
هاوڕێ كرێكار/ رێگای كوردستان
نزیكدەبینەوە لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و كێشەی مووچەش بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەروونیش باس لە كاریگەرییە خراپەكانی دۆخی مووچەخۆران و رەنگدانەوەی لەسەر ژیانیان دەكەن. مامۆستایانی پیشەیی كوردستانیش هۆشداری دەدەن لە خراپتربوونی دۆخەكە.
پێشكەوت حەمە ئەمین مامۆستایە لە شاری سلێمانی، باس لەوە دەكات كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، هیچ باكی بە ژیان و گوزەرانی مامۆستا بەتایبەتی و مووچەخۆران بەگشتی نییە. "ئەوە دەرگای قوتابخانە كرایەوە لە پشووی هاویندا یەك مووچەمان وەرگرتووە، نازانم چۆن داوامان لێدەكەن دەوام بۆ حكومەتێكی بێباك بكەین" وتیشی: ئەم بێدەربەستییەی حكومەتی هەرێم وایكردووە مامۆستایان بە پلەی یەكەم بیر لە بایكۆتی ناوەندەكانی خوێندن بكەنەنەوە تا فشار دروستبكەن.
رێكخراوی مامۆستایانی پیشەیی كوردستان، یەكێكە لەو ڕێكخراوانەی هەموو كات پاڵپشت و پشتیوانی مامۆستایان بووە، لەبارەی دواكەوتن و پێنەدانی مووچەی مانگەكانی 6،7،8، و دیاریكردنی دەستبەكاربوونی مامۆستایان، هۆشداری لەبایكۆتكردنی مامۆستایان دەدات. هیوا محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی باڵای مامۆستایانی پشەیی بە ڕێگای كوردستانی وت: دیاریكردنی رۆژی دەستبەكاربوونی مامۆستایان لە ناوەندەكانی خوێندن بۆ ساڵی تازەی خوێندن، بەهیچ شێوەیەك كاتەكەی گونجاو نییە، چونكە مامۆستایان هێشتا مووچەی مانگی حوزیرانیان وەرنەگرتووە، لەبەرانبەریشدا هیچ بەرچاوڕوونییەك نییە بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە. وتیشی: وەزارەتی پەروەردە وەكو بەشێك لە ئەنجومەنی وەزیران پێش ئەوەی بڕیاری دەستبەكاربوون دەربكات ڕاستتر ئەوە بوو بیگوتایە یاری بە میزاجی مامۆستا و فەرمانبەران نەكەن و گرفتی نەهاتنی مووچەكانیان چارەسەر بكەن. هیوا محەمەد هێما بۆ ئەوەش دەكات كە هێزە دەسەڵاتدارەكان لەئاستی داواكاریی ڕەوای مامۆستایان و فەرمانبەران نین، بۆیە دەوام ناكرێت و بەناچاری مامۆستایان بایكۆت وەكو بژاردەیەكی ناڕەزاییدەربڕین پەیڕەودەكەن، ئەمەش وایكردووە كە بارودۆخی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە ساڵانی ڕابردوو خراپتر دەبێت و ئومێدی باشتری لێ ناكرێت. داواش لە باوك و دایكی قوتابییان و خوێندكاران دەكات هاوكاری بایكۆتكردنی مامۆستایان بن تاكو بە زووترین كات بە فشار حكومڕانانی هەرێم ناچار بكرێن چارەسەری خێرا بدۆزنەوە.
كاریگەریی پێنەدانی مووچە تەنها لەسەر مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران نەوەستاوە، بەڵكو كاریگەریی كردووەتە سەر كرێكاران و بووەتە هۆی ئەوەی بەشێك لەوانەی كاری ڕۆژانەیان دەكرد كاركردنیان وەك پێویست دەستنەكەوێ.
