
بە سەرپەرشتی فەریق روکن عەبدولئەمیر شەممەری و بە ئامادەبوونی سوپاسالار عەبدولئەمیر یارەڵڵا و ژمارەیەک لە فەرماندە و بەرپرسانی باڵای ئەمنی و هەواڵگریی عێراق، کۆبوونەوەیەکی فراوان بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی جورف سەخر بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، رێکارەکانی لێپرسینەوە لە بەرپرسانی کەمتەرخەم، خێراکردنی دەستگیرکردنی داواکراوان، یەکخستنی زانیارییە هەواڵگرییەکان و بەهێزکردنی پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکان تاوتوێ کران. بەشداربووانیش جەختیان لەوە کردەوە کە دۆسیەکە پێشێلکردنی سەروەریی دەوڵەت و دەستدرێژییە بۆ سەر سامانی گشتیی عێراق.
لە بەرامبەردا، کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق تۆمەتەکانی بەقاچاخبردنی نەوتی ڕەتکردەوە و رایگەیاندووە کە لیژنە تەکنیکییەکە هیچ زێدەڕۆییەکی لەسەر بۆرییەکانی نەوت نەدۆزیوەتەوە؛ بەڵکو شوێنە دیاریکراوەکان کۆگای سووتەمەنی و کارگەیەکی سادەی باشترکردنی کوالێتیی سووتەمەنین.
