
ژووری هەواڵ
شەوی ڕابردوو، چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا میوانداری فالح ساری، وەزیری دارایی عێراقی کرد. کۆبوونەوەکە بە تایبەتی تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی هێڵە گشتییەکان و ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی ۲۰۲۷ی وڵات.
لە درێژەی ئەم ئامادەکارییانەدا، بڕیارە هەر ئەمڕۆ وەزیری دارایی بچێتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تاوەکو لەگەڵ لێژنە پەیوەندیدارەکاندا جەخت لەسەر وردەکارییەکانی تێپەڕاندنی ڕەشنووسەکە بکاتەوە.
هاوتەریب لەگەڵ جووڵەکانی بەغداد، ئەمڕۆ وەفدێکی باڵای هەرێمی کوردستان دەگاتە پایتەختی عێراق. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە سبەینێ چوارشەممە وەفدەکە لەگەڵ فالح ساری کۆببێتەوە بۆ ئەنجامدانی دوایین گفتوگۆکان سەبارەت بە دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی ۲۰۲۷دا.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆبوونەوەکانی ئەم دوو ڕۆژە دوا دەرفەت و کۆتا گفتوگۆ دەبن لەسەر پشکی کورد، بەر لەوەی پڕۆژەیاساکە بە فەرمی بنێردرێتە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پەسەندکردنی.
