
ڕێگای کوردستان
لە کاتێکدا عێراق بە قۆناغێکی هەستیاری سیاسی و گۆڕانکارییە ناوچەییەکاندا تێدەپەڕێت، جارێکی دیکە سیناریۆی "بنبەستی سیاسی" بۆتە مۆتەکەی سەرەکی بەسەر ئاسمانی بەغداوە. ململانێکان تەنها لەسەر کورسییەکان نین، بەڵکو لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دابەشکردنی هەژموونن لە نێوان هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا.
پرسی سەرۆک کۆماری عێراق کە بەپێی نەریتی سیاسی پشکی کوردە، لەم خولانەی دواییدا لە خاڵێکی ڕێککەوتنەوە گۆڕاوە بۆ خاڵێکی ململانێی توند.
چاودێران پێیان وایە کە پەیوەندی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئەم پۆستە بەم شێوەیە دەبێت:
٠١پارتی : وەک خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانیی لە نێو لایەنە کوردستانیەکاندا، پێداگری لەسەر چەمکی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن دەکات و دەیەوێت پۆستەکە لە دەستی یەکێتی دەربهێنێت یان لانی کەم سازشی گەورەی پێ بەرامبەر وەربگرێت.
٢. یەکێتی: پۆستی سەرۆک کۆمار وەک هێڵی سوور و پارێزەری پێگەی خۆی لە بەغدا دەبینێت و ئامادە نییە دەستبەرداری ببێت.
بەم جۆرە ئەگەری زۆر ئەوەیە سیناریۆی ٢٠١٨ و ٢٠٢٢ دووبارە ببێتەوە؛ واتە هەردوو حزب بە دوو کاندیدی جیاواز بچنە هۆڵی پەرلەمان، مەگەر فشارێکی دەرەکی زۆر بەهێز بە تایبەت لەلایەن ئێرانەوە هەبێت بۆ ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێکی هاوبەش، هەرچەندە ئێستا ئێران لە دۆخێکی خراپی ناوخۆیدایە و هاوکات لەبەردەم هەڕەشەی دەرەکیشدایە.
لەلایەکی ترەوە لە نێو ماڵی شیعەدا، نوری مالیکی وەک سەرۆکی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا، هێشتا وەک ژمارەیەکی قورس دەمێنێتەوە، بەڵام ڕێگاکەی بۆ کۆشکی حکومی گوڵڕێژکراو نییە.
گەڕانەوەی مالیکی ڕووبەڕووی ڤیتۆی ناڕاستەوخۆی مەرجەعییەت، ناڕەزایەتی شەقام واتا تشرینییەکان و نەیارە سەرسەختەکانی وەک ڕەوتی سەدر، ئەگەرچی ئێستا لە پەرلەمان نین بەڵام لە شەقام بەهێزن، هەروەها کورد و سوننەش ترسیان لە گەڕانەوەی سیاسەتی تاکڕەوی ناوبراو هەیە.
مالیکی لە باشترین دۆخدا دەبێتە دروستکەری پاشا واتە خۆی کاندید نابێت بەڵام کەسێک دادەنێت کە لە ژێر هەژموونی خۆیدا بێت، مەگەر دۆخەکە بگاتە بنبەستێکی تەواو و وەک کاندیدی ڕزگارکەر یان بەهێز خۆی بێنێتە پێشەوە.
ئەگەر ململانێکان درێژە بکێشن و حکومەت لە کاتی خۆیدا پێک نەهێنرێت، عێراق ڕووبەڕووی ئەم مەترسییانە دەبێتەوە:
١.ئیفلیجی ئابوری: نەبوونی یاسای بودجە و ڕوەستانی پڕۆژە وەبەرهێنانەکان.
٢. بۆشایی ئەمنی: گروپە تیرۆریستییەکان (داعش) سود لە بۆشایی سیاسی وەردەگرن بۆ ئەنجامدانی هێرش، بەتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان.
٣. توڕەیی شەقام: خراپی خزمەتگوزارییەکان لە وەرزی گەرمادا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان، کە رەنگە ئەمجارە توندوتیژتر بێت.
چوارەم: یاری کۆتایی؛ ئەمریکا و ئێران بە چی دەگەن؟
عێراق هێشتا گۆڕەپانی سەرەکی یەکلاکردنەوەی پەیامەکانە لەنێوان تاران و واشنتۆن، ئێران دەیەوێت چوارچێوەی هەماهەنگی یەکگرتوو بێت و حکومەتێک پێکبێت کە دۆستی ئێران بێت و کار بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان بکات، بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی شەڕی شیعی-شیعی.
ئەمریکاش جەخت لەسەر سەقامگیری دەکاتەوە، چونکە بۆ واشنتۆن گرنگە حکومەتێک هەبێت کە بتوانێت وزە دابین بکات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بپارێزێت، ئەمریکا ڤیتۆی ڕاستەوخۆی لەسەر کەس نییە، بەڵام پشتگیری حکومەتێک ناکات کە تەواو لەژێر کۆنترۆڵی باڵی توندی گروپە چەکدارەکاندا بێت.
چاودێران لەو باوەڕەدان کە دەرەنجامی کۆتایی بە ڕێککەوتنێکی ناوچەیی کۆتایی دێت، سیناریۆی براوە و دۆڕاو لە عێراق سەرکەوتوو نابێت، ئەمریکا و ئێران لە کۆتاییدا دەگەنە خاڵێکی هاوبەش لەسەر کاندیدێکی سازان کە رەنگە مالیکی نەبێت و پۆستی سەرۆک کۆماریش بە شێوەیەک چارەسەر دەکرێت کە هاوسەنگی هێزی کورد تێک نەدات، چونکە هیچ لایەک ئامادە نییە بەرگەی ڕوخانی تەواوەتی سیستەمە سیاسییەکە بگرێت.