نووسینی :- زیرەک کەمال

 

 برای ئازیزم مامۆستا مەلا عەزیز، ئەو نامەیەی لە واتسئاپ بۆت ناردبووم، بەناوی (زیرەک-ی برادەر نەمگۆت؟) خوێندەوە و وەکوو ئازادی بیروڕا، لێتم وەرگرت. دیارە ناوەڕۆکی نامەکەت بریتیە لە چەند سەرنجێ دوای ڕووداوە قێزەونەکانی ئیپستین. گوتووتە ئیدی پێویستە لەسەر ئێمەی موسڵمان بەهەموو هەڵگرانی ئاڵای کولتووری مۆدێرنە و فەلسەفەی خۆرئاوا بڵێین: لۆمارێ. مامۆستای برادەر، دیارە ئەو قسەیەی جەنابت شەنوکەوی زۆری دەوێت و هەویرێکە و ئاوی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام بەکورتی  بە جەنابت دەڵێم: ئەو تاوانکاری و دڕندەییەی لە دوورگەی ئیپستێن ڕووی داوە، دەرخەری هەقیقەتی فۆڕمێکە لە فۆڕمەکانی سیستەمی سەرمایەداری، کە وا سەیری مرۆڤ دەکات بورغویەکە بۆ بەستنەوەی پارچەکانی کارگەی خۆی، بۆیەش پێم سەیرە ئەو نامەیەت ئاراستەی منی چەپ کردووە، کە زیاتر لە سەدساڵە هاوڕێکانم و ڕێبازە فیکریەکەم ناوەڕۆک و ماهییەتی ناسنامەی ئەو فۆڕمە سەرمایەداریەی ئاشکرا کردووە. دواتر با بپرسم، ئایا دەکرێت دڵڕەقی و ئابڕۆچوونەکەی دوورگەی ئیپستین لەسەر کۆی دنیای مۆدێرنە و شارستانییەت و فەلسەفە و کۆی بەرهەمە مرۆییەکانی خۆرئاوا حساب بکرێت، کە پێم وایە هەموو مرۆڤایەتی سەر ئەم هەسارەیە قەرزاریەتی؟ ئایا دەکرێت (مارکس)ی ڕۆشنگەر و (کانت)ی خاوەنی خەونی فیکری مرۆڤدۆستی و (ڕۆسۆ)ی جوان و (جۆن لۆک)ی لێبوردەیی و (گیڤارا)ی ئازادیخواز لەگەڵ (ئیپستین)ی بەڕەڵڵا و چڵێس و دژەمرۆڤ بخەینە چوارچێوەی یەک وێنە و یەک شوناسی سیاسی و فیکری؟ ئایا ڕەوای هەقە تیرۆریستانی داعش کە لە بازاڕەکانی شام و موسڵ، کڕین و فرۆشتنی بە هەزاران ژنی کوردەوە کرد، لەسەر ئیسلام حساب بکرێن؟ لە کاتێکدا دەیان ملیۆن موسڵمانی جیهان، داعشیان ڕەت کردەوە. ئایا ڕەوای هەقە کارە قێزەونەکانی گروپی (شێخ زانا) لەسەر کولتووری ئایینی و فیکری و کۆمەڵایەتی کورد و ئیسلام حساب بکرێت؟ لە کاتێکدا لە چوارچێوەی مێژووی ئەو کولتوورەدا خانی و مەولانا و نالی و شێخی خاڵ و مەلا مودەریس هەن؟

 مامۆستای ئازیز کارە قێزەونەکانی ئیپستین جگە لە فۆڕمێکی بەرتەسکی چڵێس و سەرمایەداری، زیاتر  نوێنەرایەتی هیچ ڕێبازێکی فیکری و فەلسەفی و ئایینی ناکات و ڕاشکاوانەش بە جەنابت دەڵێم: منی چەپ، وەکوو چۆن ئەو مارکسەی مرۆڤی بە گەورەترین سەرمایە دەزانی، خۆش دەوێت، ئاواش حافزی شیرازی مرۆڤپەروەریشم خۆش دەوێت. وەکوو چۆن ڕێز لە شاکارە ئەدەبییەکانی مەکسیم گۆڕکێ و ئەراگۆن دەگرم، ئاواش ڕێز لە غەزەلەکانی ئیبن لعەرەبی و ئەبوعەلای مەعەڕی دەگرم. سوپاس بۆ عەلمانیەت و چەپ و هەردەقێکی جوانی ئایینی، کە لێنەگەڕان جوانکوێر بم.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا