
ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند کە لە ئێستادا دەرگای لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمەریکا داخراوە و واشنتنی بەوە تۆمەتبار کرد کە دیپلۆماسی بۆ "کڕینی کات و ڕێگەخۆشکردن بۆ هێرشی دیکە" بەکاردەهێنێت.
لەم چوارچێوەیەدا، گۆڕانکاری و لێدوانی بەرپرسە باڵاکانی ئێران بەم شێوەیەیە:
• هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوە: کاظم غەریبابادی، راوێژکاری یاسایی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند: "واشنتن جێبەجێکردنی هەندێک مەرجی بۆ قۆناغەکانی دواتر دواخستووە، ئەمەش مانای ئەوەیە لەم هەلومەرجەدا لێکتێگەیشتن ناگاتە ئەنجام." ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەمریکا جێی متمانە نییە و دەبێت پێش هەمو شتێک گەرەنتی پێویست بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئێران دابین بکات.
• پرسی گەروی هورمز: لە لێدوانێکی تردا، غەریبابادی ئاشکرای کرد کە پلانی ئێران بۆ کردنەوەی گەروی هورمز (کە ڕێڕەوێکی ئاوی گرنگی نێودەوڵەتییە) لە ٧ ڕۆژەوە بۆ ٢ ڕۆژ کورت کراوەتەوە. (جێی باسە مانگی رابردوو ئێران پێشنیازێکی پێشکەش کردبو بۆ کردنەوەی گەرووەکە بە مەرجی هەڵگرتنی گەمارۆکان، وەستاندنی شەڕ، ئازادکردنی سەروەت و سامانی بلۆککراو، و دامەزراندنی ئیدارەی هاوبەشی ئێران و عومان تیایدا).
• مەرجەکانی پەرلەمان: ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هاتن کە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، حەوت مەرجەکەی تاران ڕاگەیاندەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی لە دۆخی "نە شەڕ و نە ئاشتی"دا نامێنێتەوە، بەڵام ئەگەر واشنتن مەرجەکان قبوڵ بکات، ڕێگەی ڕێککەوتن بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
• ڕەتکردنەوەی ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم: هاوکات ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە توندی ڕەتیکردەوە کە وڵاتەکەی ڕاگرتنی کاتی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا قبوڵ بکات.
