
بە بۆنەی پەنجا و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی مەڵبەندی گشتی و سەرجەم ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە تێکۆشەرە دەکەین، هاوکات پیرۆزبایی لە تێکڕای نووسەران و ڕۆشنبیرانی کوردستان دەکەین.
یەکێتیی نووسەرانی کورد، لە مێژووی پڕ سەروەریی خۆیدا، تەنها ڕێکخراوێکی پیشەیی نەبووە، بەڵکو سەنگەرێکی پێشەنگ بووە بۆ بەرگریکردن لە ئازادیی بیروڕا و بڵاوکردنەوەی هزری پێشکەوتنخوازی و عەقڵانی. ئەم ڕێکخراوە ڕۆڵێکی مێژوویی و کاریگەری بینیوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هزری کۆنەپارێزی؛ هاوکات هەڵگری مەشخەڵی نوێخوازی و داهێنان بووە لە کایەکانی ئەدەب، هونەر، فەلسەفە و مەعریفەدا.
نووسەرانی کورد لە ڕێگەی ئەم یەکێتییەوە، هەمیشە وێژدانی زیندووی گەلەکەیان بوون. لە پرسە نیشتیمانییەکاندا، بە دیدێکی کراوە و پێشکەوتخوازانەوە داکۆکییان لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان کردووە و قەڵەمەکانیان خستووەتە خزمەت پرۆژەی ڕزگاری و نیشتیمانی. ئەوان توانیویانە هاوسەنگییەک لەنێوان خەباتی نەتەوەیی و بەها بەرزە مرۆییەکاندا ڕابگرن و ڕێگە نەدەن هزری دواکەوتوو بەسەر کولتوورەکەماندا زاڵ بێت.
مەکتەبی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعیی کوردستان، وێڕای بەرزنرخاندنی خەبات و قوربانیدانی نووسەران، دووپاتی دەکاتەوە کە هەمیشە پشتیوان و هاوسەنگەری قەڵەمە ئازاد و بوێرەکان دەبێت. دەرگای میدیا و دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکانی حزبمان هەمیشە واڵایە بۆ نووسەران بە هەموو جیاوازییە هزرییەکانیانەوە، بە تایبەت ئەوانەی کار بۆ چەسپاندنی عەقڵانیەت و ئازادی و پێشکەوتنی کۆمەڵگە دەکەن.
سڵاو لە قەڵەمە ئازادەکان..
شکۆدار بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد.
مەکتەبی ڕاگەیاندنی حزبی شیوعیی کوردستان
١٠ی شوباتی ٢٠٢٦