ڕاپۆرت: هاوڕێ کرێکار

سەرەڕای دروستکردنی چەندین پڕۆژەی نیشتەجێبوون، ڕێژەی کرێنشینی لە هەرێمی کوردستان ڕووی لە هەڵکشانە. ماوەی زیاتر لە ١٨ ساڵە کرێی خانووبەرە بەردەوام ڕووی لە بەرزبوونەوەیە و دانەبەزیوە. شارەزایان و کۆمەڵەی کرێنشینان، حکومەتی هەرێم بە هۆکاری سەرەکی دەزانن و پێیان وایە کەمتەرخەم بووە لە ئاست چارەسەرکردنی کێشەی کرێنشینان. هەروەها، زۆریی ژمارەی کرێنشینانی عەرەبیش بە هۆکارێکی دیکەی بەرزیی نرخی خانووبەرە دادەنرێت.

 نزیکەی ٢٥٠ هەزار خێزانی کرێنشین لە هەرێم هەن

 بەپێی ئامارەکانی سەرژمێریی ساڵی ٢٠٢٤، ژمارەی خێزانە کرێنشینەکان لە هەرێمی کوردستان بە ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ هەزار خێزان دەخەمڵێنرێت. ژمارەی تاکەکانی ئەم خێزانانە دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن کەس، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە هەرێم لە بەردەم قەیرانێکی گەورەی نیشتەجێبووندایە. هاوکات، کۆمەڵەی کرێنشینان ئاشکرای دەکات کە نزیکەی یەک ملیۆن کرێنشینی عەرەبیش لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.

 مۆڵەت بە ٢٧٠ پڕۆژەی نیشتەجێبوون دراوە

 سەبارەت بە ڕێژەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، بەرزەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بە (ڕێگای کوردستان)ی ڕاگەیاند: "٢٧٠ پڕۆژەی نیشتەجێبوونی مۆڵەتپێدراو لە هەرێمی کوردستان هەن، کە بەشێکیان ساڵانێکە تەواو بوون و خەڵکیان تێدا نیشتەجێیە، بەشێکی دیکەشیان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا مۆڵەتیان وەرگرتووە و ئێستا لە قۆناغی دروستکردندان. سەرمایەی گشتیی ئەم پڕۆژانە نزیکەی ٢٤ ملیار دۆلارە."

 ناوبراو وتیشی: "پڕۆژەی تایبەت بە کرێنشینان هەیە؛ لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەت، بڕیار درا ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتان دروست بکرێت. هاوکات، نزیکەی ١٠٠٠ یەکەی نیشتەجێبوونیش بۆ خوشک و برا مەسیحییە کەمدەرامەتەکان دروست دەکرێت."

 نرخی کرێی خانوو لە شارەکاندا

 نرخەکان لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر جیاوازن:

هەولێر: لە گەڕەکە میللییەکان لە ١٥٠ دۆلارەوە دەست پێدەکات، بەڵام لە شوقە و ڤێلا گرانبەهاکاندا نرخەکان دەگەنە ئاستێکی زۆر بەرز (هەندێک یەکە بە چەند هەزار دۆلارێک مامەڵەیان پێوە دەکرێت).

سلێمانی: کرێی یەک نهۆمی خانوو لە نێوان ٢٥٠ بۆ ٣٥٠ هەزار دینارە. لە شوقە و گەڕەکە نوێیەکان نرخەکان لە ٣٥٠ دۆلارەوە دەست پێدەکەن تا ١٠٠٠ دۆلار. ڤێلاکانیش بە ١٥٠٠ بۆ ٢١٠٠ دۆلار مامەڵەیان پێوە دەکرێت.

دهۆک: لە گەڕەکە ئاساییەکان کرێ لە ١٠٠ بۆ ٢٠٠ دۆلارە، لە گەڕەکە مامناوەندەکان ٢٥٠ بۆ ٣٥٠ دۆلار، و لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندا دەگاتە ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ دۆلار.

هەڵەبجە: لەناو شاردا لە ١٥٠ بۆ ٢٠٠ هەزار دینارە، بەڵام لە سیتییەکاندا نرخەکان جیاوازن.

کەلار (گەرمیان): لە پڕۆژە ناودارەکان بەرزترین نرخ زیاتر لە یەک ملیۆن دینارە و کەمترینی ٦٥٠ هەزارە. لە گەڕەکە میللییەکان کرێ نزیکەی ٢٠٠ هەزار دینارە و لە گەڕەکە باشەکان دەگاتە ٥٠٠ هەزار دینار.

 هاووڵاتییان: حکومەت کەمتەرخەمە

 حەسەن یاسین، هاووڵاتییەکی دانیشتووی دهۆک، دەڵێت: "لە خانوویەکدام کرێی مانگانەی ٢٥٠ هەزار دینارە. ئەگەر مووچە لە کاتی خۆیدا بێت، دۆخەکە باشە، بەڵام دواکەوتنی مووچە گرفتی زۆرمان بۆ دروست دەکات. خاوەن خانووەکان زۆر جار کێشە دروست دەکەن و هەندێکیان گرێبەستی شەش مانگی دەبەستن، کە ئەمەش بۆ هاووڵاتی قورسە."

 سامان فەلاح، کاسبکارێکی کەلار، دەڵێت: "مانگانە ٢٠٠ هەزار دینار کرێ دەدەم. هەندێک جار هێندە کارم دەست ناکەوێت کە بتوانم کرێی مانگانە دابین بکەم، بۆیە خاوەن خانووەکە چەندین جار هەڕەشەی دەرکردنی لێ کردووم. ڕاستە ئەویش مافی خۆیەتی، بەڵام ژیانی ئێمەش ئاوایە. بەداخەوە حکومەت کەمتەرخەم بووە و بیری لە دروستکردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە تێچوویەکی کەم بۆ هاووڵاتیان نەکردووەتەوە."

 قادر محەمەد، مامۆستا لە سلێمانی، ئاماژە بەوە دەکات: "حکومەت نەیتوانیوە ڕێگری لە هاتنی لێشاوی ئاوارەی عەرەب بگرێت کە هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی کرێی خانوون. بەشێکی زۆری پڕۆژەکان پڕ بوون لە عەرەb و لایان گرنگ نییە چەند کرێ دەدەن. خاوەن خانووی کوردیش کاتێک دەبینێت عەرەب پارەی زیاتر دەدات، خانوو بە کرێی کەم ناداتە هاوزمانەکەی خۆی."

 بۆچی نرخەکان دانابەزن؟

 بیلال سەعید، بەڕێوەبەری دامەزراوەی "موڵک"، بە (ڕێگای کوردستان)ی وت: "ژمارەی پڕۆژەکان لە ئاستێکی بەرزدایە، بەتایبەت لە سێ ساڵی ڕابردوودا. هەرچەندە بڕیارێکی حکومەت هەیە بۆ ڕاگرتنی مۆڵەتی نوێ، بەڵام پڕۆسەکە هێشتا بەردەوامە. لە ئێستادا تەنها لە هەولێر ٤٣ پڕۆژەی شوقە و ٨ پڕۆژەی ڤێلا کاریان تێدا دەکرێت."

 ناوبراو وتیشی: "بۆ پاڵپشتیی کرێنشینان، پێویستە حکومەت هاوکاریی وەبەرهێنەران بکات و بەشێک لە تێچووی خزمەتگوزارییەکان بگرێتە ئەستۆ، وەک ئەوەی لە وڵاتانی تر دەکرێت. بەداخەوە لە هەرێم، نە حکومەت، نە کۆمپانیاکان و نە بانکەکانیش ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵناگرن کە قەرز بدەنە کڕیاران. ئەمەش وای کردووە دابینکردنی یەکەکان سنووردار بێت و کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی کرێنشینان نەبێت."

 ١٨ ساڵ بەرزبوونەوەی بەردەوام

 بەرهەم سەردار، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان، دەڵێت: "کرێی خانوو ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، چونکە ژمارەی ئاوارە عەرەبەکان زیاد دەکات. هۆکارێکی دیکە هەموارنەکردنەوەی یاسای ژمارە ٧ی ساڵی ٢٠٠٨ـە، کە تەنها لە خزمەتی خاوەن پڕۆژەکاندایە و پەرلەمانتاران دەستیان بۆ نەبردووە."

 ناوبراو وتیشی: "ئەو پڕۆژانەی دروست دەکرێن بۆ چینی مامناوەند و دەوڵەمەندن و زۆربەی کڕیارەکانیان عەرەبن . حکومەت بەهۆی نەبوونی پلان و نزیکیی لە وەبەرهێنەران، نەیتوانیوە نرخێکی دیاریکراو بۆ کرێی خانووبەرە دابنێت. زۆربەی پڕۆژەکان بەرپرسانیان لە پشتە، بۆیە وەبەرهێنەر نرخ دانابەزێنێت. لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە تا ئێستا، ١٤ جار کرێی خانوو بەرز بووەتەوە و هیچ یاسایەک نەبووە ڕێکی بخات."

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا