ڕێگای کوردستان

لە ماوەی زیاتر لە ٣٥ ساڵی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، پڕۆسەی سیاسی بە هەوراز و نشێوی زۆردا تێپەڕیوە، لە ساڵی ١٩٩٢ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤، شەش خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام دراون و ٩ کابینەی حکومەت پێکهێنراون، بەڵام دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت بووەتە سیمایەکی بەردەوامی ئەم پرۆسەیە.

شەش وێستگەی هەڵبژاردن

لە دوای راپەڕینی ١٩٩١، هەرێمی کوردستان یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ ئەنجامدا. دواتر بەهۆی شەڕی ناوخۆوە پرۆسەکە بۆ ماوەی ١٣ ساڵ پەکخرا. 

بە گشتی ئەم خولانە بەڕێوەچوون:

خولی یەکەم (١٩٩٢): یەکەم ئەزموونی دیموکراسی بوو، سیستەمی (٥٠ بە ٥٠)ی لێکەوتەوە.
خولی دووەم (٢٠٠٥): هاوکات بوو لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
خولی سێیەم (٢٠٠٩): دەرکەوتنی ئۆپۆزیسیۆن (بزووتنەوەی گۆڕان) و گۆڕانی نەخشەی سیاسی.
خولی چوارەم (٢٠١٣): کۆتایی هێنان بە لیستی هاوبەشی یەکێتی و پارتی.
خولی پێنجەم (٢٠١٨): پارتی زۆرینەی کورسییەکانی بەدەستهێنا.
خولی شەشەم (٢٠٢٤): دوای دواکەوتنێکی زۆر و بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەچوو.

٩ کابینەی حکومەت و چاوەڕوانی بۆ دەیەم

لەم ماوەیەدا ٩ کابینەی حکومەت پێکهێنراون، کە بەسەر سێ قۆناغدا دابەش دەبن:

قۆناغی یەکگرتووی سەرەتایی

 (١٩٩٢-١٩٩٤): کابینەی یەکەم بە سەرۆکایەتی فوئاد مەعسوم و دواتر کۆسرەت ڕەسول.

قۆناغی دوو ئیدارەیی (١٩٩٦-٢٠٠٥): هەرێم دابەش بوو بەسەر دوو حکومەتدا (حکومەتی هەولێر بە سەرۆکایەتی ڕۆژ نوری شاوەیس دواتر نێچیرڤان بارزانی و حکومەتی سلێمانی بە سەرۆکایەتی کۆسرەت ڕەسول دواتر بەرهەم ساڵح و دواتر عومەر فەتاح).

قۆناغی یەکگرتنەوە (٢٠٠٦ - ئێستا)

کابینەی پێنجەم (٢٠٠٦): نێچیرڤان بارزانی (یەکگرتنەوەی ئیدارە).

کابینەی شەشەم (٢٠٠٩): بەرهەم ساڵح 
کابینەی حەوتەم (٢٠١٢): نێچیرڤان بارزانی.
کابینەی هەشتەم (٢٠١٤): نێچیرڤان بارزانی (حکومەتی بنکە فراوان).
کابینەی نۆیەم (٢٠١٩): مەسرور بارزانی.
ئێستا چاوەڕوانی بۆ کابینەی دەیەم دەکرێت.

دواکەوتن؛ نەخۆشییەکی درێژ خایەن

جگە لە کابینەکانی سەرەتای نەوەدەکان، هەموو کابینەکانی دواتر لە وادەی یاسایی خۆیان دواکەوتوون. دیارترین نموونەکانی دواکەوتن:
کابینەی هەشتەم (٢٠١٤): نزیکەی ٩ مانگی خایاند تا پێکهێنرا. هۆکارەکەی ململانێ بوو لەسەر پۆستی وەزارەتە سیادییەکان و پەیوەندی هەولێر-بەغدا.
کابینەی نۆیەم (٢٠١٩): نزیکەی ١٠ مانگ لە دوای هەڵبژاردنی ٢٠١٨ـەوە کاتی ویست تا سوێندی یاسایی خوارد.

هۆکارەکانی دواکەوتن چین؟

بە بۆچونی چاودێرانی سیاسی، دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان بۆ چەند هۆکارێکی سەرەکی دەگەڕێتەوە:

نەبوونی متمانە: ململانێی مێژوویی نێوان پارتی و یەکێتی و نەبوونی متمانەی تەواو لەنێوانیان، وایکردووە گفتوگۆکان لەسەر وردەکارییەکان کاتی زۆر ببات.
دابەشکاری پۆستەکان، شەڕی حزبەکان لەسەر پۆستە سیادییەکان (ناوخۆ، سامانە سروشتییەکان، پێشمەرگە، دارایی) هەمیشە گرێکوێرەی دانوستانەکان بووە.

فەرهەنگی شەریکە بەش: هەرچەندە لایەنێک براوەی یەکەم بێت، بەڵام بەبێ لایەنەکەی تر (بە تایبەت لە نێوان زۆنی سەوز و زەرد) حکومڕانی ئەستەم بووە، ئەمەش وایکردووە براوەی هەڵبژاردن نەتوانێت بەتەنها حکومەت پێکبهێنێت.
کاریگەری دەرەکی: زۆرجار دەستێوەردانی وڵاتانی هەرێمی و دۆخی بەغدا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر خێراکردن یان دواخستنی پێکهێنانی حکومەت هەبووە.
ئێستا دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، جارێکی تر سیناریۆی دواکەوتن بەرۆکی هەرێمی گرتووەتەوە و 
نزیکەی ساڵێک و چوار مانگە هەڵبژاردن ئەنجامدراوە، کەچی تا ئێستا حکومەت پێکنەهاتووەو دیاریش نییە کەی پێکدەهێنرێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا