
سەلام عەبدوڵڵا
زۆر كەس وادەزانن بەرنامەی فرۆشتنی كەرتە گشتیەكان تازەیە، بەڵام راستییەكە ئەمەیە:
دوای راپەڕینی1991 حزبە دەسەڵاتدارەكان بەشێوەی مافیایی دەستیان كرد بە جێبەجێكردنی بەرنامەی دەستگرتن بەسەر كەرتە گشتیەكان و فرۆشتنیان بە كەرتە تایبەتەكان و لە 2003وە ئیتر بە رابەرایەتی"سەركردە گەورە و حەكیم و مێژووییەكان"پێكەوە لەگەل كۆمپانیا بانناسیونالەكان و راوێژكار و رێكخراوە مەدەنیەكانیان، هێرشە گشتییەكەیان بەشێوەیەكی بەرفراوانتر جێبەجێ كرد:
- خانوبەرەكان
-نەوت و غاز و دەرهێنان و گواستنەوە و دامەزراندنی كرێكاران و تەنانەت ژەمەكانی خواردنیش.
- تەلەفۆن و ئینتەرنێت و پۆست(كۆڕەك، ئاسیاسێل، نەورۆز و ئەوانیتر)
- بازرگانی بە كارەبا و هێنانی سەدان هەزار موەلیدەی گەورە و بچووك.
- بازاڕی دراو(بانقی ئەهلی و گۆڕینەوەی دراو)
- دەرمان و نەخۆشخانە تایبەتەكان.
- ئاوی پاكی خواردنەوە
- پەروەردە(هەموو قۆناغەكانی، هەر لە داینگەوە تا زانكۆ و بڕوانامە باڵاكان)
- خزمەتگوزارییەكان
سوپای"رۆشنبیر و نووسەر و رۆژنامەنووس و فەیلەسوف"ی حزبەكان بەشێك بوون لەو تاوانە و بۆ رای گشتی ئارایشیان دەكرد و لەوانەش وێرانتر، رۆشنبیر و رۆژنامەنووس و نووسەرە"سەربەخۆكان" لەگوێی گادا نووستبوون و خەریكی بڵاوكردنی زبڵ و بۆگەنی بوون و هیچ بایەخێكیان بەم كارەسات و كاریگەرییەكانی نەدا. حزبی وا هەبوو هەتا پێش ماوەیەك گاڵتەیان دەهات بە باسی(لیبڕالیزمی نوێ و بازاڕە ئازادەكەی) كەچی دەبینم ئێستا وەك"بیرمەند"كتێب لەبارەیەوە بڵاودەكەنەوە!
لێكەوتەكانی ئەم سیاسە ئەوەیە كە دەبینین: حزب/كۆمپانیا وەك حكومەتی 1%ی چینێكی بۆرژوای مشەخۆر و گەندەڵی تەلارنشین، دوا مافی گشتی هاوڵاتیان(خوێندنی خۆڕایی، پاراستنی تەندرووستی، بیمە كۆمەڵایەتی، دامەزراندن، كرێبەستی جێگیر...هتد)یان لەناوبرد، دیموكراسیان كرد بە بلۆكە دۆلار و خانوبەرە و كۆمپانیا و مافی مرۆڤ خۆی لە بێكاری و هەژاری و ئاوارەیی و ئاژاوە و نائارامیە كۆمەڵایەتییە دەبینێتەوە. درۆی شاخداری(قەیرانی دارایی..قەیرانی ئابووری) ئاشكرا بوو و بەروونی ئێمە لە قەیرانییەكی گشتیداین و هۆكارەكەی رێكخستنی ژیان لە بەرنامەی لیبڕالیزمی نوێ و بازارە ئازادەكەیە.
لە هەموو گرنگتر ئەم لایەنەیە: چی لەبەرامبەر ئەو تیرۆر و تۆقانە بكرێت؟ هەڵویستی ئۆپۆزیتسیون و رۆشنبیرەكانی چییە؟ بۆچی ( كرێكار، بێكار، خانەنشینان، جووتیاران، كارمەندە بێ موچەكراوەكان بە پێشمەرگە و ئاسایش و ئەنتی تیرۆرە ماڵوێرانكراوەكان) سیاسەتی ئەڵتەرناتیف لە شەقامەكان بەرزناكرێتەوە، بۆ نموونە: حكومەتی هەرەوەزییەكان لەبەرامبەر حكومەتی كەرتە تایبەتەكان: گشت بۆ گشت ئەگەر بەراستی دەمانەوێت بیسەلمێنین مرۆڤ برای مرۆڤە!
