
بەگوێرەی ئامارەکانی بانکی ناوەندی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمان، کۆی گشتی قەرزەکانی عێراق ناوخۆیی و دەرەکی گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز کە مەترسی لەسەر بودجەی گشتی دروستکردووەو قەرزە ناوخۆییەکانیش بە بارگرانی سەرەکی لەسەر حکومەت دادەنرێت.
بەپێی دواین داتاکانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ و سەرەتای ٢٠٢٦، قەرزی ناوخۆیی لە دەوروبەری ٩٠ بۆ ٩٢ تریلیۆن دیناری عێراقی دەخەمڵێنرێت.
ئەم قەرزانە زۆربەی پارەی بانکی ناوەندی و بانکە حکومییەکانی وەک ڕەشید و ڕافیدەینن کە حکومەت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە لێیانی وەرگرتووە.
سەبارەت بە قەرزی دەرەکیش ئەو بڕەیە کە عێراق ئێستا دەبێت بیگەڕێنێتەوە قەرزەکانی دوای ٢٠٠٣ و قەرزە نێودەوڵەتییەکانە، ئەم بڕە کەمبووەتەوە و دەگاتە نزیکەی ٩ بۆ ١٠ ملیار دۆلار.
عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی زۆری قەرزەکانی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی و قەرزەکانی کوەیتی داوەتەوە.
قەرزی کەڵەکەبوو، کە قەرزەکانی پێش ساڵی ١٩٩٠ و سەردەمی جەنگەکانە بە تایبەت قەرزی یانەی پاریس و وڵاتانی کەنداو، کە حکومەتی عێراق دانی پێدا نەناوە یان ڕێککەوتنی لەسەر نەکراوە بۆ دانەوەی، بە نزیکەی ٤٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، بەڵام عێراق ئێستا لەم کاتەدا ئەم بڕە ناداتەوە.
ئەگەر هەموو جۆرەکانی قەرز ناوخۆیی و دەرەکی چالاک و دەرەکی کۆن) هەژمار بکرێت، هەندێک سەرچاوەی پەرلەمانی ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆی گشتی پابەندبوونی عێراق دەگاتە نزیکەی ١٥٠ ملیار دۆلار.
لە ئێستادا دۆخی دارایی عێراق، زیاتر لەژێر فشاردایە، بەهۆی دابەزین و ناجێگیری نرخی نەوت لە کۆتایی ٢٠٢٥، کە وایکردووە حکومەت زیاتر پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی ببات بۆ دابینکردنی مووچە و خەرجییەکان.