
بەشی چوارەمی (شیکردنەوەی ڕەهەندی ئایدیۆلۆژیکی لە سیاسەتی دەرەوەی چین ی هاوچەرخ)
ئاسۆ گەرمیانی
کاری هەرزان و زێدەی بەها لە زنجیرە بەها جیهانییەکان
کاری هەرزان یەکێک بوو لەو ستونە سەرەکییانەی کە هەڵکشانی چینی لە ناو سەرمایەداریی جیهانیدا لەسەر بنیات نرا. لە هەشتاکانی سەدەی بیستەمەوە، چین بۆتە ناوەندێکی جیهانی بۆ بەرهەمهێنانی پیشەسازی بە تێچووی نزم، ئەوەش ڕێگەی دا بە کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان کە چاڵاکییەکانی بەرهەمهێنانی خۆیان بگوازنەوە بۆ چین، بە مەبەستی دووبارە بەدەستهێنانی ڕێژەکانی قازانج کە لە ناوەندە سەرمایەدارییەکاندا دابەزیبوون.
ژمارەکان قووڵایی ئەم گۆڕانە نیشان دەدەن: ڕێژەی دانیشتووانی شار لە چین لە %19.4ی دانیشتووان لە ساڵی 1980 گەیشتە %66.2 لە ساڵی 2023؛ واتە لە ماوەی چوار دەیەدا نزیکەی 733 ملیۆن کەس لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان گوازرانەوە، ژمارەیەک کە سێ هێندەی دانیشتووانی ئەوروپای ڕۆژاواییە. لە ناو ئەم گۆڕانەدا، توێژێکی فراوانی (mingong) (1) پێکهات: ژمارەیان لە ساڵی 1990 نزیکەی 30 ملیۆن بوو، لە 2008 گەیشتە 200 ملیۆن، و لە 2023 نزیکەی 295 ملیۆن کەس بوون (2)، بەپێی دەزگای نیشتمانی ئاماری چین. ئەم توێژە نوێیە نوێنەرایەتیی گەورەترین «سوپای پاشەکەوتی کار» دەکات لە مێژووی سەرمایەداریدا.
لە دیدگای ئابووریی سیاسیی ڕەخنەگرانەوە، ئەم پرۆسەیە بووە هۆی گواستنەوەی نێودەوڵەتیی زێدەی بەها، بە جۆرێک کە زێدەی بەها لە شوێنەکانی کار لە چین بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام بەشێکی زۆری لەوە لە ئەڵقە بەرزترەکانی زنجیرەی بەهادا دەستی بەسەردا دەگیرێت؛ وەک دیزاین، بەبازاڕکردن و پارەدارکردن، کە ژێر دەسەڵاتی کۆمپانیاکانی وڵاتە پێشکەوتووەکانن.
نموونەی زۆرترین پشتڕاستکراوە لەسەر ئەم بابەتە (ئایفۆنە). هەرچەندە چین ئامێرەکە بە تەواوی کۆدەکاتەوە، بەڵام لە نرخی فرۆشتنی 1200 دۆلاریدا، کۆمپانیای (ئەپڵ) نزیکەی 360 دۆلار (30%) وەک قازانجی دیزاین، نیشانەی بازرگانی و نەرمەواڵە بەدەست دەهێنێت، لە کاتێکدا کە هەموو بەشی چین ـ کرێکاران و بەرهەمهێنەران ـ پێکەوە زیاتر لە 100 تا 110 دۆلار (9%) وەرناگرن.
ئەم جیاوازییە ئەوەیە کە لە مارکسیزمدا بە «چەوساندنەوەی فەرابنەمایی» (super-exploitation)(3) ناسراوە: دۆخێک کە تێیدا نرخی هێزی کار بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە نرخی مێژوویی خۆی لە ناوەندە سەرمایەدارییەکان نزمتر دەبێت.
ئیتنۆگرافیای هاوچەرخی چین ـ بە تایبەتی توێژینەوەکانی (پون نگای) ئەم شێوازەی چەوساندنەوەی لە ئاستی مەیدانیدا بە وردی تۆمار کردووە: کارکردن 12 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، 6 ڕۆژ لە هەفتەیەکدا(مۆدێلی 996 لە «سیلیکۆن ڤاڵی»ی چین)، نیشتەجێبوونی زۆرەملی لە ژوورە پڕ لە قەرەباڵغەکان، سیستەمێکی دسیپلینیی توند، و لە هەندێک حاڵەتدا شەپۆلی خۆکوژی ـ وەک ئەوەی لە ساڵی 2010 لە کۆمەڵگەی کرێکارانی (فۆکسکون) لە چین ڕوویدا ـ کە نرخی مرۆییەکی زۆر گرانبووی بۆ بەدەستهێنانی بەشی زۆری زێدەی بەهای هەبوو(4).
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم شوێنە لە سیستەمی ئابووریی جیهانیدا ڕێگەی دا بە چین کە کەڵەکەکردنێکی فراوانی سەرەتایی سەرمایە ئەنجام بدات و بناغەی پیشەسازیی خۆی بەپەرێنێت. پاشان، بە شێوەیەکی هێواش هێواش دەستی بە بەرزبوونەوە لە ناو زنجیرەکانی بەها کرد، لە ڕێگەی ئەو کۆمپانیایانەی کە توانییان بگەن بە ئەڵقە بەرزترەکانی ئەو زنجیرەیە، وەک (هاووای) لە بواری پەیوەندییەکان، (ب.ی.د.) لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی، (کاتڵ) لە بەرهەمهێنانی باتری و (د.ج.ی) لە فرۆکەی بێ فڕۆکەوان. ئەمڕۆ چین نزیکەی 60%ی بەرهەمی باتریی جیهان، 80%ی زنجیرەی
بەهای پانێڵە خۆرەکییەکان، و 70%ی توخمە کەمدەستە پالاوکراوەکان کۆنترۆڵ دەکات.
نفووزێکی بنەڕەتیی ڕاستەقینە لە کەرتە ستراتیژییەکاندا
بەڵام ئەم گۆڕانە بەو مانایە نییە کە چین لە چەوساندنەوەی سەرمایەداری تێپەڕیووە، بەڵکو تەنها شوێن و ئاستەکانی ئەو چەوساندنەوەیەی لە ناو سیستەمی جیهانیدا دووبارە دابەش کردووە. توێژینەوەی پیکێتی، یانگ و زوکمان کە لە ساڵی 2019 لە گۆڤاری (American Economic Review) بڵاوکرایەوە ـ و پشت بە تێکەڵکردنی داتاکانی باجی چین کە بە تازەیی بەردەست بووبوون، لەگەڵ ئامارەکانی داهاتی نیشتمانی دەبەستێت ـ ئەنجامی چینایەتیی چوار دەیە لە کۆکردنەوەی سەرمایە پیشان دەدات. بەپێی ئەم توێژینەوەیە، بەشی 10%ی سەرەوەی خاوەن داهات لە داهاتی نیشتمانی چین لە %27 لە ساڵی 1978ەوە بەرزبووەتەوە بۆ %41 لە ساڵی 2015، لە کاتێکدا بەشی 50%ی خوارەوەی دانیشتووان لە %27ەوە دابەزیوە بۆ %15.
چین، کە لە ساڵی 1978دا لە ڕووی یەکسانییەوە نزیک بوو لە مۆدێلە سکاندیناڤییەکان، لە ساڵی 2015 دا زیاتر لە پێوانەکانی نایەکسانیی ئەمریکا نزیک بووەتەوە (5). هەمان ئاراستە لە ژمارەکانی ڕاپۆرتی هورون بۆ ساماندارەکان لە ساڵی 2024داش دەردەکەوێت؛ کە بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، 814 میلیاردێر لە چین هەن و کۆی سامانیان زیاتر لە 4 تریلیۆن دۆلارە، ئەوەش لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی فەڕەنسا زیاترە. ئەم ژمارانە ناتوانرێن بە «سۆسیالیستی» وەسف بکرێن؛ بەڵکو ئەنجامی گەشەی سەرمایەداریین کە تێکڕای قەبارەی کەڵەکەبوونەوەی سامانیان لە زۆرێک لە هاوشێوە مێژوویییەکانی تریان توندتر و چڕترە.
دەوڵەتی سەرمایەداری و ڕێکخستنی کەڵەکەکردنەوەی سەرمایە لە چیندا
بەپێچەوانەی مۆدێلی نیولیبراڵی باو لە ڕۆژاوادا، دەوڵەتی چین ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆ لە ئاراستەکردنی ئابووریدا دەبینێت. بەڵام ئەم ڕۆڵە دژ بە سەرمایەداری نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەو تێگەیشتنە مارکسییە یەکدەگرێتەوە کە دەوڵەت بە ئەرکی «سەرمایەداری بەکۆمەڵ» (Collective Capitalist) دەناسێنێت. دەوڵەتی چین ئامرازەکانی پلاندانان، دامەزراوە دارایییە گشتییەکان و کۆمپانیاکانی خاوەندارێتی دەوڵەت بەکار ئەهێنێت بۆ ئاراستەکردنی وەبەرهێنان، ڕێکخستنی کێبڕکێ و کەمکردنەوەی کاریگەریی قەیرانەکان، بە شێوەیەک کە بەردەوامیی کەڵەکەبوونی سەرمایە دابین بکات. بەم واتایە، دەوڵەت لۆژیک و یاسای بازاڕ هەڵناوەشێنێت، بەڵکو ڕێکی دەخات و لە چوارچێوەی ململانێیەکی جیهانیی توندوتیژدا بەهێزتری دەکات.
بیرمەندی مارکسی، دیڤید هارڤی، وەسفێکی تیۆریی ناوەندی بۆ ئەم داینامیکایە پێشکەش کردووە لە ژێر ناوی «نیولیبراڵیزم بە تایبەتمەندییە چینییەکان»- (Neoliberalism with Chinese Characteristics). هارڤی دەڵێت تێکەڵبوونی دەسەڵاتی دەوڵەت و میکانیزمەکانی بازاڕ لە چین دژایەتی نیولیبراڵیزم ناکات، بەڵکو شێوەیەکی تایبەت لێیە کە لە جیاتی ئامرازە دیموکراسییەکان، ئامرازە دەسەڵاتدارییەکان بەکاردەهێنێت بۆ خزمەتکردنی هەمان ئەرکە بنەڕەتییەکان: گواستنەوەی سامان و موڵکی گشتی بۆ بوارێک کە سەرمایەی تایبەت سوودی لێ وەربگرێت، و دووبارە ڕێکخستنەوەی سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتی بکرێت (6).
چاکسازییەکانی شی جینپینگ و تیۆری «سەرمایەداری بەکۆمەڵ»-
چاکسازییەکانی شی جینپینگ لە دوای ساڵی 2020 ـ کە هەندێک جار بە «چرکەساتی دووەمی مۆدێلی چینی» ناسراون ـ بەڵگەیەکی بەهێزی لۆژیکی بۆ تیۆری «سەرمایەداری بەکۆمەڵ» پێشکەش کرد. دەوڵەتی چین، دەستپێک لە ڕاگرتنی پڕۆسەی فرۆشتنی پشکی (Ant Group) لە تشرینی دووەمی 2020، زنجیرەیەک هەڵمەتە دیسپلینییەکان بەرامبەر سەرمایەی گەورەی تایبەت گرتەبەر. ئەمانە لەخۆدەگرن:
تەئەدیبکردنی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان، کە بووە هۆی لەناوچوونی نزیکەی 1.5 تریلیۆن دۆلار لە بەهای بازاڕییان لە نێوان 2020–2022 (7).
سەپاندنی «سێ هێڵی سوور» بەسەر کۆمپانیاکانی گەشەپێدانی موڵک و خانوبەرە، کە قەیرانی (Evergrande) و دەرهاویشتەکانی لێکەوتەوە.
دەستپێکردنی هەڵمەتی «خۆشگوزەرانی هاوبەش» کە نزیکەی 60 ملیار دۆلار «بەخشین»ی زۆرەملی بەسەر پلاتفۆرمە گەورەکاندا سەپاند.
هەڵوەشاندنەوەی بازاڕی فێرکاریی تایبەت لە تەممووزی 2021، کە لە یەک ڕۆژدا پیشەسازییەکی بە نرخی نزیکەی 100 ملیار دۆلا لەناو برد.
هەندێک شیکارکار ئەم چاکسازییانەیان وەک «گەڕانەوە بۆ سۆسیالیزم» لێکدابڕیوە، بەڵام شیکردنەوەی بنەڕەتی ئەرکی ڕاستەقینەیان دەردەخات:
دووبارە سەپاندنی دەسەڵاتی حیزب– دەوڵەت بەسەر سەرمایەی تایبەتدا، دوای ئەوەی هەندێک لە نوێنەرانی سەرمایە هەوڵیان دا سنوورە سیاسییەکان ببەزێنن. (وتاری ڕەخنەگرانەی جاک ما لە دژی بانکە دەوڵەتییەکان خاڵی وەرچەرخان بوو.)
کەمکردنەوەی ئەو ئاڵۆزی و تەنگەژە کۆمەڵایەتییانەی کە کەڵەکە بووبوون و دەستیان کردبوو بە هەڕەشەکردن لە سەر ڕەوایەتی حیزب.
دووبارە ئاراستەکردنەوەی کەڵەکەبوونەوەی سەرمایە بۆ کەرتە ستراتیژییەکان وەک نیوەگەیەنەرەکان، زیرەکی دەستکرد و وزەی نوێ، لە جیاتی ئەو کەرتانەی کە بوونەتە سەرچاوەی دروستکردنی پوقانەی ئابووری.
بۆیە، ئەم چاکسازییانە تیۆرییەکە ڕەت ناکەنەوە، بەڵکو پشتگیری لێ دەکەن: دەوڵەتی چین سەرمایەی تایبەت تەئەدیب دەکات، نە بۆ تێپەڕبوون لە سەرمایەداری، بەڵکو بۆ پاراستنی لە دژەکێشە و ناکۆکییە هەڵکەوتووەکانی خۆی. هەر ئەم توانایەی تەئەدیب و کۆنترۆڵ کردنە ـ کە دیموکراسییە هەڵبژاردنییە ڕۆژاواییەکان لەدەستیاندا نییە ـ وای کردووە مۆدێلی چینی وەک شێوازێکی نوێی سەرمایەداری سەرهەڵبدات، نەوەک جێگرەوەیەک بۆ سەرمایەداری. ئەم دیاردەیەش پێشتر لە زۆر ئەزموونی پیشەسازیی درەنگهاتوودا دووبارە خۆی نیشانداوە.
پەرەسەندنی دەرەکی و دووبارە دابەشکردنەوەی زێدەی بەها: لە ململانێوە بۆ هاوبەشی
لە بەشی داهاتوودا، سروشتی پەرەسەندنی دەرەکیی چین دەخەینە بەر باس، بۆ ئەوەی لەسەر ڕەهەندەکانی گواستنەوەی ئاشکرا لە گوتاری «پێشبڕکێ ستراتیژی» کە لە نێوان ساڵانی 2018 تا 2024دا چەمکێکی زاڵ بوو لە گوتاری سیاسیی ئەمریکی و چینی بۆ گوتاری «هاوبەشی» بوەستین، کە سەرۆکی چین (کۆمونیست) شی جینپینگ، پێی دەستی پێکرد لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ هاوتای ئەمریکیی خۆی، (دووژمنی سەرسەختی کۆمونیزم) دۆناڵد ترامپ لە هۆڵی گەورەی گەل لە بەکین، لە 14ی ئایاری 2026.
————————
1 (جوتیارانی پێشوو کە بوونە کرێکارانی پیشەسازی، بەڵام هێشتا تۆماری نیشتەجێبوونی hukou ـی گوندییان پاراستووە)
2 بۆ چوارچێوەی مێژوویی، بڕوانە: Kam Wing Chan, "Internal Labour Migration in China," UN-DESA Expert Group Meeting (2008)
3 سەبارەت بە چەمکی "چەوساندنەوەی فەرابنەمایی"، بڕوانە: Ruy Mauro Marini, Dialéctica de la Dependencia (1973)؛ و هەروەها: John Smith, Imperialism in the Twenty-First Century (Monthly Review Press, 2016)
4 Pun Ngai, Made in China: Women Factory Workers in a Global Workplace (Durham, NC: Duke University Press, 2005); و هەروەها: Pun Ngai, Jenny Chan, and Mark Selden, Dying for an iPhone: Apple, Foxconn, and the Lives of China's Workers (London: Pluto Press, 2020).
5 Thomas Piketty, Li Yang, and Gabriel Zucman, "Capital Accumulation, Private Property, and Rising Inequality in China, 1978–2015," American Economic Review 109, no. 7 (2019): 2469–2496
6 David Harvey, A Brief History of Neoliberalism (Oxford: Oxford University Press, 2005), Chapter 5: -Neoliberalism 'with Chinese Characteristics’-
7 Angela Huyue Zhang, High Wire: How China Regulates Big Tech and Governs Its Economy (Oxford University Press, 2024)
