
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعیی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا ڕایگەیاند کە دوای دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردندا، پەکخستنی پەرلەمان و درێژەکێشانی حکوومەتی کاربەڕێکەر نیشانەی قەیرانێکی گشتگیرن. لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعیی کوردستان، جەختیی کردەوە کە قەیرانەکان هەرگیز بە دابەشکردنی «کێکی دەسەڵات» چارەسەر نابن، هاوکات ڕەخنەی توندی لە سیاسەتی ئابووریی هەولێر و بەغدا گرت کە بارگرانیی لەسەر هاووڵاتییان دروست کردووە.
لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکە، حیزبی شیوعیی داوای کرد حکوومەت سووتەمەنیی زستانە بە نرخی پاڵپشتیکراو دابین بکات و قەرزەکانی مووچە لەگەڵ کرێی کارەبادا ئەژمار بکات. هەروەها دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان و گەڕانەوە بۆ دەنگی هاووڵاتییانی بە چارەسەر زانی. لە کۆتاییشدا، دووپات کردەوە کە سەقامگیریی ناوچەکە بەدی نایەت تا پرسی کورد چارەسەر نەبێت.
ئەمەش دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە
ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعیی کوردستان
ئەمڕۆ ١٧ی ١٠ی ٢٠٢٦، کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعیی کوردستان بە وەستانی چەند ساتێک بۆ کۆچی دواییی هاوڕێ کەمال شاکر، سکرتێری پێشووتری حیزبی شیوعیی کوردستان و تەواوی شەهیدانی حیزب و گەل و ڕێگای ئازادی، کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی گرێ دا.
کۆمیتەی ناوەندی هەڵوێستی خۆی لەبارەی چەند پرسێکی هەنووکەیی بەم شێوەیە خستە ڕوو:
بارودۆخی ناوخۆی کوردستان و قەیرانی حوکمڕانی:
لە کاتێکدا خەریکە دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت، بەڵام پەکخستنی پەرلەمان و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکان بەردەوامە. درێژەکێشانی تەمەنی حوکوومەتی کاربەڕێکەر و نەگەڕانەوە بۆ رای خەڵک و شەرعییەتی میللی و دەستووری، ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی گشتگیرە و دانەبڕاوە لە شوناسی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری وەک دەسەڵاتێکی مشەخۆری سەرمایەداریی پاشکۆ.
هاوکات بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار لەلایەن حوکوومەتی عێراقەوە هەوڵی پینەکردنی قەیرانەکانی حوکمڕانییە لەسەر شانی هاووڵاتییان.
ئەرکی حوکوومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستانە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ پاراستنی هەژاران و پەراوێزخراوەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکان؛ هاوکات لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا بە نرخی پاڵپشتیکراو سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییان دابین بکات و ڕێگری بکات لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و نەوت لەلایەن کۆمپانیا حیزبییەکانەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی باج و سەرانەی زیاتر لە هاووڵاتییان. بەتایبەت وەرگرتنەوەی قەرزی کارەبا بە شێوەی زۆرەملێ کاریگەریی خراپی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست کردووە لە کاتێکدا حوکوومەتی هەرێم دەیان ملیار دیناری مووچەی هاووڵاتییانی قەرزارە و پێویستە بە بەرنامەیەکی ڕوون مووچەی هاووڵاتییان بگێڕێتەوە یان لە بەرامبەر کرێی کارەبا ئەژماری بکات.
کۆمیتەی ناوەندی پێی وابوو قەیرانەکانی حوکمڕانی لە مێژوودا ڕەنگی داوەتەوە لە:
* بەکارهێنانی حوکوومەت بۆ دەوڵەمەندبوونی ناوەندێکی مشەخۆر لەسەر حیسابی داراییی گشتی.
* نەمانی ڕۆڵی هاووڵاتییان لە بەڕێوەبردن و بەشداریی سیاسی.
* هەڵکشانی جیاوازییە چینایەتییەکان و بڵاوبوونەوەی بێکاری و خراپتربوونی ژینگەی کار.
* بەتایبەتکردن و بەبازرگانیکردنی کەرتی تەندروستی، پەروەردە و فێرکردن، کارەبا و خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
* پەکخستنی دامەزراوەکان، بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، و بەرزبوونەوەی فشاری زیاتر لەسەر هاووڵاتییانی ناوچە دابڕاوەکان.
جەخت دەکەینەوە، ئەم کێشانە بە رێککەوتنی چەند لایەنێکی سیاسی لەسەر «کێکی دەسەڵات» چارەسەر نابن وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت، بەڵكوو ڕێگای چارەسەری ڕاستەقینە لەم بنەمایانەی خوارەوەدا خۆی دەبینێتەوە:
* ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵک و گرتنەبەری ڕێگای دیموکراسی و گەڕانەوە بۆ هاووڵاتییان.
* ڕەخساندنی دەرفەتی بەشداریی سیاسیی ڕاستەقینە نەک پەکخستنی ڕۆڵی سیاسیی هاووڵاتییان.
* دووبارە دابەشکردنەوەی دادپەروەرانەی سامان و جێبەجێکردنی باجی هەڵکشاو لە بەرامبەر فەرزکردنی باج لەسەر هاووڵاتییانی کەمدرامەت.
* کاراکردنی ڕۆڵی هاووڵاتییان لە بەڕێوەبردنی حوکمڕانیدا و پاراستنی ماف و ئازادیی ڕادەربڕین.
ئەم بنەمایانەش دەبێت لە ڕێککەوتنێکی گشتیدا لە بەرنامەیەکی نیشتمانیی دیموکراسیی کورستانی ڕەنگ بداتەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و دامەزراوە نیشتمانییەکان.
لە تەوەرێکی تردا، کۆمیتەی ناوەندی گفتوگۆی لەبارەی ڕەوشی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پاشەکشەی پرسی مافەکانی مرۆڤ و پرسە دیموکراسییەکان، و مەترسی و ئاستەنگ و دەرفەتەکانی بەردەم پرسی کورد کرد.
کۆمیتەی ناوەندی جەختی کردەوە بە عەقڵیەتی شۆڤینی و ناوەندێتی چارەسەری پرسەکان ناکرێت؛ بەبێ چارەسەری دادپەروەرانەی پرسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، دابینکردنی مافی پێکهاتەکان، و چارەسەری قەیرانە ئابوورییەکان و نەهێشتنی جیاوازییە چینایەتییەکان، ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا بەدی نایەت و ڕێگا بۆ دەستوەردانی دەرەکییەکان زیاتر دەکات.
پرسی چەپی کورستانی و کاری جەماوەری:
کۆبوونەوەکە میکانیزمەکانی کاراکردن و فراوانکردنی «کۆڕبەندی چەپی کورستانی» و «لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کورستانی» تاوتوێ کرد. لە پێناو کاراکردنی ڕۆڵی ڕێکخراوە حیزبییەکان لەناو جەماوەر و داکۆکیکردن لە کێشە و مافەکانی خەڵک، چەند بڕیارێکی پێویست پەسەند کران.
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعیی کوردستان
١٧ی ١٠ی ٢٠٢٦
