ڕێگای کوردستان

دۆخی جوتیارانی پارێزگای کەرکوک لەم ساڵەی دواییدا (٢٠٢٥-٢٠٢٦) بە یەکێک لە سەختترین ساڵەکاندا تێدەپەڕێت، جوتیارانی کورد و تورکمان،  تەنانەت بەشێک لە جوتیارانی عەرەبی نیشتەجێی ناوچەکەش، ڕووبەڕووی سێ قەیرانی سەرەکی بوونەتەوە کە بریتین لە: کێشەی خاوەندارێتی زەوی و دەستێوەردانی سەربازی، قەیرانی بێ‌ئاو و وشکەساڵی، و دواکەوتنی شایستە داراییەکان.

سەرەڕای پەسەندکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵە دەستبەسەرداگیراوەکان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، کە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەناو شۆڕشی هەڵوەشاوەی بەعس بوو، بەڵام جێبەجێکردنی یاساکە لەسەر ئەرزی واقیع ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە. 

لە کۆتایی ٢٠٢٥ و سەرەتای ٢٠٢٦دا، هێزەکانی سوپای عێراق بە تایبەت فیرقەی ٨ ، لە ناوچەکانی پردێ  و سەرگەڕان، ڕێگرییان لە جوتیارانی کورد کرد زەوییەکانیان بکێڵن یان بەروبوومەکانیان بە تایبەت گەنمەشامی دروێنە بکەن.

لەلایەکی ترەوە ،بەپێی وتەی نوێنەرانی جوتیاران، فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکوک لە هەندێک دۆسیەدا گرێبەستی کشتوکاڵی بۆ عەرەبە هاوردەکان نوێ کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی خاوەنە ڕەسەنەکان، کورد و تورکمان خاوەنی تاپۆی ڕەشن ، ئەمەش ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە و جوتیاران داوایان لە ئیدارەی کەرکوک کردووە دەستوەردان بکات.

کەرکوکیش وەک پارێزگاکانی دیکە، کەوتووەتە بەر کاریگەریی توندترین شەپۆلی وشکەساڵی لە ماوەی ٨٠ ساڵی ڕابردوودا.

بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی عێراق بۆ خوار ١٠ ملیار مەتر سێجا، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان ناچار بوو پلانی کشتوکاڵی بۆ وەرزی هاوینەی ٢٠٢٥ هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمە زیانێکی گەورەی بە جوتیارانی کەرکوک گەیاند کە پشتیان بە بەرهەمی وەک گەنمەشامی و سەوزە دەبەست.

 ئاستی ئاو لە پڕۆژەی ئاودێری کەرکوک بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە ،ئەمەش جوتیارانی ناچار کردووە پەنا بۆ لێدانی بیر ببەن، کە ئەویش بەهۆی دابەزینی ئاوی ژێرزەوی و سوێربوونی ئاوەکەوە کێشەی بۆ دروست بووە.

لەلایەکی ترەوە سەرەڕای ماندووبوونیان، جوتیاران لە وەرگرتنی مافی خۆیان بێبەش کراون، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥، ژمارەیەکی زۆری جوتیارانی کەرکوک پارەی گەنمی تەسلیمکراوی ساڵی ڕابردوویان وەرنەگرتبوو، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار تۆن گەنمیان ڕادەستی سایلۆکان کردبوو، ئەم دواکەوتنە وایکرد زۆرێک لە جوتیاران توانای کڕینی تۆ و پەینیان بۆ وەرزی نوێ نەبێت.

لە وەرزی ڕابردوودا، بەهۆی ڕێگرییە ئەمنییەکان لە ناوچەی پردێ، بەشێک لە جوتیاران نەیانتوانی بەرهەمی گەنمەشامییەکەیان دروێنە بکەن و زیانێکی ماددی گەورەیان بەرکەوت.

جوتیارانی کەرکوک لە ئێستادا لە نێوان بەرداشی ململانێ سیاسییەکان و گۆڕانی کەشوهەوادان، لە لایەکەوە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی زەوییەکان و دوورخستنەوەی دەستی سوپان لە کاروباری کشتوکاڵی دان، لە لایەکی ترەوە داوای چارەسەری بەپەلە بۆ کێشەی ئاو و خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان دەکەن.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا