
ئامادەكردنی: ئەوین حەكیم پوور
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا لەناو بەرداشی دوو هەژموونی گەورەدایە و خەریكی خۆڕێكخستنەوەیە.
رابەر تەڵعەت، توێژەر و شیكەرەوەی سیاسی بە ئازادی ڕایگەیاند ، ململانێكان تەنها لە سنوورەكاندا نین، بەڵكو گواستراونەتەوە بۆ "كۆنتڕۆڵی گەرووەكان، سزاكانی دۆلار و جوڵە ئاسمانییەكان". ئەم قۆناغە بە قۆناغی "دیپلۆماسی لەژێر ئاگر و لولەی تفەنگدا" دەناسرێت.
محەمەد موشیر هەڵسوراوی سیاسی بە ئازادی ڕاگەیاند، گۆڕانكارییەكان هەمووناوچەكەی گرتۆتەوە، ئێمە لە بارودۆخێكی دەرونی ئالۆزدەژین چونكە وەك كورد نازنین چی دەگوزەرێت و چیمان دەوێت و گوتارێكی یەكگرتومان نییە. كشانەوەی ئەمریكا بەواتای كۆتایی هاتن بە رۆڵی ئەمریكا نییە لە ناوچەكەدا، پێشتریش كشایەوە بەڵام بەجۆرێكی تر گەڕایەوە.
لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی، بەپێی دیدی رابەر تەڵعەت: ڕیاز ئامادەكاری دەكات بۆ گۆڕینی نەخشەی سەربازی لەڕێگەی ١٠٠ هەزار چەكداری ناوخۆییەوە، نەك تەنها بۆ پاراستنی خاكەكەی، بەڵكو بۆ دەرهێنانی گەرووی ستراتیژی "بابولمەندەب" لەدەستی حوسییەكان و سوتاندنی كارتەكانی دەستی تاران.
ناردنی كەشتی فڕۆكەهەڵگری (یوئێس ئێس تیۆدۆر رۆزڤێڵت) و ناردنی ٩ هەزار سەربازی تر، نیشانەی ئەوەن كە واشنتۆن بەنیازی پاشەكشە نییە، بەڵكو خەریكی "دووبارە داڕشتنەوەی ستراتیژیی جوگرافیای هێزە". لێرەدا ئەمریكا مەرجەكانی خۆی فەرز دەكات نەك تاران.
عێراق لە ناوەندی جەنگێكی ستراتیژی ئاڵۆزدایە. رابەر تەڵعەت پێی وایە هەژموونی دارایی و ئاسمانی ئەمریكا بەسەر عێراقەوە (وەك پرسی فڕۆكەخانەی نەجەف و گەشتەكانی ئێران) وایكردووە گروپە چەكدارەكان بیانوویەك بدۆزنەوە بۆ ڕادەستنەكردنی چەكەكانیان و بیبەستنەوە بە كۆتاییهێنان بەو هەژموونە، كە ئەمەش كارێكی نزیك لە مەحاڵە.
لەلایەكی ترەوە، بەرەی سیاسی (چوارچێوەی هەماهەنگی) ڕێككەوتی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٧ی وەك وادەی كۆتایی بۆ جێبەجێكردنی پرسی چەك و كشانەوەی هێزەكان دیاریكردووە. لە هەمان كاتدا، سەركردە سیاسییەكانی وەك هادی عامری جەخت لە پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و تاران دەكەنەوە، كە ئەمە نیشانەی ململانێی توندی نێوان "سەروەریی نێودەوڵەتی" و "هاوپەیمانییە هەرێمییەكانە".
لە ژێر ڕۆشنایی ئەم گۆڕانكارییانەدا، مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەیلوولی ٢٠٢٦دا، چەند خاڵێكی وەك ئامادەكاری پێویست خستە ڕوو:
پێویستە یەكگرتنەوەی یەكەكانی ٧٠ و ٨٠ لە ئاستی شكڵی دەربچێت و هێزەكان لەسەر بنەمای "ناسنامەی هاووڵاتیبوونی كوردستانی" ڕێكبخرێنەوە بۆ بەرگری لە خاك و نیشتمان و هەرێم لەبەردەم بۆشاییەكی گەورەی بەرگری ئاسمانی و موشەكیدایە، كە لە كاتی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا دەبێتە خاڵی لاوازی قەوارەكە، بەڵام پێویستە لەسەر بنەمای پشت بەخۆ بەستن ئەم رووداوە بخونێنرێتەوە و ئامادەكاری پێویستی بۆ بكرێت . هاوكات حیزبی شیوعی رایدەگەینێتـ: خراپیی گوزەران، گرانیی سووتەمەنی و بەتایبەتكردنی كەرتە گشتییەكان، پەخستنی دامەزراوەكان باری ناوخۆیی هەرێمی لاواز كردووە، ئەمەش مەترسییە بۆ سەر قەوارەی هەرێم لەبەرامبەر مەیلی ناوەندییەتی بەغدا و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە
ناوچەكە لەبەردەم "پێكدادادان"دایە. لە ئاسمان، بانكەكان و ئاوەكاندا، ململانێی ستراتیژی بەردەوامە. لێرەدا ئەركی دەوڵەتەكان و ئابوورییەكان ئەوەیە كە لە هاوكێشەی "لاوازی و خۆڕێكخستنەوە" تێبگەن و خۆیان لەگەڵ قۆناغێكدا بگونجێنن كە تا ئێستا ئاسۆكانی ڕوون نین، بەڵام بێگومان ئاشتییەكی نزیكی تێدا نابینرێت.
