
بەگوێرەی چاوپێکەوتنێکی ڤلادیمیر ڤۆرۆنین، سەرۆکی پێشووی مۆڵدۆڤا و سەرۆکی فەخری حزبی شیوعی، لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی (نۆڤۆستی)ی ڕووسی، ناوبراو ڕەخنەی توند لە سیاسەتەکانی حکومەتی ئێستای کیشیناو دەگرێت و بە پێشێلکردنی دەستوور تۆمەتباریان دەکات.
ڤۆرۆنین ئاماژەی بەوە کردووە کە دەسەڵاتدارانی مۆڵدۆڤا بە واژۆکردنی ڕێککەوتنی سەربازی لەگەڵ کیێڤ، ناساندنی ڕووسیا وەک هەڕەشە و پڕچەککردنی وڵات بە چەکی ناتۆ، مۆڵدۆڤا دەخەنە ناو ململانێیەکی مەترسیدارەوە و دەیکەنە ئامانجێکی سەربازی، سەرەڕای ئەوەی ماددەی ١١ی دەستوور بێلایەنیی هەمیشەیی وڵات دەچەسپێنێت.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا لەگەڵ نۆڤۆستی، ڤۆرۆنین حکومەتی ئێستای بە "ئیدارەی داگیرکار" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە سیاسەتە ئابوورییەکانیان بووەتە هۆی وێرانکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و کۆچی بەکۆمەڵی هاووڵاتیان. هەروەها جەختی کردەوە کە تەنها ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی دەتوانێت سەروەریی مۆڵدۆڤا بپارێزێت و وڵاتەکە لەو قەیرانە ڕزگار بکات.
