هەولێر -١٨ی ئەیلولی ٢٠٢٦


لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی و بەخاکسپاردنی د. کەمال شاکر، سکرتێری پێشووتری حیزبی شیوعیی کوردستان، مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە وتارێکی بڵاوکردەوە و تێیدا وێڕای بەرزنرخاندنی خەباتی ئەو سەرکردەیە، هەڵوێستی حیزبەکەی لەسەر پرسە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق خستە ڕوو. 
وتارەکە لەلایەن هیوا عومەر، جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعیی کوردستانەوە خوێندرایەوە. لە سەرەتای پەیامەکەدا، د. کەمال شاکر وەک سەرکردەیەکی دیاری بزووتنەوەی چەپ و دیموکراتی وەسف کرا، کە دوای زیاتر لە نیو سەدە خەبات و بەسەربردنی ١٤ ساڵ لە زیندانەکانی ڕژێمی بەعس، وەک هێمایەکی مرۆڤدۆستی و ئیرادەی بەهێز بۆ نوێبوونەوە ماڵئاوایی لە خەڵکی کوردستان کرد.
لە بەشێکی تری وتارەکەدا، حیزبی شیوعی تیشکی خستە سەر هەلومەرجی ئاڵۆزی سیاسیی ئێستا و ڕایگەیاند؛ پاراستنی قەوارەی هەرێم پێویستی بە گۆڕانکاری و چاکسازیی ڕیشەیی هەیە لە سیستەمی حوکمڕانیدا. هەروەها جەخت لە دابینکردنی ماف و مووچەی هاووڵاتییان، گەڕانەوە بۆ ئیرادەی گەل و نەهێشتنی قۆرخکاریی ئابووری و سیاسی کرایەوە. لەسەر ئاستی عێراقیش، مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی داوای تێپەڕاندنی قەیرانەکانی کرد لە ڕێگەی پابەندبوون بە دەستوور، بونیادنانی دەوڵەتێکی مەدەنی و وازهێنان لە پشکپشکێنەی حیزبی و عەقڵیەتی ناوەندێتی. هاوکات چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەولێر و بەغدا و ناوچە دابڕاوەکانی بە بنەمایەکی سەرەکی بۆ سەقامگیریی وڵات دانا. لە کۆتایی پەیامەکەدا، حیزبی شیوعیی کوردستان پەیمانی دا درێژە بە خەباتی چینایەتی و نیشتمانیی شەهیدان و د. کەمال شاکر بدات، لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد، دیموکراسی، سۆسیالیزم و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا.
ــــــــــــــــ
تەواوی دەقی وتارەکە:
وتاری مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی د. کەمال شاکر
ــ ئامادەبووانی بەڕێز...
ــ بنەماڵەی تێکۆشەری هاوڕێ کەمال شاکر...
ــ نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکان و ناوەندە فەرمییەکان...
ــ هاوڕێیان و ئەندامانی حیزب...
ئەمڕۆ بە خەمێکی قووڵەوە، ماڵئاوایی لە سەرکردەیەکی دیاری بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستی و دیموکراتیی عێراق و کوردستان دەکەین. هاوڕێ کەمال شاکر، سکرتێری پێشووتری حیزبی شیوعیی کوردستان، دوای زیاتر لە نیو سەدە لە تێکۆشانی سیاسی و شۆڕشگێڕیدا، جەستەی لە خاکی نیشتمانەکەیدا ئارام دەگرێت؛ ئەو نیشتمانەی لە پێناویدا چواردە ساڵی تەمەنی لە ژوورە تاریکەکانی زینداندا و لە بەرەنگاریی جەللادەکاندا بەڕێ کرد.
ئەو کەسایەتییەکی سیاسیی خاوەن ئەزموون بوو، دەستکاریی ژیان فێری زۆر شتی کردبوو، بەشێک بوو لەو ڕۆڵانەی حیزبی شیوعی پێشکەشی گەل و نیشتمانەکەی کرد، لە ڕیزەکانی حیزب وەک سەدان و هەزاران تێکۆشەری تر بە وانەکانی مرۆڤدۆستی و یەکسانیخوازی و بەرەنگاری جۆش درابوو.
