
وتاری مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستان لە مەراسیمی سەدساڵەی لەدایکبوون و ٦٣ ساڵەی شەهیدبوونی هاوڕێی سەرکردە جەمال حەیدەریدا
کەس و کاری سەربەرزی شەهید جەمال حەیدەری و سەرجەم شەهیدانی حزب و گەل،
ئامادەبووانی بەڕێز، تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی،
ئەمڕۆ لە ساتی بەرزڕاگرتنی یادی سیمبولی نەمری نیشتمان و ڕۆشنبیری شۆڕشگێڕ، شەهید جەمال حەیدەریدا، هەموومان بەتاسەوە ئەو یادەوەرییە بەرز ڕادەگرین؛ چونکە ئێمە تەنها لە حزوری یادکردنەوەی کەسایەتییەکدا ڕانەوەستاوین، بەڵکو لە حزوری لاپەڕەیەکی پڕ لە شکۆی مێژوویەکی خوێناویی دادپەروەریداین کە پێویستی بە لێکدانەوەی قووڵتر هەیە.
جەمال حەیدەری، ئەو سەرکردە شیوعییەی کە نیشتمانپەروەریی لەناو دڵی خەباتی چینایەتییدا بەستەوە، بەردی بناغەی ئیرادەیەکی پۆڵایینی دانا کە تا ئەمڕۆش وەک چرایەکی ڕێنیشاندەر بۆ نەوەکانی دوای خۆی دەمێنێتەوە.
کاتێک باس لە جەمال حەیدەری دەکەین، باس لەو سەرکردە پێشکەوتنخوازە دەکەین کە بە عەقڵییەتێکی زانستییانەی مارکسییانەوە دەرکەوت. سەرەتای ئەم دەرکەوتنەشی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ساڵی ١٩٤٢ کە وەک لاوێکی چوست و چالاکی خەباتی چینایەتی دەست پێ دەکات، ئەمەش بووە پاشخانێکی ڕۆشنبیریی فراوان لە هەستی چینایەتی و نیشتمانپەروەریی ئەو تێکۆشەرە مارکسییەی کە دواتر وەک پاڵەوانی ڕۆژانی سەخت دەرکەوت. توانی لە ڕێگەی حیزبی «شۆڕش»ەوە کە زۆرتر شیوعییە کوردستانییەکانی لەخۆگرتبوو، ببێتە کەسایەتییەکی دیار و لەبەرچاو. ئەم دەرکەوتنەی شەهید جەمال حەیدەری دەبێتە هاندەرێکی وا کە دواتر پەیوەندی بە حیزبی شیوعیی عێراقەوە دەکات؛ بەهۆی هۆشیاریی سیاسی و شارەزایی لە بیروباوەڕی مارکسی، لە ساڵی ١٩٤٨دا ڕۆڵی سەرکردایەتی وەردەگرێت و دەبێتە لێپرسراوی یەکەمی لیژنەی مەحەلیی حزبی شیوعی عێراق لە هەولێر.
هاوڕێیان، لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی کانوونی دووەمی ١٩٤٨دا کە وەک سەرکردە و تێکۆشەرێکی خەباتگێڕ ڕۆڵی بەرچاوی بینی، لەگەڵ دەستەیەک لە شیوعییە تێکۆشەرەکان کەوتە بەر پەلاماری ڕژێمی پاشایەتی و دەستگیرکرا. لە کانوونی یەکەمی هەمان ساڵیشدا، دوای دانپێدانانەکانی (مالیک سەیف)، لەگەڵ ژمارەیەک لە شیوعییەکان دەستگیر دەکرێن و دوای دادگاییکردنێکی ڕووکەش لە دادگای عورفیی سەربازی، بە حەوت ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێن.
هاوڕێیان،
دوای ڕەوانەکردنی بۆ وڵاتی یەکێتیی سۆڤیەت و خوێندن و ئەزموون وەرگرتن لە مۆسکۆ، بە کۆمەڵێک بیرۆکەی نوێ و دیدگایەکی فراوانەوە گەڕایەوە نێو گۆڕەپانی خەباتی حزب و گەلەکەی، ئەو تەنها خوێنەری کتێب نەبوو، بەڵکو وەک ئەندازیاری ئەو قۆناغە دەرکەوت و توانی خەباتی سیاسیی کوردستانی لە قاڵبی تەقلیدییەوە بۆ قۆناغی خەباتی ڕێکخراوەیی و هۆشیارانە بگوازێتەوە، واتا گەڕانەوەی ئەو لە مۆسکۆ، وەرچەرخانێک بوو لە ئاستی داڕشتنی ستراتیژیی حزبی چونکە ئەو توانی بە تێکەڵکردنی تیۆری و کردە، ڕەوتی تێکۆشانی حیزبی شیوعی لە کوردستان و عێراقدا بگەیەنێتە ئاستێکی باڵای متمانەی جەماوەری و سڵنەکردنەوە.
جەمال حەیدەری ئەو سەرکردەیە بوو کە توانی بێ سڵەمینەوە ڕووبەڕووی ڕژێم و دارودەستە فاشیستەکەی بێتەوە، قوربانیدانیشی سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو کە ئەمڕۆ ئێمە یاد و یادەوەریی بەرز ڕادەگرین.
شەهید جەمال حەیدەری لە هەموو ئەو وێستگانەدا کە چارەنووسی گەلی پێوە بەند بوو، بە ئازایەتی و بوێرییەوە ڕادەوەستا و بڕیارە هەستیارەکانی دەدا. هەمیشە لە پێشەوەی سەنگەرەکاندا بەکردەیی ڕووبەڕووی نەیارانی حیزب و گەل دەبووەوە و پێشڕەوایەتیی خەباتی دەکرد.
خوشک و برایان،
لەدوای کودەتای ڕژێمی فاشیست و هێزە تاریکپەرستەکانی ٨ی شوباتی ١٩٦٣ و شەهیدکردنی هاوڕێ (سەلام عادل) سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حیزب، بە مەبەستی کپکردنی دەنگی ئازادی و لەباربردنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ١٤ی تەممووز، حزب خرایە سەر دژوارترین تاقیکردنەوەی مێژوویی. لەو بارودۆخە هەستیار و دژوارەدا، شەهید جەمال حەیدەری ڕێبەرایەتی و بەرپرسیارێتیی حیزبی لەئەستۆ گرت و بە هەستی بەرپرسیارێتییەکی بەرزەوە، بەردەوام لە هەوڵی ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی حیزب و پاراستنی یەکڕیزیی ڕێکخراوەکاندا بوو.
لەگەڵ ئەوەشدا مەترسی و ئەنجامی ڕەشبگیریی بەعسییەکانی بە باشی دەزانی، بەڵام نەک هەر پاشەکشەی نەکرد، بەڵکوو بە نهێنی و بە ئازایەتییەکی بێوێنەوە، بە بیرێکی چالاکەوە لە پێش چاوی بەعس ڕێبەرایەتیی بەرگری و درێژەپێدانی خەباتی حزبی کرد.
هاوڕێیان، ئامادەبووانی ئازیز،
شەهید جەمال سەرەڕای بارودۆخە دژوارەکانی ئەو سەردەمە، بەردەوام بوو لە تێکۆشانی نهێنی و خەباتی سیاسی؛ بەڵام دەسەڵاتی بەعس وەک تۆڵەکردنەوە لە چالاکی و خەباتە بەردەوامەکانی، جەمال حەیدەریی دەستگیر کرد. لەدوای ئازاردان و ئەشکەنجەیەکی زۆر، گیانی سپارد و شەهید بوو. لە ٢١ی تەممووزی ١٩٦٣دا حوکمی لەسێدارەدانی ڕاگەیەندرا.
شایانی باسە لەو ڕەشبگیری و دەستگیرکردنەدا، لەگەڵ هاوڕێ جەمال حەیدەری، هاوڕێیان (محەمەد ساڵح عەبلی) و (عەبدولجەبار وەهبی) ئەندامانی مەکتەبی سیاسییش لەسێدارە دران.
خوشک و برایانی ئازیز،
لەدوای گێڕانەوەی ئەو هەموو قارەمانێتییە و ڕۆڵی کاریگەری سەرکردە شیوعییەکانی وەک سەلام عادل، جەمال حەیدەری، نافیع یونس، کەریم ئەحمەد، ئەبو فارووق، ئەحمەد بانیخێڵانی، عادل سەلیم، ئەبو سیروان، مەلا حەسەن و دەیانی تر؛ کاتێک لە دۆخی سیاسی، ئابووری و گۆڕانکارییەکانی ئەمڕۆی عێراق و کوردستان ورد دەبینەوە، دەبینین هەلومەرجەکە دوای نزیکەی سەدەیەک هێشتا پڕە لە هەوراز و نشێوی سەخت، و هەر لەو قۆناغەدا گوزەر دەکەین کە شەهید جەمال حەیدەری بە تێگەیشتنە قووڵەکانی بۆ ململانێ و ئاڵنگارییەکان ئاماژەی بۆ دەکرد.
ئەو هەمیشە داوای یەکڕیزیی نیشتمانی دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین بەرژەوەندیی حیزبی و تەسکبوونەوەی دیدگاکان، گیانی ئەو یەکڕیزییەی لاواز کردووە. ئەوانەی ئەمڕۆ بە ناوی خەباتەوە دەسەڵات بەڕێوە دەبەن، کەمتر لەو ئاستە ئەخلاقی و سیاسییەدان کە جەمال حەیدەری قوربانیی بۆ دا. کاتێک گەندەڵی و تاکڕەوی دەبنە بەشێک لە سیستەمی حوکمڕانی، ئەمە واتە بەتاڵکردنەوەی ئەو سەنگەرانەی کە سەرکردەیەکی وەک حەیدەری بە خوێنی خۆی پاراستبووی.
ڕەخنەی ئێمە لەم دۆخە، ڕەخنەیەکە لە داڕمانی ئەو بەها باڵایانەی کە جەمال حەیدەری بۆی ژیا و بۆی شەهید بوو.
پەیامی ئەمڕۆی ئەو بۆ هەموومان ئەوەیە کە نیشتمانپەروەری بە وتار و ئاهەنگگێڕان نابێت، بەڵکو بە هەڵوێست، شەفافییەت و بەرگریکردن دەبێت لە کەرامەتی مرۆڤ.
بۆیە بەداخەوە ئەوەی ئەمڕۆ لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە و ڕەوتی گۆڕانکارییەکاندا بەدی دەکرێت و بووەتە مایەی کوژاندنەوەی ویژدانی نیشتمانی و سووکایەتیکردن بە مێژووی پڕ قوربانیی گەلەکەمان، هەمان ئەو عەقڵییەتەیە کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا کۆمەڵگەی عێراقی بەڕێوەدەبرد و هاووڵاتیانی دەچەوساندەوە.
واتا سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانە، ئایندی عێراق و هەرێمی کوردستانی خستووەتە بەردەم هەڕەشەی قووڵ و مەترسیدار. بۆیە ئەزموونی مێژوویی، وەک ڕێبازی شەهید جەمال حەیدەری، فێرمان دەکات کە حوکمڕانی تەنها کاتێک سەقامگیر دەبێت کە لەسەر بنەمای دادپەروەری، شەفافییەت و خزمەتی گشتی بنیات بنرێت. بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە سەختەش، پێویستە ئیرادە و بەرژەوەندیی گەل بەسەر بەرژەوەندیی تەسکدا زاڵ بکرێت. پاراستنی ئەمانەتی شەهیدان، تەنها لە ڕێگەی بنیادنانی دەوڵەتێکی دامەزراوەیی و دوور لە گەندەڵی دەبێت کە ئایندەی نەوەکان مسۆگەر بکات. تەنها بە یەکگرتوویی و گەڕانەوە بۆ بەها نیشتمانییە ڕەسەنەکان، دەتوانین ئەو ئایندە گەشە بنیاد بنێین کە تێیدا ئازادی و سەروەری بۆ هەمووان دەستەبەر بێت.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهید جەمال حەیدەری، سڵاو لەو ڕێبازەی کە هەرگیز بە زەبری گوللەی فاشیستەکان و نەیارانی لەناو نەچوو، بەڵکو لە دڵی مێژووی گەلەکەیدا بە زیندوویی ماوەتەوە.
سڵاو لە گەورەیی، تێکۆشان و نەمریی شەهید جەمال حەیدەری و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و تەواوی ئازادیخوازان.
سوپاس
٢٠٢٦/٧/٢٠
