ئا، ئەوین حەكیم پوور 


پەرلەمان ٤ ساڵە پەكی كەوتووە، كابینەی حكومەت بە كاربەڕێكەر ماوەتەوە، دەستوور نییە و هێزە چەكدارەكان لە نێوان دوو ئیدارەی كرداری دابەشبوون
ڕێك دوو ساڵ دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، قەوارەی هەرێمی كوردستان لە یەكێك لە مەترسیدارترین قۆناغە مێژوویی و دەستوورییەكانی خۆیدایە؛ قۆناغێك كە تێیدا شەرعییەتی دامەزراوەكان لێكترازاوە، بەستەڵەكی سیاسی دەزگاكانی یاسادانان و چاودێریی ئیفلیج كردووە و قەوارەكە لە لاوازترین قۆناغەكانیەتی . 
ئەم هۆشدارییە توندە لە نوێترین و پێنجەمین ڕاپۆرتی چاودێریی «دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان»دا هاتووە، كە لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاودێریی پەرلەمان و بە پاڵپشتیی سندوقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی (NED)ی ئەمەریكی بڵاوكراوەتەوە. ڕاپۆرتەكە بە وردی پەنجە دەخاتە سەر "قەیرانی ڕەوایەتی، نەبوونی دەستوور، دووبەرەكیی هێزەكان و مەترسییەكانی داهاتوو"، و جەخت دەكاتەوە كە ئەم دۆخە تەنها كێشەیەكی كارگێڕیی كاتی نییە، بەڵكو قەیرانێكی ستراتیژییە كە هەڕەشە لە بوونی فیدراڵیی هەرێم دەكات.
دامەزراوەكان لە چەقبەستووییدا؛ دەنگدان بەبێ فەرمانڕەوایی
بەپێی داتاكانی ڕاپۆرتەكەی دامەزراوەی پەی، سیستەمی حكومڕانیی هەرێم دوای زیاتر لە سێ دەیە (٣٤ ساڵ) لە دامەزراندنی پەرلەمان، بە كرداری تووشی ئیفلیجی بووە:
پەرلەمانی كوردستان: ماوەی چوار ساڵە لەكار كەوتووە. دوای ئەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەم لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بە نادەستووری دانرا، هەڵبژاردنی خولی شەشەم دوای دوو ساڵ دواكەوتن لە ٢٠ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو. كەچی سەرەڕای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران لە ٢ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٤، ماوەی دوو ساڵە پەرلەمان دەستەی سەرۆكایەتی و لیژنەكانی پێكنەهێناوە و تەنانەت یەك دانیشتنی یاسادانان و چاودێریشی ئەنجام نەداوە.
حكومەتی هەرێم: كابینەی نۆیەم، كە لە تەممووزی ٢٠١٩ دەستبەكار بووە، نزیكەی چوار ساڵە وەك حكومەتێكی "كاربەڕێكەر" بەردەوامە. دەسەڵاتەكانی لە دۆخی ناڕوونیدان، بێ ئەوەی لەبەردەم هیچ دەزگایەكی چاودێریدا بەرپرسیار بێت، لە كاتێكدا بەردەوامە لە بڕیاردانی ستراتیژی و بەستنی گرێبەستە درێژخایەنەكان.
ئەنجومەنی پارێزگاكان: زیاتر لە ١٢ ساڵ و شەش مانگە (لە ٣٠ی نیسانی ٢٠١٤ەوە) هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان نەكراوە. پاش هەڵوەشاندنەوەی یاساییان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، پارێزگاكانی هەرێم لە نوێنەرایەتیی هەڵبژێردراوی خۆجێیی بێبەشن و ناوەندگەرێتییەكی توند بەسەر ئیدارەكاندا سەپێنراوە.
ڕاپۆرتەكە بە بەراوردكارییەكی دەستووری دەست پێ دەكات: لە كاتێكدا سەركردایەتیی سیاسیی كورد لە بەغدا داوای جێبەجێكردنی دەستووری فیدراڵی، ماددەی ١٤٠ و مافە فیدراڵییەكان دەكات، بۆ نزیكەی ٢١ ساڵە (لە دوای پەسەندكردنی دەستووری عێراق لە ٢٠٠٥) ماددەی (١٢٠)ی دەستووری پشتگوێ خستووە، كە دەڵێت دەبێت هەرێم دەستووری خۆی هەبێت.
لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە كێشەی نەبوونی دەستوور نەبوونی پسپۆڕ یان دەقی یاسایی نییە، بەڵكو نەبوونی "ئیرادەی سیاسی" و ترسی حیزبەكانە لە ملكەچبوون بۆ یاسا و دیاریكردنی سنووری دەسەڵاتەكانیان. ئەم بۆشاییە دەستوورییە وایكردووە:
سیستەمی سیاسی لە نێوان پەرلەمانی و سەرۆكایەتیدا بە نادیاری بمێنێتەوە.
دادگای دەستووریی هەرێم دروست نەبێت بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان، كە وایكردووە هەرێم هەمیشە چاوی لە دەستی دادگای باڵای فیدراڵی لە بەغدا بێت.
تەوافوق و ڕێككەوتنی ژوورە تاریكەكانی حیزب جێگەی سەروەریی یاسا بگرێتەوە.
هێزی چەكدار و ئەمنی؛ "دوو دەسەڵات لە ناو یەك قەوارەدا"
یەكێك لە تەوەرە سەرەكی و توندەكانی ڕاپۆرتەكەی پەی، پرسی دابەشبوونی هێزە چەكدار و هەواڵگرییەكانە. ڕاپۆرتەكە ڕایدەگەیەنێت كە دوای زیاتر لە سێ دەیە، هەرێمی كوردستان هێشتا خاوەنی دوو سوپای حیزبی، دوو دەزگای ئاسایش و دوو تۆڕی هەواڵگرییە لە چوارچێوەی دابەشكاریی جوگرافی و سیاسیی (زۆنی سەوز و زۆنی زەرد).
سەرەڕای ڕاگەیاندنی فەرمیی دەستبەكاربوونی فەرماندەیی دەڤەری یەك و دوو لە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ و یەكخستنەوەی رواڵەتی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام ڕاپۆرتەكە جەخت دەكاتەوە كە "یەكخستنەوەی كارگێڕیی سەر كاغەز جیاوازە لە یەكخستنەوەی ڕاستەقینەی فەرماندەیی". تێیدا هاتووە كە یەكەكانی ٧٠ و ٨٠، زێرەڤانی، هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن، و دژەتیرۆر، هاوشانی دوو ئاسایشی ناوچەیی و دوو دەزگای هەواڵگری (پاراستن و زانیاری)، لە كرداردا هێشتا فەرمان لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی حیزبەكان وەردەگرن.

ڕاپۆرتەكە وتارەكەی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٦ی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم، بە بیر دەهێنێتەوە كە تێیدا بە ڕاشكاوی ڕەخنەی لە نەبوونی ئیرادەی سیاسی بۆ یەكخستنەوەی پێشمەرگە گرت و هۆشداری دا كە ئەم دۆخە هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بێهیوا كردووە و ناوبانگی هەرێمی لەكەدار كردووە.
پەككەوتنی چاودێری و دادوەری و كۆمەڵگەی مەدەنی
ڕاپۆرتەكە تیشك دەخاتە سەر ئەوەی كە پەككەوتنی پەرلەمان بووەتە هۆی بەسەرچوونی ماوەی یاسایی چوار دەستە سەربەخۆ باڵاكە:
دەستەی دەسپاكی: ماوەی سەرۆكەكەی لە ئایاری ٢٠١٧وە تەواو بووە.
دیوانی چاودێریی دارایی: لە ئایاری ٢٠٢٣وە بەبێ سەرۆكی ڕەسەن و یاسایی بەڕێوە دەبرێت.
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی: ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كانوونی یەكەمی ٢٠١٩وە وادەی بەسەرچووە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: ماوەی چوار ساڵەی سەرۆكەكەی لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ كۆتایی هاتووە.
هاوكات، ڕەخنە لە درێژكردنەوەی نایاسایی ماوەی پۆستە باڵاكانی دەسەڵاتی دادوەری دەگیرێت (لەوانە فەرمانی ئایاری ٢٠٢٦ی ئەنجومەنی دادوەری بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی خزمەتی سەرۆكی دادوەری)، و زۆربەی سەندیكا و یەكێتییە پیشەییەكانیش بەهۆی نەبەستنی كۆنگرە لە دۆخی لەدەستدانی شەرعییەتدان.
