
ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، بە توندی سەرجەم ئەو هەواڵانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە دەستگیرکردنی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی پارتەکە دەکەن لەلایەن ئێرانەوە و بە سیناریۆ و شانۆگەری وەسفیان دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، پژاک لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی پڕوپاگەندەکانی کۆماری ئیسلامی دایەوە و ڕایگەیاند، ڕژێمی ئێران بە بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ و ناڕاستی چەند کەسێک، دەیەوێت شکستەکان و تاوانەکانی چەند مانگی ڕابردووی خۆی، لە کوشتار و بڕینی ئینتەرنێت پەردەپۆش بکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێران دوای ئەوەی لە ڕووی نێودەوڵەتی و ناوخۆییەوە شەرعییەتی نەماوە و تۆمارێکی ڕەشی لە کوشتار تۆمارکردووە، ئێستا پەنای بۆ دادگاییکردنی غیابی و سیناریۆ بردووە، پژاک جەخت دەکاتەوە کە تەڤگەرەکەیان خاوەن پێگەی جەماوەرییە و بەم پڕوپاگەندانە لاواز نابێت.
لەکۆتاییدا پژاک داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات هوشیاربن بەرامبەر شەڕی دەروونیی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران و باوەڕ بەو چیرۆکە هەڵبەستراوانە نەکەن، چونکە ڕژێم لە سەرەمەرگدایە و تەنها خۆی دەخەڵەتێنێت.