
بەهۆی بڵاوبوونەوەی شەپۆلێکی پەتای وەرزی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، گوشارێکی زۆر کەوتووەتە سەر بەشی (نەخۆشخانەی- قەڵا) لە نەخۆشخانەی فێرکاریی گشتیی کەلار. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان بەهۆی توندیی نیشانەکانی پەتاکەوە پێویستیان بە مانەوە (داخلبوون) لە نەخۆشخانە دەبێت.
بەپێی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی فێرکاری کەلار ئاستی بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە هەڵکشاندایە، بە جۆرێک:
• ڕۆژانە: نزیکەی ٦٠ منداڵ بەهۆی تێچوونی باری تەندروستییانەوە داخل دەکرێن.
• لە ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا: کۆی گشتی ٦٠٠ نەخۆش لە بەشی (نەخۆشخانەی- قەڵا) داخڵکراون و دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست، بە تەندروستییەکی باشەوە ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
ئیدارەی نەخۆشخانەی فێرکاریی گشتیی کەلار داوا لە دایکان و باوکان دەکات:
• لەکاتی دەرکەوتنی نیشانە سەرەتاییەکانی وەک (تا، کۆکە، یان بێهێزی)، دەستبەجێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕی منداڵان بکەن.
• بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی ڤایرۆسەکە، تا دەکرێت منداڵەکانتان لە شوێنە قەرەباڵغەکان دوور بخەنەوە.
ئەمەو لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا.
ئیدارەی نەخۆشخانەی فێرکاریی گشتیی کەلار - قەڵا، سوپاس و دەستخۆشی بێپایانی خۆی ئاڕاستەی تەواوی پزیشکان، پەرستاران و کارمەندانی بەشی (ن) دەکات، کە شەو و ڕۆژیان خستووەتە سەر یەک بۆ خزمەتکردنی منداڵانی سنوورەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم شەپۆلە بێ ماندووبوون.