ژیاری هۆشیار 


بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد وەک ئامرازێک بۆ هاوکاری و ڕوونکردنەوە و وەرگێڕان و تێگەیشتن ئاساییە، بەڵام بەکارهێنانی بۆ نووسینی ساختە، پۆشینی بە بەرگی وشەی ڕەنگاورەنگ و ناساندنی وەک نووسینێکی سروشتی خودی، کارەساتی نووسین و مەعریفەیە، چونکە کاتێک نووسەرێک دەنووسێت، لە ڕاستیدا وەک توێژینەوەیەکی زانستی ڕۆڵ دەبینێت و درک بە کێشە، چارەسەر، ئەنجام و ڕاسپاردە دەکات و لەم سۆنگەیەوە بایەخی هزریی خۆی دەخاتە سەر پەڕە (هەرچەندە ئێستا بۆتە نۆتی مۆبایلەکانمان).
بەهەرحاڵ، کاتێک ئەم نووسەرە پەنا بۆ ژیریی دەستکرد و ئامرازە بێگیانەکان دەبات بۆ هۆنینەوەی دێڕە ساختەکان، تێکڕا ناوەڕۆکی نووسینەکە، پێشەکی و پاشەکییەکەی دەبنە ساختە و هیچ زیندوێتیەک لە نووسینەکەدا نامێنێت. کاتێک ئەو نووسینانە دەخوێنیتەوە لە خوێندنەوەش وەڕەس دەبیت. ئەمە وا دەکات مەودای نێوان خوێنەر و نووسین هێندەی تر دوور بکەوێتەوە.
دیارە لە نێوان خراپ و خراپتردا، ئەم پرسە خراپە، بەڵام خراپتر ئەوەیە کەسێک بە بەرگی نووسەرەوە دێت و نمایشی دێڕە ڕەنگاورەنگەکان دەکات بەو هەژمارەی کە خۆی نووسیویەتی، و پێشی وایە نووسینێکی مەزنی بڵاو کردۆتەوە. لە ڕاستیدا بێبایەخترین نووسین، ئەو نووسینانەن کە ژیریی دەستکرد دەیاننووسێت،  ڕاستە بە ڕواڵەت وشەکان بریقەدارن بەڵام لە ناوەڕۆکدا هیچ نین و پڕن لە پڕو پووچی.
گەورەترین کێشەی مرۆڤ ئەوەیە ناگاتە قۆناغی پرسیارکردن. خۆ ئەگەر کاکی نووسەر پرسیار لە خۆی بکات و بڵێت: ئەگەر من لە داڕشتنەوەی وتارێک یان نووسینێکدا هێندە باش نیم کە بەتوانای تێگەیشتنی خۆم بنووسم ، ئیتر بۆ بنووسم؟، بۆیە کاتێک نووسەرێک گەیشتە ئەوەی گزی لە نووسینەکانی خۆیشی بکات، چیتر ئەو کەسە مافی بە نووسینەوە نامێنێت.
.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا