
ئەمڕۆ هەینی، ١٨ی ئەیلولی ٢٠٢٦، تەرمی هاورێ «كەمال شاكر»، سەركردە و كەسایەتیی نیشتمانپەروەر و سكرتێری پێشووتری حیزبی شیووعی كوردستان، لە گۆڕستانی كەسنەزان لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی بنەماڵە و كەسوكاری، سەركردە و ئەندامانی حیزبی شیوعی كوردستان و عێراق، پێشمەرگەكانی حیزب، نوێنەرانی حیزبەكانی هەرچوارپارچەی كوردستان و نوێنەری سەرۆكی حكومەت و هەرێم و ژمارەیەك لە كەسایەتییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان بە خاك سپێردرا .
تەرمی هاوڕێ كەمال شاكر سەرەتا لە پزیشكی داد لە هەولێرەوە گواسترایەوە بۆ ماڵی خۆی و دواتر بۆ بارەگای مەكتەبی سیاسی حیزبی شیووعی كوردستان. بە ڕێز و شكۆە پێشوازی لە تەرمەكەی كرا.
دواتر تەرمەكەی بەرەو گۆڕستانی كەسنەزان بەرێخراو لە ڕێوڕەسمێكی شایستەدا، بە ئامادەبوونی بنەماڵە و كەس و كاری هاوڕێ كەمال، جێگرانی هەردووحیزبی شیوعی كوردستان و عێراق و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندی و نوێنەرانی لاینە سیاسیەكان و حكومەت و پارێزگای هەولێر و كەسایەتییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان، تەرمەكە بە خاك سپێردرا.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەكەدا، هاوڕێ سەلام عومەر بەخێرهاتنی میوانانی كرد و چەند وتەیەكی لەسەر ژیان و كەسایەتیی دكتۆر كەمال شاكر پێشكەش كرد.
پاشان لەلایەن هاوڕێ هیوا عومەر، جێگری سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیووعی كوردستان، پەیامی مەكتەبی سیاسیی حیزب خوێندرایەوە. لە پەیامەكەدا باس لە ڕۆڵ و بەشدارییەكانی هاوڕێ كەمال شاكر لە خەبات و تێكۆشانی چینایەتی، سیاسی، نەتەوەیی، مەدەنی و كۆمەڵایەتی و دیموكراتی كرا.
هیوا عومەر لە وتارەكەیدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە كەمال شاكر سەركردەیەكی دیاری بزووتنەوەی چەپ، سۆسیالیستی و دیموكراتی عێراق و كوردستان بووە و زیاتر لە نیوە سەدە لە مەیدانی خەبات و تێكۆشاندا بەردەوام بووە.
لە بەشێكی تری ڕێوڕەسمەكەدا وتاری هاورێ ئەبو ڕافد، جێگری سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی عێراق وتاری كۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی عێراقی خوێندرایەوە.
هەروەها پەیامی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەلایەن پشتێوان سادق وەزیری ئاوقاف و كاروباری ئاینی خوێندرایەوە. پەیامی پرسە و سەرەخۆشی بەفل تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، لەلایەن رێباز بێركۆتی، ئەندامی سەركردایەتیی ئەو حیزبە، پێشكەش كراوهاورێ سان كەماڵ وتاری بنەماڵەی هاورێ كەماڵ شاكری خوێندەوە.
هەروەها لە ڕێوڕەسمەكەدا پەیام و بروسكەكانی سەرۆككۆماری عێراق و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حیزبەكانی هەرچوارپارچەی كوردستان خوێندرایەوە.
لە كۆتاییدا، بە دانانی تاجی گوڵینەی ڕێز و وەفا لەسەر گۆڕی هاورێ كەمال شاكر، لەلایەن بەشداربووان، لاینە سیاسی و حكومییەكان و ئەندامان و مەكتەبی سیاسی هەردوو حیزبی شیوعی عێراق و كوردستان دانرا و یاد و ڕێزی ئەو سەركردە و تێكۆشەرە سیاسی و نیشتمانییە بەرز ڕاگیرا و ڕێوڕەسمەكە كۆتایی پێهات.
هاورێ كەمال شاكر، سەر لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٦، لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد، بریارە بەیانی رۆژی شەمە پرسەكەی لەشاری هەولێر لە مزگەوتی جەلیل خەیات بەرێوەبچێت .






















