباط الاحرار، ترجمة عفیف الرزاز،مٶسسة الابحاث العربیة ، الطبعة الاولی بیروت 1992، ص223
(6)د. عەبدولستار تاهیر شەریف، ململانێ لەگەڵ ژیاندا 1935- 1971 ، بەرگی یەکەم،چاپی دووەم کەرکوک 2008، ل56 - 57
(7) ٲ.د.عبدالفتاح علي البوتاني، سەرچاوەی پێشوو،ل 225-226
(8) مستەفا عەسکەری، بیرەوەرییەکانم،چاپخانەی ڕۆشنبیری هەولێر 2011،ل 81
