نووسین: هاشم عەبدوڵا
پێچەوانەوە بوونەوەی ئاراستەی کاریگەریی لە جەماوەرەوە بۆ ڕۆشنبیر جگە لەوەی نیشانەی بە جەماوەربوونی گوتاری ڕۆشبیرە، مانای شکستهێنانی بنیادی کایەی ڕۆشنبیریە. گواستنەوەی کولتووری بایکۆد لە کۆڕەفتارێکی جەماوەریەوە بۆ کردەیەکی ڕۆشنبیری، گۆڕانی هەڵوێستە لە دۆخی بیرکردنەوە بۆ دۆخی هەڵچوونی و فێربوونی ئاکاری جەماوەرییە.
بەرلەوەی جاڕ لێبدەن بۆ بایکۆد کردنی (جان دۆست) دەبێ بە باشی بیر لە کردەی ڕابردووی ڕۆشنبیران و کاریگەری لەسەر داهاتووی جوڵە ڕؤشنبیریەکان بکەنەوە. جان دۆست بە چوونی بۆ دیمەشق ژیانی خۆی دەخاتە مەترسیەوە لە پێناو مانەوەی کاریگەری فەرهەنگی کوردی لەو دۆخە ترسناکە. جان دۆست دەچێت کتێب بکڕێت و بیهێنێ بۆ ڕۆژئاوا یان دەیەوێت کتێبەکان بڵاوبکاتەوە و کاریگەری دابنێ؟ ئایا نووسەرانی کورد مافی خۆیان نیە وەک بەشێک لە ڕێککەوتن جوڵە فەرهەنگی و ئەدەبیەکان ئەنجام بدات لە سوریای دوای دانووستان؟
گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی بزاوتی ڕۆشنبیری کوردی لە بەغدای ترسناک و تۆقێنەر لە خراپیتین دۆخی سەرکوتکردنی کورد (یەکێتی ئەدیبانی کورد) دامەزرا کە هاوشانی خەباتی سیاسی خەباتیان دەکرد و سەرکێشیان بە ژیانی خۆیان دەکرد. دوای بەیانی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ دامەزراندنی کۆڕی زانیاری کورد لە بەغدا یەکێک بوو لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکان ١٠ کەسایەتی نووسەر و ڕۆشنبیر دەستەی دامەزرێنەر بوون، ئەندازیار ئیسان شێرزاد لەسەر ئەرکی خۆی بینای دەزگاکەی درووستکرد. کۆڕی زانیاری بوو بە ماڵێک بۆ نووسەرانی کورد، لە ڕێی گۆڤارەکەیان گۆڤاری کۆڕی زانیاری کورد (٣١ ژمارەیان لێ بڵاوکردەوە) و پەرتووک و بڵاوکراوەکانی و کۆڕ و کۆبوونەوەکانی خزمەتێکی گەورەیان بە بوارەکانی ئەدەبی و فەرهەنگی و زانستی کورد کرد. ئەرشیفی ئێستامان بەشێکە لە خەباتی ئەوسای ڕۆشبینرانی کورد.
لە دوای ساڵی ١٩٨٥رژێمی بەعس لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی دژ بەنەتەوەی کورد مەودای کارکردنی کۆڕی بەرتەسککردەوه، سەرباری ئەوە ئەندامانی کۆڕ بەردەوام بوون تا ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ناوەکەی گۆڕا بۆ کۆڕی زانیاری کوردستان.
ئێستا دەبێ بپرسین ڕۆشتنەکەی جان دۆست قابیلی ڕەخنەکردنە یان بەرگریلێکردنی؟ گەر دە نووسەرە دامەزرێنەکەی کۆڕی زانیاری ڕەخنەباران کرابان ئێستا ئێمە چ زیانەکمان دەکرد چ بۆشاییەک لە ئەدەبیاتی ڕابردوو و کتێبخانەی کوردی درووست دەبوو؟
گرنگە ڕۆشنبیران لەمەڕ ڕووداوەکان بیربکەنەوە و پەلە نەکەن لە بڕیاردان، ڕای کەسی و بۆچوونە ئێستاییەکان پاکبەنەوە لە هەستیاربوون و خرۆشان بیگۆڕن بۆ گوتاری ئاقڵانی بە پێودانگە لۆژیکی و مێژوویەکان.
بەم پرسیارە کۆتایی پێدێنم " هەوڵی دوژمانی کورد بۆ گەیشتنیان بە نێو کۆمەڵگای کوردی و چاندنی کەلتوور و فەرهەنگیان و هاوردەکردنی هێزی نەرم، خوێنەر و ڕۆشنبیرانیان بەر لێشاوی ڕەخنەیان دەدەن؟ ئایا ئەوان هەڵەدەکەن بەرامبەر خۆیان و نەتەوەی خۆیان؟