لە قۆناغەکانی خەباتی نهێنی و چەکداری و دواتریش لە قۆناغی خەباتی پەرلەمانی و مەدەنیدا، ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕا. مێژووی چواردە ساڵ زیندانیکردنی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە و دواتر بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا لە دەرەوەی وڵات، سەلمێنەری ئیرادەی بەهێزی ئەم سەرکردەیە بوو بۆ نوێبوونەوە و بڕوابوون بە هزری زانستی و دۆزینەوەی دەرچەی نوێ لە پێناو گەلەکەیدا.
هاوڕێ کەمال، وەک گیۆتە، هەمیشە داری ژیانی بە سەوزی دەبینی و تیۆریش بە خۆڵەمێشی؛ هەر ئەوەش وای کرد هەمیشە بە گەنجی بمێنێتەوە، سەرەڕای سەختیی ئەو بارەی لە ژیاندا هەڵیگرتبوو.
هاوڕێیان و ئامادەبووان...
کۆچی دوایی ئەم سەرکردەیە لە هەلومەرجێکی سیاسیی ئاڵۆزدایە.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، پاراستنی قەوارەی هەرێم و دامەزراوە دەستوورییەکانی، لە ڕێگەی گۆڕانکاری و چاکسازییەکی ڕیشەیی لە سیستەمی حوکمڕانی، دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران، دابینکردنی کاری شیاو و بنەماکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، کۆتاییهێنان بە پەکخستنی پەرلەمان و دامەزراوەکان، گەڕانەوە بۆ ئیرادەی هاووڵاتییان و نەهێشتنی قۆرخکاریی ئابووری و سیاسی دەبێت.
نابێت چیتر ڕێگە بدەین پەیداکردنی پارووە نانێک لەسەر حیسابی فرۆشتنی ئیرادە و کەرامەتی سیاسی و شکۆی مرۆڤ بێت لە هەرێمەکەماندا. 
هاوکات لەسەر ئاستی عێراق، تێپەڕاندنی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان، پێویستی بە پابەندبوونە بە بنەماکانی دەستوور، دوورکەوتنەوە لە عەقڵیەتی ناوەندێتی و بونیادنانی دەوڵەتێکی مەدەنیی دیموکرات، دوور لە هزری تایفەگەری و پشکپشکێنەی حیزبی.
دووپاتی دەکەینەوە، چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەت ناوچە دابڕاوەکان و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ سەقامگیریی وڵات؛ ئەمەش ئەرکی سەرشانی سەرجەم هێزە سیاسییەکانە بە یەکڕیزی و لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی نیشتمانیدا ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەکان ببنەوە. 
هاوکات پێشهاتە تازەکان لەبارەی دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە پارچەکانی تر، پرسێکی ترە و پێویستی بە کۆکردنەوەی هێز و تواناکانی هەموو لایەک هەیە دژ بە عەقڵیەتی ناوەندێتی و شۆڤێنییەتی نەتەوەیی و مەزهەبی.
وەک مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان، لەم بۆنە خەمناکەدا جەخت لەسەر درێژەدان بە گرێدانی تێکۆشانی چینایەتی و نیشتمانی دەکەینەوە، کە هاوڕێ کەمال شاکر و تەواوی سەرکردە و شەهیدانی حیزبەکەمان کاریان بۆ کردووە. 
خەبات لەپێناو مافە ڕەواکانی گەلەکەمان، دیموکراسی، سۆسیالیزم و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، هێڵە گشتییەکانی تێکۆشانمانە. 
هاوڕێ کەمال شاکر، ڕۆحت شاد بێت؛ ئەو ڕۆحەی بەرجەستەبوونی ڕاستەقینەی ڕۆحی شاخەکانی کوردستان بوو. 
پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری، خەڵکی کوردستان و عێراق و تەواوی ئەندامانی حیزب دەکەین.
ڕێز و شکۆ بۆ تێکۆشانی هاوڕێ کەمال شاکر و سەرجەم تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاریخوازی، دادپەروەری، مافی بڕیاردانی چارەنووس و سۆسیالیزم. 
مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان
۱۷ـی ئەیلولی ۲۰۲٦


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا