
نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووریی عێراق، لە شیکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە دا کە نەوتی کێڵگەکانی تاوکێ، فیشخاپوور و خورمەڵە لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی سۆمۆ و بە تانکەرەوە لە دوو رێڕەوی جیاوازدا بۆ دەرەوەی عێراق دەگوازرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی مەرسومی، کۆمپانیای نەرویجی DNO کارپێکەری سەرەکیی کێڵگەکانی تاوکێ و فیشخاپوورە و بەرهەمهێنانی ئەم دوو کێڵگەیە نزیکەی 73 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدایە، کە پشکی کۆمپانیاکەی تێدا 68%ە. ئەو هەروەها دەڵێت DNO لە نێو هەشت کۆمپانیای واژۆکەری ڕێککەوتنی ساڵی 2025 لەگەڵ عێراق بۆ رادەستکردنی نەوت بە سۆمۆدا نییە و پشکی خۆی بە کڕیارانی ناوخۆیی دەفرۆشێت.
بەپێی شیکردنەوەکە، یەکەم رێڕەوی گواستنەوەی نەوت لە دهۆک و لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بەرەو تورکیا، رێڕەوی دووەمیش لە سنووری سلێمانی و لە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانەوە بەرەو ئێران و دواتر ئەفغانستانە.
مەرسومی ئاشکرای کردووە کە لە سنووری سلێمانی، نەوتەکە سەرەتا لە کۆگا گەورەکانی نزیک باشماخ کۆدەکرێتەوە و پاشان بە تانکەر و کۆنتێنەری بارهەڵگری تایبەت دەگوازرێتەوە.
ئەم زانیارییانە لەلایەن مەرسومییەوە خراونەتەڕوو و پێویستیان بە پشتڕاستکردنەوەی سەربەخۆ هەیە
