ئەوین حەکیم پوور


"نەوتی نیشتمان بۆ خۆشگوزەرانییە نەک بۆ دەوڵەمەندکردنی دەسەڵات، دەستی قۆرخکاری لەسەر کەرتی وزە هەڵگرن و کۆتایی بە نادادپەروەری بهێنن"؛ لەژێر ئەم دروشمەدا و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەگای حیزبی شیوعی لە شاری هەولێر، "لیژنەی داکۆکی لە مافەکانی خەڵک" ڕاگەیەندراوێکی توندی ئاراستەی دەسەڵات و ڕای گشتی کرد.
ڕاگەیەندراوەکە کە لەلایەن "عوسمان زیندانی" ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی شیوعی کوردستان خوێندرایەوە، هۆشداریی دا لە قەیرانێکی فرەڕەهەندی حکومڕانی و داڕمانێکی قووڵی سیاسی و ئابووری. لیژنەکە ڕایگەیاند کە دەسەڵات بە ئەنقەست دامەزراوە فەرمییەکانی پەکخستووە و کەرتی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک کارەبا و تەندروستی و وزەی ڕادەستی کۆمپانیا سێبەرەکانی حزب کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هۆکاری گرانبوونی سووتەمەنی بۆ "فێڵێکی ڕێکخراو" گەڕێندرایەوە. ئاماژە بەوە کرا کە دەسەڵاتی هەرێم لەبری وەرگرتنی شایستەی (١٧٠) هەزار بەرمیل نەوت بۆ پاڵاوتنی ناوخۆ، تەنیا بە (٥٠) هەزار بەرمیل ڕازی بووە. ئەم نەوتەش لە پرۆسەیەکی تەمومژاویدا دەدرێتە کۆمپانیا حزبییەکان و دوای پاڵاوتنی، دیسان بە نرخی گران و جیهانی بەسەر هاووڵاتیاندا ساغ دەکرێتەوە، بەمەش حزب لە سێ وێستگەی جیاوازدا پارە لە خەڵک دەکێشێتەوە.
لیژنەکە چەند خاڵێکی وەک مەرجی بنەڕەتی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە خستە ڕوو، لەوانە:
١. دیاریکردنی سەقفی نرخ بۆ سووتەمەنی هاوشێوەی شارەکانی تری عێراق.
٢. دەستبەجێ وەرگرتنی پشکی سووتەمەنی پاڵپشتیکراو لە خەرجییە حاکیمەکانی بەغدا.
٣. هەڵگرتنی باج و ڕسوومات لەسەر هاوردەی سووتەمەنی و شەفافکردنی داهاتی بەرهەمە نەوتییەکان.
٤. دەرکردنی دەستی دەڵاڵ و کۆمپانیا حزبییەکان لە کەرتی وزەدا.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، لیژنەی داکۆکی داوای لە چین و توێژەکان و ڕەوەندی کوردستانی کرد پشتیوانی ئەم داواکارییانە بن. هەروەها جەختیان کردەوە کە ئەگەر دەسەڵات بە زوویی هەنگاوی کردەیی نەنێت، ئەوا بە پاڵپشتی خەڵکی ستەمدیدە، پەنا بۆ هەموو ڕێگایەکی شارستانی و جەماوەری و یاسایی دەبەن بۆ ڕاگرتنی ئەم نادادپەروەرییە.
دەقی ڕاگەیندراوەکە:
ڕاگەیاندراوێک بۆ ڕای گشتی خەڵکی کوردستان
   لەم قۆناغە ئاڵۆز و هەستیارەدا، گەلەکەمان گیرۆدەی قەیرانێکی فرەڕەهەندی حکومڕانی و داڕمانێکی قووڵی سیاسی و ئابووری کراوە. لە لایەک، پەراوێزخستن و پەکخستنی بەئەنقەستی ڕۆڵی دامەزراوە فەرمییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەت و تۆخکردنەوەی دوو ئیدارەیی. لە لایەکی تریشەوە، لە ژێر پەردەی پەیڕەوکردنی سیستمی ئابوری بازاڕی ئازاد و بەتایبەتکردنەوەدا، خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک: کارەبا و پەروەردە و تەندروستی و وزە...هتد، بە شێوازێکی زۆر نادادپەروەرانە و قۆرخکارانە، دوور لە چاودێری ڕادەستی کۆمپانیا حزبی و سێبەرەکانیان دەکرێن؛ ئەمە جگە لە تەشەنەکردنی هەموو جۆرەکانی گەندەڵی.