محەمەد ئەنوەر كارێكارێكی دانیشتووی ناحیەی ڕزگاری سەر بەقەزای كەلارە، ئەو باس لەوە دەكات بەهۆی ئەوەی مووچە بۆ مووچەخۆران نایەت، كاركردنی ئێمەش وەك پێویست نییە، "هەفتە هەیە تەنیا یەك رۆژ كارم دەستدەكەوێت، پێشتر لەهەفتەیەكدا 4 تا 5 ڕۆژ كارماندەكرد" ئاماژەی بەوەشدا، هۆكارێكی دیكەی كەمی كاركردن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ژمارەیەكی زۆر كرێكار لەناوچە جیاجیاكانی عێراق ڕوویان لەهەرێم كردووە و بەنرخێكی كەمتر لە كرێكاران كاردەكەن و ئەمەش وایكردووە كە كرێكارانی هەرێمی كوردستان وەك پێویست كاریان دەستنەكەوێت.
كرێنشینانیش بەهۆی دواكەوتن و نەدانی مووچەوە رووبەڕووی دۆخێكی سەخت بوونەتەوە. بەرهەم سەردار سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشیانانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ ڕێگای كوردستان رایگەیاند لە سنووری هەرێمی كوردستان نزیكەی 200 هەزار كرێنشین هەیە و بەسەر شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دابەشبوون. "بەهۆی ئەوەی ماوەی سێ مانگە مووچە نەهاتووە، ڕووبەڕووی گرفتێكی زۆر بوونەتەوە لەگەڵ خاوەنی ئەو خانووانەی بەكرێ تێدا نیشتەجێین، بەشێوەیەك لە زۆر جێگا كرێنشین لەخانوو دەركراوە یان هەڕەشەی دەركردنی لێ كراوە" . سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان هێما بۆ ئەوەش دەكات كە چەندین كەیس لە داداگا بوونیان هەیە كە پەیوەندییان بە نەدانی كرێوە هەیە لەلایەن كرێنشینانەوە، ئەمەش راستەوخۆ پەیوەندیی بە نەدانی مووچەوە هەبووە. "ئەوەی جێگای نیگەرانییە حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی هۆكاری نەهاتنی مووچەیە، هەرخۆشی نەیتوانیوە گرفتی كرێنشینان چارەسەر بكات، ڕێنمایی یان بڕیارێك بدات كە ئەو هاووڵاتییانەی خانوویان بەكرێداوە كەمێك چاویان لەكرێنشینان بێت بۆ ئەوەی لەم دۆخە قەیراناوییەدا ڕزگارییان بێت و هاوكار و هەماهەنگیان بن".
بەپێی بەدواداچونێكی ڕێگای كوردستان، بەهۆی نەدانی مووچەوە چەندین كێشەی خێزانی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دروستبوون و بەشێكیش لە كێشەكان لە دادگان. سوهام محەمەد چالاكوانێكی بواری مافەكانی ئافرەتان باس لەوە دەكات كە كێشەی نیوان ژن و مێرد ڕووی لە زیادبوون كردووە، هۆكارەكەشی بەزۆری كێشە ئابوورییەكانە كە بەهۆی نەدانی مووچەوە دروستبوون. ئاماژەی بەوەشدا ئەگەرچی كێشەكانی ئافرەتان بەشێكیان لای لیژنەی ئاشتەوایی بەكاتی بەڕێدەكرێن، بەڵام بەشێوەیەكی بنەڕەتییانە چارەسەرناكرێن. گوتیشی: (كاسەی پڕ ئاشتی ماڵە) بەداخەوە بەهۆی گرفتی مووچەوە كێشەی زۆر بۆ خێزانەكان دروستبووە، بەداخیشەوە هەندێك خێزان لێك جیادەبنەوە .
محەمەد نەجیب، توێژەری كۆمەڵایەتی باس لەوە دەكات كە كیشە داراییەكان دەكرێت ببنە هۆی هەڵوەشانەوە و لێكترازانی خێزانەكان. "نەهاتنی مووچە دەبێتە هۆی دروستبوونی كێشەی كۆمەڵایەتی بەتایبەت لەو خێزانانەی منداڵەكانیان لەتەمەنی هەرزەكاریدان چ كوڕ یان كچ بێ، هەروەها زۆرجار دەبێتە هۆی گرفتی دەروونی و كێشە دەروونییەكان وەك دڵەوڕاوكێ و جۆرێ لەنائومێدی و نەبوونی ئاسۆی ڕوون بۆ داهاتوو دروستدەكات ".