نعمان عومەر
ئاشکرایە کە لە ماوەکانی ڕابردوودا، کورد بە توندی دەستەکانی خستە سەر دڵی و هێجگار نیگەران بوو لە هەڵوێستی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بە گشتی، و بە تایبەت فەڕەنسا و ئەمریکا، لەسەر ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ سووریا و تورکیادا ئەنجامیان دا؛ کە دەرئەنجامەکەی هێرشی وەحشیگەرانەی چەکدارانی جۆلانی لێکەوتەوە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری. ئەم هێرش و پەلاماردانە زۆر مەترسیدار بوو، بە تایبەت کاتێک تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا، بە ئاشکرا پاڵپشتیی شەرعییەتی دەکرد و نەک تەنیا دژی خۆبەڕێوەبەری بوو بۆ کوردی سووریا، بەڵکوو دژی فیدراڵییەتی باشووریش قسەی دەکرد و سیستەمی فیدراڵیی بە نەشیاو ناو برد بۆ عێراق.
بەڵام خۆڕاگری و "نا"یە مێژووییەکەی مەزڵووم عەبدی و هەسەدە لە لایەک، و پشتیوانی و ڕابوونی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات لە لایەکی تر، هاوکێشەکەی پێچەوانە کردەوە. دواتریش کۆنگرێسی ئەمریکا و حکومەتی فەڕەنسا چاویان خشاندەوە بە ڕێککەوتنەکەدا، بە تایبەت کاتێک بینییان هێزەکانی بەناو سوپای سووریا چ شێوەیەکی هەمەجی و وەحشییانە کەوتوونەتە کوشتن، سەربڕین، سووتان و دەستدرێژیکردن بۆ سەر ژنانی کوردی ڕۆژاوا. تێگەیشتن کە شەرع و هێزە بکوژەکەی، زمانی ڕێککەوتن، ئاشتی و پێکەوەژیان نازانن؛ بۆیە ئەم ڕێککەوتنەیان بە دەرفەت زانی بۆ هەوڵی قڕکردن و شاڵاوی ڕەشەکوژی دژی گەلی کورد.
ئێستا هاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە و پێناچێت بە دڵی نەیارانی کورد ڕێ بکات. بۆیە کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە لایەک بانگی هەسەدە و کورد دەکەن بۆ پرسی ئاشتی، لە لایەکی تریش جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان وەک خۆی دەکەن و هەڕەشەی گەمارۆ و هاوکاری نەکردنی شەرعییەت دەکەن. ئەگەر کورد پارێزراو نەبێت و مافەکانی زامن نەکرێت، بانگکردنی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بۆ گفتوگۆی میونشن، وەک جۆرێکە لە پەیام و دانپێدانانی فەرمی بە هەسەدەدا.
ئەوەی ڕووی دا لە یەکگرتنی کورد و دەنگ هەڵبڕین دژی قڕکردنی گەلەکەمان، تەنیا خۆپیشاندانێکی کاتی و تێپەڕ و نۆستالژیا (لاوانەوە) نەبوو بۆ قوربانییەکانی ڕابردوو؛ تەنیا بیرهێنانەوەی دیمەنەکانی ئەنفال، کیمیاباران و تاوانە کۆمەڵکوژییەکان نەبوو، بەڵکوو لە پاڵ بیرهێنانەوەی ئەم کارەسات و تراژیدیایانەدا، جۆرێک لە هۆشیاریی نەتەوەیی، هەستی هاوبەش و پەیوەندیی ڕووحی ئامادە بوو. ئەم حوزوورەش کاریگەریی کردە سەر کۆمەڵی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی شەقام، پەرلەمانی ئەورووپا و کۆنگرێسی ئەمریکی. هاوکات بەم هاوکێشانە، ستراتیژی نوێی ئابووری و سیاسیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە و ئەو ڕێڕەوە غازی و نەوتییانەی دەکەونە ناو نەخشەی تازەی ئابووریی جیهانی سەرمایەدارییەوە -کە کوردستان دەکەوێتە ناو ئەو بازنەیەوە- بووەتە هۆکاری سەرەکی بۆ گرنگیی ڕۆڵی کورد لە ناوچەکەدا.
ئێستا ئیتر کورد بەشێکی گرنگە لە پڕۆسەی ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەخشەی نوێی گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان. بە جۆرێک ئیتر ڕەنگە زۆر گرنگ نەبێت ئایا تورکیا قبووڵی ئەم واقیعە نوێیە دەکات یان نا، بەڵکوو سەرنجی سەرەکی ئەوەیە: ئاخۆ چیتر توانای پەراوێزخستنی کورد هەیە لە پڕۆژەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
لە مەرجەکانی ئێستادا، ئەمریکا زۆر گرنگی بە ناتۆ نادات و هاوکاریی مادی ناکات، هەروەها لە تەندروستیی جیهانی و ژینگەی جیهانی پاشەکشەی کردووە، هاوکات فشاری زۆر دەخاتە سەر ئەورووپا. هەموو ئەمانەش وادەکات ڕۆڵی تورکیا نە بۆ ئەمریکا و نە بۆ ئەورووپا ئەو گرنگییەی نەمێنێت؛ چونکە هاوپەیمانێتیی ناتۆ چیتر ئەو بایەخەی سەردەمی شەڕی ساردی نەماوە و هاوکێشەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گۆڕاوە.
تورکیا خاوەنی ئەو میسداقییەتە نییە لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ جیهاندا. ئەورووپاش ئەو پێویستییەی بە تورکیا نییە، چونکە لە ئێستادا سووریا و لە ئایندەشدا کورد دەتوانێت ئەو ڕۆڵە ببینێت. جگە لەوەی ئەورووپا لە ئێستادا لەژێر فشاری زۆری ئەمریکادایە و تورکیا ئەو هاوپەیمانە متمانەپێکراوە نییە. هەموو ئەمانە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵی ستراتیژیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ نەهێشتنی دەوڵەتی ناوەندیی بەهێز، ئابووریی نەخشەبۆکێشراو و ئایدۆلۆژیای شموولی.
بۆیە وا چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەدا ڕۆڵی کورد گرنگ و دینامیکی بێت لە پڕۆسەی گۆڕانکاریی ناوچەکەدا. ئەوەی دەمێنێتەوە و پێویستە، ئەوەیە کە سیاسییەکانی کورد و حیزبەکان لە ئەقڵییەتی بنەماڵەیی، خێڵ و حیزب دەرچن و بەرز ببنەوە بۆ ئاستی بەرپرسیارێتیی ئەم قۆناغە مێژووییە؛ هەنووکە ژینگەی سیاسیی لەبار ئامادە بکەن بۆ گۆڕانکاریی گەورە و چارەنووسساز، لەوانە گرێدانی کۆنگرەی نەتەوەیی و نیشتمانی، یەکخستنی کۆمەڵێک مانا و بەهای ڕەمزی، ڕووداوی مێژوویی و کارەکتەرە گرنگەکانی ناو مێژووی نوێی گەلەکەمان. چونکە کارێکی وەها، زەمینەسازی دەکات بۆ ئاوێزانبوونی زیاتری نەتەوەیی و ئاوێتەبوونی زۆرتری هەستی ڕووحیی گشتی، کە بەسەر یەکەوە بایەخێکی گرنگیان هەیە بۆ یەکگرتنی سیاسی و هاوپشتیی جەماوەری بۆ هەر ئەگەرێکی چارەنووسساز.
________________________________________

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا