ستار ئەحمەد

 

​لە مێژووی دوورودرێژی مرۆڤایەتیدا، هیچ دیاردەیەک هێندەی شێواندنی ناسنامە و سەپاندنی ڕەگەزێکی تایبەت بەسەر نەتەوەکانی تردا، زیانی بە جەوهەری دادپەروەری و پێکەوەژیانی مرۆیی نەگەیاندووە. کاتێک بیروڕایەکی ڕەگەزپەرستانە دەمامکێکی پیرۆز دەپۆشێت و لە ژێر ناوی پەیامێکی باڵادا هەوڵی سڕینەوەی مێژووی گەلان دەدات، لێرەدا چیتر باس لە ڕێنوێنی و ڕزگاری نییە، بەڵکو باس لە داگیرکارییەکی هزری و فەرهەنگیی قووڵ دەکرێت کە دەیەوێت ڕەگ و ڕیشەی نەتەوەکان هەڵکێشێت. ئەم پرۆسەیە، بە درێژایی سەدەکان لە ناوچەکەدا کاری لەسەر کراوە، هەوڵی داوە گەوهەری ڕەسەنی نەتەوە جیاوازەکان، بەتایبەت ئەو نەتەوانەی،کە خاوەنی شارستانیەتێکی دێرین و خاکێکی پیرۆزی وەک زاگرۆسن، بخاتە ژێر سێبەری ڕەگەزێکی تاقانە و باڵادەست و مێژووەکەیان بۆ بەرژەوەندیی خۆی بە تاڵان ببات.

​ئەم جۆرە لە سەپاندن، تەنها گۆڕینی زمان و دەسەڵات نەبووە، بەڵکو هەوڵێکی سیستماتیک و ورد بووە بۆ دزینی کەسایەتییە ناودارەکان، تێکدانی ڕاستییە مێژووییەکان و گۆڕینی جوگرافیای ڕەسەن بۆ جوگرافیایەکی دەستکرد. ئەو مێژووەی کە بە دەستی دەسەڵاتدارانی ڕەگەزپەرست نووسراوەتەوە، هەمیشە هەوڵی داوە بلیمەتان و زانایان و پیاوچاکانی نەتەوە ستەملێکراوەکان بە ناوی ڕەگەزی سەردەستەوە تۆمار بکات، تاوەکو نەتەوە ڕەسەنەکان بە بێ مێژوو و بێناسنامە نیشان بدات. ئەمە گەورەترین ناپاکی بووە ، کە بەرامبەر بە ڕاستی کراوە؛ چونکە لۆژیکی هۆش و بنەماکانی مرۆڤایەتی دەیسەلمێنن، کە هیچ ڕەگەزێک لە ڕەگەزێکی تر باڵاتر نییە و هەر گەلێک خاوەنی مافێکی سروشتی و خوداییە بۆ پاراستنی شێوازی ژیان، زمان و دابونەریتی خۆی.

​ئەوەی لە پەراوێزی نووسینەوەی گێڕانەوە مێژووییەکاندا دەبینرێت، پڕە لە لایەنگیری و هەوڵدان بۆ ڕەوادان بە ستەم و تاڵانی لە ڕێگەی شێواندنی دەقەکان و گۆڕینی مانا قووڵەکان بۆ بەرژەوەندیی ڕامیاری و خێڵەکی. زۆرێک لەو شەڕ و ململانێیانەی کە بە ناوی بڵاوکردنەوەی پەیامێکی باڵاوە ئەنجام دراون، لە ناخەوە تەنها هەوڵێک بوون بۆ فراوانکردنی ئیمپراتۆریەتی ڕەگەزی و بە کۆیلەکردنی نەتەوەکانی تر و بردنی سەروەت و سامانیان. ئەم ڕەفتارانە نەک هەر خزمەتی مرۆڤایەتییان نەکردووە، بەڵکو بوونەتە هۆی دروستبوونی کینە و دوژمنایەتییەکی درێژخایەن ،کە هەتا ئێستاش ناوچەکە لە ئاگرەکەیدا دەسووتێت.

​ئەمڕۆ، گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتی و پاککردنەوەی مێژوو لەو هەموو چەواشەکاری و توندڕەوییەی کە بە ناوی پیرۆزییەوە سەپێنراوە، ئەرکێکی زانستی، ئاکاریی و ویژدانییە. پێویستە مرۆڤی بەئاگا لەوە تێبگات، کە دادپەروەریی ڕاستەقینە لەوەدا نییە نەتەوەیەک بکرێتە سەردەستی جیهان و نەتەوەکانی تر ببنە پاشکۆ، بەڵکو لەوەدایە ،هەموو ڕەنگ و دەنگەکان لە ناو هاوکێشەی مرۆڤایەتیدا وەک خۆیان و بەو شێوەیەی کە هەن، بناسرێن و ڕێزیان لێ بگیرێت. تەنها بەم شێوەیە دەتوانرێت ئەو بازنە داخراوەی ستەم بشکێنرێت و مێژوو لە چنگی ئەو کەسانە دەربهێنرێت کە بۆ بەرژەوەندیی نان و دەسەڵات، ڕاستییەکانیان گۆڕیوە. پاکبوونەوەی زەوی لە بیری ڕەگەزپەرستی، سەرەتایەکە بۆ گەیشتن بەو ئاشتی و ئازادییەی، هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان بە دوایدا دەگەڕێت، و گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکەی کە ساڵانێکی درێژە لە ژێر باری گرانی ناسنامە سەپێنراوەکاندا چەوساوەتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا