
ڕێگای کوردستان
لە کاتێکدا فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەدەست دواکەوتنی مووچە و قەیرانی داراییەوە دەناڵێنن، بەپێی بەدواداچوونەکان، تێچووی مانگانەی ٣٢٩ ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق بارگرانییەکی گەورەی دارایی لەسەر بودجەی گشتی دروستکردووە و ژمارەکان بە خەیاڵی ناو دەبرێن.
بەپێی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و ئەو زانیارییانەی لە لیژنەی داراییەوە دەستکەوتوون، کۆی گشتی وەرگیراوی هەر پەرلەمانتارێک بە دوو بەش خەمڵێندراوە:
بەشی یەکەم بریتیە لە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەکان،هەر پەرلەمانتارێک مانگانە نزیکەی ١٠ بۆ ١٢ ملیۆن دینار وەک مووچەی خۆی وەردەگرێت. ئەم بڕە پێکهاتووە لە مووچەی (بنەڕەتی)،٤ ملیۆن دینار.
نزیکەی ٦ بۆ ٨ ملیۆن دینار،دەرماڵەی مەترسی و میوانداری و بڕوانامەیانە.
بەشی دووەم پرسی پاسەوانەکانی پەرلەمانتارانە،ئەمە ئەو بەشەیە کە زۆرترین مشتومڕی لەسەرە، هەر پەرلەمانتارێک مافی دامەزراندنی ١٦ پاسەوانی هەیە.
مووچەی هەر پاسەوانێک نزیکەی ٧٥٠ هەزار بۆ ١ ملیۆن دینارە،واتە هەر پەرلەمانتارێک مانگانە نزیکەی ١٢ بۆ ١٦ ملیۆن دینار تەنها بۆ پاسەوانەکانی خەرج دەکرێت ،کە لە زۆربەی خولەکاندا پارەکە ڕاستەوخۆ دەدرێتە پەرلەمانتارەکە و خۆی دابەشی دەکات بەسەر پاسەوانەکانیدا.
بەم جۆرە مووچەی هەر پەرلەمانتارێک و خەرجی پاسەوانەکانی مانگانە نزیکەی ٢٦ بۆ ٢٨ ملیۆن دینار لەسەر گەنجینەی دەوڵەت دەکەوێت.
مانگانە پەرلەمانی عێراق تەنها بۆ مووچە و پاسەوانی ئەندامەکانی، نزیکەی ٩ ملیار دینار خەرج دەکات.
ئەمە جگە لە خەرجی ئیفاد، سەفەر، چارەسەری پزیشکی و میزانیەی نوسینگەکان کە ئەوانیش بودجەی تایبەتیان هەیە.
زۆری مووچەو ئیمتیازاتی پەرلەمانتاران نیگەرانی زۆری لێکەوتووەتەوە،ئەمەش وایکردووە هەمیشە داوای کەمکردنەوەی ئەو ئیمتیازاتانە بکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ کەمکردنەوەیان نەنراوە.