ئەمڕۆ سەرچاوە پزیشکی و ئەمنییەکان ڕایانگەیاند، دوو ڕووداوی جیاواز لە پارێزگای کەرکوک تۆمارکراون، ڕووداوی یەکەمیان بریتی بووە لەوەی ژنێک لە قەزای حەویجەی ڕۆژئاوای کەرکوک، لەناو ماڵەکەی خۆیاندا زەیتی گەرمی کردووە بە دەموچاوی هاوسەرەکەیدا و بەهۆیەوە تووشی سووتاوی مەترسیدار بووە، هەروەها لە ڕووداوی دووەمدا لەناو جەرگەی کەرکوک کەسێک بە چەقۆ کوژراوە.

سەرچاوەیەکی پزیشکی لە کەرکوک ڕایگەیاند، لە دوای شەڕ و دەمەقاڵێیەکی توند لە نێوانیان، ژنێک هەستاوە بە ڕشتنی زەیتی گەرم بەسەر ڕوخساری هاوسەرەکەیدا لەناو ماڵەکەیان لە قەزای حەویجە لە ڕۆژئاوای پارێزگای کەرکوک،  ووتیشی بە سەختی سووتاوە و زیانی جەستەیی زۆری پێگەیشتووەو تەندروستی ناجێگیرە.

ڕوونیشیکردەوە، کە بریندارەکە، تەمەنی ٤٧ ساڵەو بەپەلە گواستراوەتەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کەرکوک بۆ وەرگرتنی چارەسەر و چاۆدێری.

بەپێی ووتەی سەرچاوەکە، قوربانییەکە فەرمانبەرە و لە بنەڕەتدا نەخۆشیی درێژخایەنی هەیە، کە ئەمەش ئاڵۆزی دۆخی تەندروستی دوای ڕووداوەکە زیاتر کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو ، کە هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووەو ووتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان وەرگیراوە و زانیاری کۆکراوەتەوە، دەربارەی وردەکاری ڕووداوەکە، وەک ئامادەکارییەک بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر ژنەکە بەپێی یاسای عێراقی.

لە کۆتاییدا وتی، کێشە خێزانییەکان لە نێوان هەردوولا لەمێژە هەبووە، بەڵام بەشێوەیەکی لەناکاو گۆڕاوە بۆ دەستدرێژی جەستەیی مەترسیدار.

لە ڕووداوێکی جیادا، سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی شەڕ و دەمە قاڵە لە نێوان دوو کەس لە ناوەڕاستی کەرکوک، یەکێکیان بە چەقۆ ئەوەی تری کوشتووە.

ووتیشی تاوانبارەکە بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتووەو دەستگیر نەکراوە.

ڕونیشیکردەوە، کوژراوەکە خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە، یەکێکیان تەمەنی ٩ ساڵە و ئەوەی دیکەشیان کۆرپەیەکی ٦ مانگە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا