
٢ لە ٢
وەک پێشتر ئاماژەم بۆکرد لە سەردەمی مۆدێرندا، ناشرینکردنی حەقیقەت لە ڕێگەی جەنگی لاوەکیی سۆشیاڵ مێیدیاوە دەست پێدەکات و دەگاتە لووتکە، ئەم جەنگەش لە پێناو ئەوەیە تاوەکو حەقیقەت وەک شتێکی بێزارکەر پشتگوێ بخرێت و حەشامات تەنیا بە وەهم و گەوجاندنەوە سەرقاڵ بێت.
ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە ئاڵۆز و تێکچڕژاوە، پێویستی بە ئەلتەرناتیڤی ریشەیی هەیە. ئەلتەرناتیڤێک کە تەنها کار لە سەر گۆڕینی کەسەکان یان ڕووکەشی دەسەڵات نەکات، بەڵکو ببێتە هەوێنی گۆڕانکاری لە سیستەمی بیرکردنەوە و تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ چەمکەکانی ئازادی، ماف و بەرپرسیارێتی گشتی، چونکە دەرهاوێشتەی ئەم ژینگە نادروستە و مانەوەی وەک خۆی دەبێتە هۆی پەککەوتنی تەواوی ژێرخانە فیکری و مەعریفییەکانی کۆمەڵگە و ئەگەر چارەسەر نەکرێت، کۆمەڵگە بەرەو داڕمانی هۆشیاری دەبات. بەواتایەکی تر هەر قەوارە یان هێزێکی سیاسی بۆ ئەوەی بتوانێت لەم ژینگە ئاڵۆزەدا بمێنێتەوە، پێویستی بە داڕشتنی ستراتیژێکی روون هەیە. ستراتیژ تەنها پلانێکی کورتخایەن نییە، بەڵکو دیدگایەکی قووڵە بۆ داهاتوو کە پێشبینیی گۆڕانکارییەکان دەکات. بەڵام زۆر جار دەبینین کە بڕیاردەران لە کاردانەوەکاندا گیریان خواردووە؛ واتە لە پای بوونی پلانێکی ستراتیژی، تەنها وەڵامی کاردانەوەییان بۆ قەیرانە لەپڕەکان هەیە. کاردانەوەی خێرا و بێ پلاندانان، هەرچەندە لە ڕووی کاتییەوە ڕەنگە کێشەیەک کپ بکات، بەڵام لە درێژمەودادا دەبێتە هۆی توندتربوونی قەیرانەکان، و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی دەرهاوێشتەی فراوانتر لە ئاستی فەزای گشتیدا.
لە کۆتاییدا، دەبێت ئەوە بزانین کە تێپەڕاندنی قەیرانەکە تەنیا بە هۆشیاریی بوێرانە دەبێت؛ هۆشیارییەک کە نەترسێت لە ناشرینییەکانی حەقیقەت و بتوانێت لە پشت پەردەی پڕۆپاگەندەکانەوە، جەوهەری دەسەڵات و میکانیزمەکانی ستەمکاری ببێنێت، چونکە ڕاستی هەرچەندە لە سەرەتادا تاڵ و قورس بێت، بەڵام تەنیا ئەو ڕاستییەیە کە دەتوانێت مرۆڤ لە کۆیلایەتیی وەهم و گەوجاندن ڕزگار بکات.
لێرەدا، کاتێک دەچینە ناو قووڵایی کایەی سیاسیی کوردستان، دەبینین تیۆرییەکانی "گەوجاندنی حەشامات" و "ناشرینکردنی حەقیقەت" لە مۆدێلێکی تیۆرییەوە بوونەتە واقیعێکی بەرجەستە کە بە وردی لەسەر جەستەی کۆمەڵگە تاقیکراونەتەوە. دەسەڵاتی کوردی لە دوای ڕاپەڕینەوە، مۆدێلێکی تایبەتی لە "بەڕێوەبردنی نەزانی" یان گەوجاندنی پەرەپێداوە و وەک ئاراستەیەکی تایبەت مامەڵەی لەگەڵ دەکات کە خزمەت بە ڕەوتی بەرژەوەندیەکانی خودی دەسەڵات دەکات.
حەقیقەتە سیاسی و ئابوورییەکان (وەک داهاتی
نەوت، بودجە، و ژێرخان) هەمیشە لە پشت پەردەی "پیرۆزییە نەتەوەییەکان"ەوە دەشاردرێنەوە. دەسەڵات وا لە حەشامات دەگەیەنێت کە پرسیارکردن لە حەقیقەتی دارایی، یەکسانە بە تێکدانی "قەوارەی هەرێم" یان بێڕێزی بە خوێنی شەهیدان. لێرەدا حەقیقەت "ناشرین" دەکرێت؛ چونکە وەک "کفرێکی سیاسی" وێنە دەکرێت کە هەڕەشە لە بوونی نەتەوەیی دەکات. ئەمە وای کردووە تاک لە ناو ململانێیەکی دەروونی تونددا بێت: یان دەبێت حەقیقەت قبووڵ بکات و وەک "خاین" وێنا بکرێت، یان گەوجاندن هەڵبژێرێت و وەک "نیشتمانپەروەر" بمێنێتەوە.
دەسەڵاتی کوردی تەکنیکێکی زیرەکانە بەکاردێنێت کە بریتییە لە "مانەوە لە لێواری داڕمان". کاتێک کۆمەڵگە هەمیشە لە چاوەڕوانی مووچەدا بێت، یان لە ترسی بڕانی کارەبا و ئاودا بژی، وزەی عەقڵانیی تاکی کورد لە بازنەی "پێداویستییە سەرەتاییەکان"دا قەتیس دەمێنێت. حەشاماتێک کە خەمی نانی هەبێت، کاتی نییە بیر لە فەلسەفەی دەسەڵات و مێژووی ستەمکاری بکاتەوە. ئەمە جۆرێکە لە گەوجاندنی فیزیکی؛ واتە دابەزاندنی ئاستی ململانێی سیاسی لە "داواکاریی دادپەروەری"یەوە بۆ "داواکاریی بژێوی".
کوردستان نموونەیەکی بێوێنەیە لە بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا بۆ ناشرینکردنی حەقیقەت. دەسەڵات لە ڕێگەی سوپای ئەلیکترۆنییەوە (سێبەرەکان)، ململانێیەکی وەهمی لە نێوان جەماوەردا دروست دەکات. کاتێک بابەتێکی گرنگی نیشتمانی دێتە پێشێ، کتوپڕ "ترێند"ێکی بێمانا یان کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی هەڵبەستراو دەخرێتە بەردەم حەشامات. لێرەدا حەقیقەتی تاڵ لە ناو جەنجاڵییەکی پڕ لە جنێو و سووکایەتی و بابەتە پۆپۆلیستییەکاندا ون دەبێت. حەقیقەت لێرەدا ناشرین دەبێت، چونکە لە تەنیشت "پۆستە بێبایەخەکان"ەوە وەک بابەتێکی قورس و بێزارکەر دەردەکەوێت.
دەسەڵات بە بەحیزبیکردنی مێژوو و ئەقڵ لە کوردستان، تەنیا کار لەسەر ئێستا ناکات، بەڵکو ڕابردووش دادەتاشێتەوە. گەوجاندنی حەشامات لێرەدا لە ڕێگەی "مێژووی حیزبی"یەوە دەبێت. نەوەی نوێ وا پەروەردە دەکرێت کە حەقیقەت تەنیا لای حیزبە، و دەرەوەی حیزب تاریکییە. ئەمە وا دەکات "حەقیقەتی مێژوویی" بکرێتە قوربانی بۆ "بەرژەوەندیی سیاسی". کاتێک توێژەرێک یان نووسەرێک دەیەوێت بە شێوەیەکی زانستی و بێلایەنانە مێژوو یان سیستەمە سیاسییەکە شیکار بکات، دەسەڵات لە ڕێگەی میدیاکانییەوە وەک "کەسێکی بێ ئینتیما" یان "نەخۆش" نیشانی دەدات، تاوەکو حەشامات حەقیقەتەکەی لێ وەرنەگرن.
بۆ ئەمەش کوردستان زیندوترین نموونەی ئەو پرۆسەیەیە کە تێیدا "گەوجاندن" بووەتە پیشەسازییەکی سیستماتیک. دەسەڵات توانیویەتی "بێدەنگیی حەشامات" بە "ڕەزامەندی" ناوزەند بکات. ناشرینکردنی حەقیقەت گەیشتووەتە ئاستێک کە "مرۆڤی ڕاستگۆ" لە ناو کۆمەڵگەدا هەست بە غەریبی دەکات، وەک بڵێی قسەکردن لەسەر حەقیقەت تێکدانی ئەو یارییە بێت کە هەموان (بە ویست یان بە ناچاری) تێیدا بەشدارن. ئەمە ئەو دۆخە ترسناکەیە کە تێیدا "وەهم" دەبێتە خۆراک و "حەقیقەت" دەبێتە ژەهر.
