
پەیمان عزەدین، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان و چالاکی مەدەنی، لە ووتارێکدا، بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی پارتی و یەکێتی گرت و ڕایگەیاند، هەرچی لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات، بە باش و خراپەوە بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو دوو هێزە، بەڵام بەداخەوە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە لایەنە نەرێنییەکانی ئەم دەسەڵاتە زۆرترن.
پەیمان عزەدین لە بارەی دۆسیەی "بەهار عەلی"یەوە، نوسیوێتی و جەختی لەسەر کردووەتەوە، کە ئەو قوربانیدان و داکۆکیکردنەی بەهار لە یاسا، لە ڕاستیدا هەوڵێکە بۆ پاراستنی شکۆی هەرێم، شکۆیەک کە دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی بەهۆی بەرژەوەندییە تایبەتەکانیانەوە هیچ کات لە خەمیدا نەبوون. پەیمان عزەدین ئاماژەی بەوەشکرد، بەهار عەلی و هەموو ئەو ئازادیخوازانەی دیکەی کە لەم هەرێمە ڕووبەڕووی ناهەقی دەبنەوە، یان ئەوانەی لەسەر ڕای ئازاد ئەشکەنجە دراون و کوژراون، باجی دەسەڵاتێک دەدەن کە سەروبنی نییە.
ناوبراو ڕەخنەی لەو کەناڵ و میدیایانە گرت کە لەلایەن دەسەڵاتەوە پاڵپشتی دەکرێن و بە ناوی ئازادییەوە بانگەشە بۆ پێشێلکردنی یاسا و دژایەتیکردنی ژنان و منداڵان دەکەن، لە کاتێکدا دژ بە ئازادیی ڕادەربڕینی ڕاستەقینەن. لە کۆتاییدا عزەدین داوای دەستوورێکی نیشتمانیی کرد کە قەوارەی هەرێم و مافی تاک بپارێزێت، نەک ئەو دۆخەی ئێستا کە بڕیار و یاساکان تەنها ڕەنگدانەوەی دیدگایەکی کاتی و کەسین، نەک بەرژەوەندییەکی گشتی و جێگیر بۆ خەڵکی کوردستان.
