ستار ئەحمەد

کاتێک باس لە پەیوەندی و ململانێی ئەزەلیی نێوان داد و ستەم دەکەین، لە ڕاستیدا باس لەو مەودا قووڵ و پڕ لە ئازارە دەکەین، کە لە نێوان یاسا پیرۆزەکان و واقیعێکی پڕ لە زوڵمی مرۆییدا دروست بووە؛ ئەو درزە گەورەیەی ،کە وایکردووە مرۆڤی هاوچەرخ لە نێوان دروشمەکان و ژیانی تاڵی ڕۆژانەیدا تووشی نامۆبوون و بێئومێدییەکی کوشندە ببێت. ئاسمان لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە پەیامی ناردووە تا ئابڕووی مرۆڤ بپارێزێت، تا ڕێگری بکات لەوەی مرۆڤ ببێتە گورگ بۆ برای خۆی، تا شکۆو سامان و گیانی هەموو تاکێک وەک هێڵێکی سوور تەماشا بکرێت، بەڵام کاتێک سەیری دەوروبەر دەکەین، دەبینین ئەو پیرۆزییانە بوونەتە قوربانی بەرژەوەندیی هێزەکان و ئایین و یاسا کراونەتە کەرەستەیەک بۆ داپۆشینی ڕووی قێزەونی تاوانباران.
گەورەترین کێشە لێرەدا ئەوەیە کە زۆر جار سیستەمەکان و لێکدەرەوەکانی پیرۆزی، لە بری گەڕان بەدوای جەوهەری مافدا، تەنها خەریکی پاراستنی ڕواڵەتی یاساکانن و هەموو ئایینیان لە چەند تاڵێک ڕدێندا کورت کردووەتەوە. زۆر بە وردی و بە جۆش و خرۆشەوە باس لە درێژی و کورتیی ڕیش دەکەن و وەک ئەوەی گەورەترین کێشەی گەردوون بێت، دەیکەنە پێوەری  ڕەوشت و باوەڕو پۆلێنکردنی مرۆڤەکان بۆ چاک و خراپ. لێرەدایە کە فەلسەفەی دادپەروەری لەناو دەچێت؛ چونکە کاتێک ڕواڵەت مەرجی پیرۆزیی ڕەها بێت، مرۆڤ دەبێتە قوربانیی. 
ستەملێکراو دەپرسێت: چۆن دەبێت تاشینی ڕیش ببێتە گوناهێکی گەورە و هەموو سەکۆکانی بۆ بهەژێنرێت، بەڵام لەناوبردنی خێزانێک، دەستدرێژیکردنە سەر ئابڕووی دایک و خوشک، دزینی ڕەنجی چەندین ساڵەی مرۆڤێک و دەربەدەرکردنی بە چوار لای وڵاتدا، تەنها وەک ڕووداوێکی ئاسایی یان چارەنووسێکی خودایی  تێپەڕێنرێت.....؟
لە ڕووی مێژووییەوە، هەموو شارستانییەتەکان کاتێک داڕماون، کە یاسا بووەتە تەڵە بۆ هەژار و قەڵغان بۆ بەهێز. کاتێک دەسەڵاتدار و ستەمکار دەتوانن بە چوار وڵاتدا مرۆڤێک ڕاو بکەن و ژیانی تێکبدەن، بەڵام هیچ دەقێکی یاسایی یان ئایینی نییە ڕێگرییان لێبکات، ئەوا ئێمە لەبەردەم جەنگەڵێکی ڕێکخراوداین نەک کۆمەڵگەیەکی خاوەن شارستانی. کێشەی داد و ستەم تەنها کێشەی وشە نییە، بەڵکو کێشەی بوونە. ئەو گەوجاندن و فێڵە مرۆییانەی، کە بە ناوی پیرۆزییەوە هەموو تاوانێک دادەپۆشن، گەورەترین مەترسین بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی. بێدەنگیی پیاوانی ئایینی و یاسا ناسان لە ئاست ستەمی گەورە و هاوارکردنیان لە ئاست وردەکارییەکی ڕواڵەتی، نیشانەی تێکچوونی هاوسەنگیی ڕەوشتییە لە کۆمەڵگەدا.
لە لایەکی ترەوە، دەروونناسیی ستەمکار پێمان دەڵێت: کە ئەوانەی مافی خەڵک دەخۆن، هەمیشە پێویستیان بە پەردەیەک هەیە بۆ حەشاردانی ناشرینییەکانیان؛ چ پەردەیەک لە بابەتی لاوەکی و دروشمی ئایینیی باشترە بۆ ئەوەی سۆزی خەڵکی پێ ڕابکێشرێت و ڕێگری لە لێپرسینەوە بکرێت.....؟
 بەڵام ئاسمان و ویژدانی مرۆیی تەنها ئەو کاتە ئاشت دەبنەوە کە پیرۆزیی ژیانی مرۆڤ بخرێتە سەروو هەموو بەرژەوەندییەکەوە. ئەگەر یاسایەک نەتوانێت پەنایەک بێت بۆ بێدەرەتان، ئەگەر نەتوانێت دەستی بکوژ و دز کورت بکاتەوە و تۆڵەی ستەملێکراو لە ستەمکار بسێنێتەوە، ئیتر چ جیاوازییەکی هەیە لە نێوان بوونی ئەو یاسایە و نەبوونی....؟
دادپەروەریی ڕاستەقینە ئەوەیە کە ڕێگری لە هەر جۆرە دەستدرێژی و زەوتکردنی مافێک بکرێت، کە بە ناوی یاسا و ئایین و وڵاتەوە ئەنجام دەدرێت. تا ئەو کاتەی مرۆڤ لەسەر ئەم زەوییە هەست بە ئارامی و پارێزراوی نەکات، مەودای نێوان ئاسمان و زەوی هەر بەو شێوەیە پڕ لە گومان و ئازار دەمێنێتەوە. بێدەنگی لە ئاست ستەم، گەورەترین تاوانە کە هیچ ڕیش و پۆشاک و دروشمێک ناتوانێت پەردەپۆشی بکات. ململانێی ڕاستەقینە لێرەدا لە نێوان وشەکاندا نییە، بەڵکو لە نێوان ئەو دادەیە کە کەرامەتی مرۆڤ دەپارێزێت و ئەو ستەمەی کە جیهانی داپۆشیوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا