
لە ڕۆژی ١٠/٢/١٩٦٣، تەنها دوو ڕۆژ دوای کودەتا ڕەش و خوێناویەکەی بەعسی و چەتە حەرەس قەومیەکان، بەیاننامەی قڕکردنی ژمارە (١٣) لەلایەن کودەتاچییەکانی ٨ی شوباتی ڕەشەوە بڵاوکرایەوە، کە تایبەت بوو بە لەناوبردنی ئەندام و دۆستانی حزبی شیوعی عێراق، بەیاننامەی ژمارە ١٣، بووە هۆی ڕشتنی خوێنی هەزاران ڕۆڵەی نیشتیمانپەروەری شیوعی و دەستگیرکردنی هەزارانی تر و ئەشکەنجەدانیان لە زیندانەکان.
بەیاننامەکە بە واژۆی حاکمی سەربازیی گشتیی کودەتاکە، تاوانبار و پیلانگێڕ ڕەشید موسڵیح تکریتی دەرچوو،کە دواتر بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا لە سێدارە درا.
بەیاننامەی ژمارە ١٣ی خوێناوی، بریتی بوو لە جاڕدانی قڕکردنی شیوعییەکان لە شەقامەکاندا و هاوکات بوو لەگەڵ پێدانی لیستی ئامادەکراو بە تاوانبارانی حەرەس قەومی کە پێشوەختە لەلایەن هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکاوە (CIA) ئامادە کرابوو.
ئەمە دەقی بەیاننامەی ژمارە (١٣)ی کودەتاچیەکانە
بەهۆی هەوڵە بێ ئەنجامەکانی شیوعییە بەکرێگیراوەکان و هاوبەشەکانی عەبدولکەریم قاسم بۆ هاوکاریکردنی لە ڕێگەی دروستکردنی پشێوی لە نێو ریزەکانی گەل و ملکەچ نەبوون بۆ فەرمان و ڕینماییە ڕەسمییەکان، بۆیە بڕیار درا دەسەڵات بدرێت بە یەکە سەربازییەکان و هێزەکانی پۆلیس و حەرەس قەومی بۆ لەناوبردن و قڕکردنی هەر کەسێک کە هەوڵی تێکدانی ئاسایش بدات، ئێمە داوا لە هەموو ڕۆڵە دڵسۆزەکانی گەل دەکەین هاوکاری دەسەڵاتی نیشتمانی بکەن بە ڕێنماییکردن و پێدانی زانیاری لەسەر ئەم تاوانبارانە و لەناوبردنیان.
واژۆ: ڕەشید موسڵیح تکریتی.