سیناریۆكانی داهاتوو؛ لە "قەوارەی فیدراڵی"یەوە بۆ "بەڕێوەبەرایەتییەكی وابەستە"
دامەزراوەی پەی هۆشداری دەدات كە مەترسیی سەرەكی بۆ سەر هەرێم، سڕینەوەی كتوپڕ یان لەناوبردنی سەربازی نییە لەلایەن دەرەكییەوە، بەڵكو بریتییە لە "هەڵوەشاندنەوەی كرداری" (الانهیار الفعلی)؛ بەو مانایەی ناوی هەرێم، پەرلەمان، وەزارەت و ئاڵاكەی لە دەستوور و سەر نەخشەدا بمێننەوە، بەڵام سەرجەم ناوەڕۆكە سیاسی، دارایی، یاسایی و ئەمنییەكەی بەتاڵ ببێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەكە، مەترسییەكان لەم چەند خاڵەدا چڕ دەبنەوە:
دەستەمۆبوونی دارایی بۆ بەغدا: كۆنترۆڵكردنی نەوت و گومرگ و داهات لەلایەن ناوەندەوە و گۆڕانی پێگەی هەرێم لە "هاوبەشی فیدراڵی"یەوە بۆ تەنها "داواكاری مووچە".
پەراوێزكەوتنی نێودەوڵەتی: بەتایبەت دوای كۆتاییهاتنی ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانان لە هەرێم و عێراق (لە كۆتایی ئەیلوولی ٢٠٢٦) و دروستبوونی دۆخێكی نوێی هەرێمایەتی.
دووبارەبوونەوەی سیناریۆی سوریا: كاتێك هاوپەیمانە دەرەكییەكان لە كاتی گۆڕانی هاوسەنگییەكاندا پەنا بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی دەبەن، هاوشێوەی ئەوەی لە سەرەتای ٢٠٢٦ لەگەڵ كورد لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕوویدا.
بێئومێدی و كۆچی بەلێشاوی گەنجان: لەدەستدانی متمانەی نەوەی نوێ بە پڕۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردن، و بەتاڵبوونی هەرێم لە سەرمایەی مرۆیی.
نەخشەڕێگای فریاكەوتن؛ پەی داوای چی دەكات؟
بۆ دەربازبوون لەم لێوارە، دامەزراوەی پەی نەخشەڕێگایەكی كرداری لە سێ قۆناغدا دەخاتە ڕوو:
قۆناغی یەكەم (لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا):
بانگهێشتی دەستبەجێی پەرلەمان، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی و پێكهێنانی لیژنە هەمیشەییەكان؛ ئاشكراكردنی دۆخی دارایی و مووچە، و سنوورداركردنی دەسەڵاتەكانی حكومەتی كاربەڕێكەر بە فەرمی.
قۆناغی دووەم (٦٠ تا ٩٠ ڕۆژ):
پێكهێنانی كابینەی نوێ لەسەر بنەمای بەرنامەی حكومڕانی نەك پشكپشكێنە؛ دیاریكردنی بەرواری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، و یەكخستنی تەواوی ژمێریاریی داهات و خەزێنە.
قۆناغی سێیەم (٦ تا ١٢ مانگ):
تەواوكردنی ڕەشنووسی دەستووری هەرێم و خستنەڕووی بۆ ڕاپرسیی گشتی؛ هەڵوەشاندنەوەی یەكجاریی یەكەكانی ٧٠ و ٨٠ و چەسپاندنی یەك فەرماندەیی نیشتمانی بۆ پێشمەرگە، ئاسایش و هەواڵگری؛ و دەركردنی یاسای قەدەغەكردنی خاوەندارێتیی چەك لەلایەن حیزبەكانەوە.
"دوو ساڵ چاوەڕوانی بەسە؛ هەرێم غەنیمەتی حیزب نییە"
لە پەیامێكی بەپەلەدا كە هاوپێچی ڕاپۆرتەكەیە، دامەزراوەی پەی بە توندی هۆشداری دەدات كە "دەنگی هاوڵاتی بارمتەی ڕێككەوتنی ژێربەژێری حیزبی نییە".
ڕاپۆرتەكە بەم پەیامە كۆتایی دێت:
"هەرێمی كوردستان بەرهەمی بەخشینی هیچ حكومەتێك نییە و غەنیمەتی هیچ حیزب و بنەماڵەیەكیش نییە، بەڵكو ئەمانەتێكی مێژووییە كە بە خوێنی هەزاران شەهید، ئەنفال و كیمیاباران بەدەستهاتووە. پاراستنی ئەم قەوارەیە بە دروشم ناكرێت؛ یەك قەوارە ناتوانێت بە دوو سوپا بپارێزرێت، یەك حكومەت ناتوانێت بە دوو ئاسایش حوكم بكات و یەك یاسا ناتوانێت بە دوو زنجیرەی فەرماندەیی سەروەر بێت. كاتی عینادی حیزبی و دەستشكاندنەوە بەسەرچووە؛ دەبێت دامەزراوەكان بگەڕێندرێنەوە بۆ دەستی خەڵك پێش ئەوەی دەروازەی چاكسازی بۆ هەمیشە دابخرێت."


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا