
ژووری هەواڵ
ماوەی چەند ڕۆژە، پچڕانی کارەبای نیشتمانی لە شاری هەولێر بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە، ئەمەش نیگەرانی و ناڕەزایی لە نێوان هاوڵاتییان دروست کردووە.
بەشێک لە دانیشتووانی هەولێر دەڵێن: پچڕانی کارەبای نیشتمانی تەنها کێشەکە نییە، بەڵکو دوای پچڕان، کارەبای مۆلیدەکانیش بە درەنگی هەڵدەکرێت و ماوەیەک هاوڵاتییان بێ کارەبا دەمێننەوە.
هاوڵاتییان هەروەها دەڵێن: بەردەوامبوونی پچڕانەکان، بە تایبەتی لەم وەرزی هاوینە، کاریگەریی خراپی لەسەر ژیانی ڕۆژانە و شوێنە بازرگانییەکان داناوە و پێویستی بە چارەسەرێکی خێرا و بنەڕەتی هەیە.
لە لایەکی دیکەوە، سەرەڕای جێبەجێکردنی پڕۆژەی (ڕۆناکی) بە مەبەستی باشترکردنی دۆخی کارەبا، بەشێک لە هاوڵاتییان پێیان وایە کێشەی کارەبا هێشتا بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر نەکراوە و پچڕانەکان بەردەوامن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دەسەڵات بەردەوام مژەی چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، دەداتە هاوڵاتییان، بەڵام ئەو مژدانە هەمووجارێک دەبێتە قسە و بێ کردار دەمێنێتەوە.
