
سەروتاری ڕۆژنامەی (طریق الشعب)
هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا، یادەوەری شیوعییەکان، دیموکراتخوازەکان و هەموو نیشتمانپەروەران پڕ دەبێت لە خەم بۆ ئەوەی لە ٨ ی شوباتی ١٩٦٣دا ڕوویدا. کاتێک تاقمێک لە خراپەکاران، بە پاڵپشتی "شەمەندەفەرێکی ئەمریکی"، توانیان شۆڕشی شکۆداری ١٤ی تەمموز لەناوبەرن، سەرکردەکانیان تیرۆر کرد، دەستکەوتەکانی بواری سەربەخۆیی سیاسی، ژێرخانی ئابووری، ئازادییەکان و دادپەروەری کۆمەڵایەتییان وێران کرد.
دەستیان چووە خوێنی باشترین کچ و کوڕانی گەلەکەمان و هەزارانیان ڕاپێچی زیندان و ئەشکەنجە و ئاوارەیی کرد، بەمەش لە لایەکەوە شەرمەزارییەکی نەبڕاوەیان بۆ ٨ی شوباتی ڕەش و تاقمە تێوەگلاوەکانی تۆمار کرد و لە لایەکی ترەوە تاجەگوڵینەی شانازییان بەخشی بە بەرگریکاران و قوربانییانی ئەو ڕووداوە و بوونە مەشخەڵێک بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگا سەختەکە بەرەو بونیادنانی عێراقێکی دیموکراتی گەشەسەندوو.
هەرچەندە یادی ئەو ڕۆژە خوێناوییانەی کە سەدان نیشتمانپەروەر و شیوعی تێیدا بوونە قوربانی و لە پێشەنگیاندا سەرکردە مەزنەکانی حزبەکەمان (سەلام عادل، جەمال حەیدەری، محەمەد ساڵح عەبلي، حەسەن عەوینە، محەمەد حوسێن ئەبو عیس، جۆرج تەلۆ، عەبدولڕەحیم شەریف، حەمزە سەلمان، نافیع یونس، عەبدولجەبار وەهبی، عەدنان بەراک و هاوڕێ شەهیدە تێکۆشەرەکانی تریان) وەک یادێکی خەمناک دەکرێتەوە، بەڵام هەمیشە وەک وێستگەیەک دەمێنێتەوە کە وانەی تێکۆشانی گرنگی لێ هەڵدەقوڵێت لەوانەش: پەیوەندی نێوان کردەوەی تێکۆشەرانەی شیوعییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئامانجە نیشتمانی و چینایەتییەکان و ئەو گیانی قوربانیدان و هاوپشتییەی لە نێوانیاندا هەیە بۆ بەرز ڕاگرتنی ئاڵای حزبەکەیان.
هەروەها ئەم وانانە گرنگی دەستنیشانکردنی وردی ململانێ سەرەکییەکان و دوورکەوتنەوە لە وەهمی تێکەڵکردنیان نیشان دەدەن، جەخت دەکەنەوە سەر دەستگرتن بە ناسنامەی نیشتمانی گشتگیر و بەهاکانی ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی کە دەبێت ئامانجی سەرەکی هەر پڕۆژەیەکی نیشتمانی بن، بە جۆرێک کە دابەشکردنەوەی سامانی وڵات، بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و دابینکردنی خوێندن، تەندروستی، نیشتەجێبوون و کارێکی شکۆمەندانە بۆ هەموو هاووڵاتیان مسۆگەر بکات.
ئەمڕۆ ئەم وانانە گرنگییەکی زۆریان هەیە، دوای ئەوەی وڵاتەکەمان کەوتووەتە ناو تەنگژەیەکی گشتگیرەوە بەهۆی هەژموونی سیستەمی پشکپشکێنە (محاصصة)، کە بووەتە هۆی وێرانکاری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و لەدەستدانی هەزاران گەنج و ملیارەها دۆلار لە سامانی وڵات.
هەروەک چۆن کودەتاچییانی شوباتی ڕەش نەیانتوانی ئیرادەی عێراقییەکان و خولیایان بۆ ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بشکێنن، ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و شیوعییەکان، لە کاتێکدا سەری ڕێز بۆ شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییە دادەنەوێنن، چاوەڕوانی توندکردنەوەی تێکۆشان و سوودوەرگرتن لە وانەکانی مێژوون بۆ بونیادنانی سیستمێکی دیموکراتی فیدراڵی کە سەربەخۆیی و سەروەری وڵات بپارێزێت، دژی گەندەڵی بوەستێتەوە و چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت.
سەروەری و نەمانی بۆ شەهیدان،
شەرمەزاری و ڕسوایی بۆ تاوانباران و بکوژان،
سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان.