
لە هەنگاوێکی دیپلۆماتی و فشاردا بۆ سەر حکومەتی لەندەن، زیاتر لە ٧٠ پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا لە نامەیەکی هاوبەشدا بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان، داوای دەستێوەردانی بەپەلە دەکەن بۆ پاراستنی کوردانی ڕۆژئاوا و ڕاگرتنی ئەو هەڕەشانەی لەسەریانە.
واژۆکارانی نامەکە نوێنەرایەتی شەقامی سیاسیی جیاوازی بەریتانیا دەکەن، کە پێکهاتوون لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار، پارێزگارانی ئۆپۆزسیۆن (تۆری)، لیبراڵ دیموکراتەکان، پارتی نەتەوەیی سکۆتلەندا (SNP)، پارتی سەوز و پارتی یەکێتیی دیموکراتیک لە ئیرلەندای باکوور.
ئەم فرەڕەنگییە ئاماژەیە بۆ بوونی کۆدەنگییەکی بەهێز لە پەرلەمانی بەریتانیا بۆ پشتیوانی لە دۆسیەی کورد.
لە بەشێکی نامەکەدا کە ئاڕاستەی (ئیڤێت کوپەر)، وەزیری دەرەوە کراوە، هاتووە: بەریتانیا قەرزاری ژنان و پیاوانی کوردە، ئەوان ساڵانێکە لە سەنگەری پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش بەرخۆدان دەکەن، پەرلەمانتاران جەختیان کردووەتەوە کە پاراستنی کورد لەم قۆناغە سەختەدا، کەمترین وەڵام و وەفایە بۆ دانەوەی ئەو قەرزە ئەخلاقییە.
نامەکە تیشکی خستووەتە سەر دۆخی مەترسیداری ئێستای سوریا و ئاماژەی بەوە داوە کە بەهۆی هێرشی گرووپەکانی سەر بە (ئەحمەد شەرع)، زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس ئاوارە بوون، هەروەها هۆشداریداوە لەوەی بەهۆی بەردەوامی هێرشەکان و بوونی پاشماوەی تەقەمەنی، هەزاران هاوڵاتی مەدەنی ناچار بوون زێدی خۆیان جێبهێڵن، بۆیە داوا دەکەن لەندەن دەستبەجێ هەنگاو بۆ پاراستنیان بنێت.