ئەم پرۆسە ستەمکارییە، باری گوزەرانی هاووڵاتیانی بە تەواوی قورس کردووە و بێئومێدییەکی قووڵیشی لێکەوتووەتەوە. بەتایبەت، کە دەسەڵات لە بەرامبەر ئازاری کۆمەڵگە و هاواری دڵسۆزاندا، بێباکە، کە ئەمەش نەک هەر متمانەی لە ناوخۆدا نەهێشتوووە، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەی دەستوریی هەرێمی کوردستانیشی بەرەو پاشەکشە و چارەنوسێکی نادیار بردووە.
ئەوەی مایەی هەڵوەستەلەسەرکردنە، لە بری ئەوەی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە لەم کاتەدا، کار بکات بۆ سوککردنی باری ژیان لەسەر شانی هاووڵاتیان، کەچی قەیرانی کەمی و گرانی جۆرەکانی سوتەمەنیشی سەربار کردووە؛ ئەمەش هێندەی تر کاریگەری لەسەر گرانبوونی کۆی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە داناوە.
نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو دەسەڵات لە بری ئەوەی بیر لە چارەسەری کێشەکان بکاتەوە، کەچی خەریکی فێڵ و گرەوکردنە لەسەر ئەوەی کۆمەڵگە لەگەڵ ئەم ستەمەشدا ڕابهێنێت.
لەم سۆنگەیەوە ئێمە لە لیژنەی داکۆکی لە مافەکانی خەڵک، هۆکارەکانی گرانبوونی سوتەمەنی بە دروستکراو دەزانین و لەم چەند خاڵەدا سەرچاوەی کێشە و چارەسەرییەکان دەخەینەڕوو:
هۆکار سەرەکییەکان:
یەک: سازشکردنی دەسەڵات لەسەر پشکی خەڵکی هەرێم: لە کاتێکدا لە کۆی (١) ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەی عێراق بۆ پاڵاوتنی ناوخۆ، شایستەی ڕاستەقینەی هەرێم (١٧٠) هەزار بەرمیل بووە، بەڵام دەسەڵاتی هەرێم بە تەنیا (٥٠) هەزار بەرمیل ڕازی بووە، کە سودی ئەم بڕەش تەنیا بۆ خۆیانە.
دوو: نەوت لەبری شایستەی دارایی و سێ جار دەستبڕین: بەهۆی قەرز و کێشە داراییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان، دەسەڵات لەبری پارە، نەوتی خاوی ناوخۆیان پێدەدات؛ ئەوانیش ئەو نەوتە بە هەرزان دەدەنە چەند کۆمپانیایەکی حزبی، کۆمپانیاکانیش ئەو نەوتە خاوە دەدەنە پاڵاوگەکانی حیزب بۆ پاڵاوتن، لە کۆتاییدا دیسان هەمان کۆمپانیاگەلی حزب و سێبەرەکانیان، کە پێشتر نەوتی خاویان بە هەرزان پێدراوە، بەرەهەمەکانی
لەم سۆنگەیەوە بەرپرسیارێتی سیاسی و یاسایی و ئەخلاقی سەرشانی ئێمەش ئەوەیە: ئەگەر دەسەڵات بە زوویی هەنگاوی کردەیی و ڕیشەیی بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە نەنێت، ئەوا بە پاڵپشتیی خەڵکی ستەمدیدە، هەنگاو و هەڵوێستی پێویستمان دەبێت.
لیژنەی داکۆکی لە مافەکانی خەڵک


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا