سەردارئەکرەم -بەریتانیا

 

لە شاری  کۆیە کە هەر کۆڵانێک بۆنی یادەوەرییەکی کۆنی لێ دێت، هەندێ ناو تەنها ناوی شوێن یان ڕووداو نین، بەڵکوو کلیلی دەرگایەکن بۆ چوونە ناو جیهانێکی تەواو لە بیرەوەرییەکان. یەکێک لەو ناوانە شەڕەبەردە. ئەم ناوە لەگەڵ خۆیدا دەنگی پێکەنینی منداڵان، هەڵهاتنی گەرد و تۆز، بانگی گەڕەکەکان، ڕاکردن لە کۆڵانەکان و جوڵەی بەردێک دەهێنێت کە لە دەستی منداڵێکی ئەو سەردەمەدا دەکرا بە چەکی خەیاڵ و بەڵگەی بوێرییەکی منداڵانە.

شەڕەبەرد بە مانای شەڕێکی ڕاستەقینە ی خوێناوی نەبوو،  وەک ئەوەی گەورەکان لەسەر پەڕۆ دروستیان کر.بەڵکوو یارییەکی کۆمەڵایەتیی منداڵان بوو کە لە کەمبوونی یاری و ئامرازە نوێکان لەدایک بوو. ئەو منداڵانەی ئەمڕۆ بە یارییە ئەلیکترۆنییەکان و تەلەفۆن و کۆمپیوتەر خۆیان سەرقاڵ دەکەن، ئەوێ ڕۆژێ ئەومناڵانەگیرفانەکانیان پڕ بوو لە دارلاستیک و قۆچەقان و  کەلاشووشە  کە دەیانتوانی وەک   یارییەک بەکاریبهێنن. ئەوان لە نەبوونی زۆر شتدا، جیهانێکی گەورەیان بە خەیاڵ دروست کردبوو.

ئەمە ڕوونکردنەوەیەکە بۆ ئەوەی بزانین بۆچی شەڕەبەرد لە بیرەوەریی خەڵکی کۆیەدا ماوەتەوە. ئەو یارییە تەنها کۆبوونەوەی چەند منداڵێک نەبوو، بەڵکوو نەخشەیەکی زیندووی گەڕەکەکان بوو. گەڕەکەکان لە ڕێگەی ئەو یارییەوە خۆیان دەناساند، هاوپەیمانیان دروست دەکرد و هەستی پەیوەندی و سەربەخۆیی لە نێوان منداڵاندا پتەودەکرد.

مێژووی شەڕەبەرد لە کۆیە بە شێوەی فەرمی و بەڵگەنامەی نووسراوی زۆر کەمە، بەڵام لە سەرزاری گەورەکانی پێش خۆمان و  خۆشم وەک کارەکتەرێک شەڕەکان وەرگیراوە . ئەو یارییە لە گەڕەکەکان و و کۆڵان و کۆبوونەوەکاندا بەردەوام بووە. بەپێی ئەو گێڕانەوانە، شەڕەبەرد لە سەرەتاکانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە نێوان گەڕەکەکانی شاردا دروست بووە و لە دوو وەرزی بەهار و پاییزدا گەرمترینی کاتی خۆی بووە.

لەوانەیە ئەم نەبوونی بەڵگەی نووسراو خۆی بەشێک بێت لە ناسنامەی شەڕەبەرد. چونکە ئەم مێژووە لە دڵی خەڵکدا نووسراوە، لەسەر زمانی گەورەکان و لە بیرەوەریی ئەوانەی کە لە کۆڵانەکانی کۆیەدا گەورە بوون. مێژوو خۆیی دەربارەی ڕووداوە گەورەکان دەنووسێت، بەڵام مێژووی ژیانی ڕۆژانە لە دەنگی ئەو کەسانەدا دەژی کە بە سادەیی ژیانیان کردووە و بە بێ ئەوەی بزانن، بەشێک لە کولتووری شارەکەیان دروست کردووە.

                                             دەستپێکی شەڕەبەردی پاییز

لە سەرەتای مانگی پاییز، کاتێک دەرگای قوتابخانەکان دەکرایەوە و منداڵان دووبارە لە کۆڵانەکاندا کۆدەبوونەوە، هەندێک لە منداڵانی گەڕەکی بایز ئاغا بە دارلاستیک و قۆچەقان  لە دەرەوەی درەویش خدرەوە دەچوونە سەر گردە بەھێزەکەی بەرامبەر گردی قەلاشان . ئەو ڕۆیشتنە بۆ ئەوان تەنها ڕۆیشتنێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو دەستپێکی سەفەرێک بوو بۆ ناوچەیەکی یاریی، بۆ شوێنێک کە پێویستی بە نەخشە و چاودێر و هاوپەیمان هەبوو.

پاش نزیکبوونەوەیان لە ماڵەکانی قەدپاڵی گردەکە،  مناڵەکان بەردەکانیان لەماڵەکان و ومریشک وقازەکان دەگرت . هەندێک بەرد بە رحەوشە و کۆڵانەکان دەکەوتن و هەندێکی تر  بەشتەکانی دەوروبەرەوە . لەو ساتەدا، یارییەکە دەستی پێدەکرد. ئەوە سەرەتای شەڕەبەرد بوو؛ شەڕێک کە بە قسە و هاوار دەستی پێدەکرد، بە ڕاکردن و خۆپاراستن بەردەوام دەبوو و زۆرجار بە پێکەنین و ڕێککەوتن کۆتایی دەهات.

بەپێی گێڕانەوەی خەڵکی شار، شەڕەبەردی پاییز گەورەترین و بەناوبانگترین جۆری ئەم یارییە بوو. زۆرجار لە نێوان گەڕەکی بایز ئاغا و گەڕەکی ئازادی ڕووی دەدا و خەڵکێکی زۆر بۆ سەیرکردنی کۆدەبوونەوە. بەهۆی بەردەوامیی یارییەکە، لە ڕۆژانی دواتردا شەڕەبەرد گەرمتر و گەورەتر دەبوو. جگە لە قۆچەقان و دارلاستیک، نۆزڵ و تەنانەت تفەنگییش بەشدار دەبوون و هەر لایەک هەوڵی دەدا توانای خۆی بە شێوەیەکی جیاواز پیشان بدات.

                                     گەڕەکەکان و هاوپەیمانییەکانیان

لە شەڕەبەرددا گەڕەک تەنها ناوی شوێن نەبوو، بەڵکوو ناسنامەی لایەنی شەڕەکەبوو بوو. بەپێی ئەو بیرەوەرییەی بۆمان گێڕدراوەتەوە، هاوپەیمانەکانی بایز ئاغا بە پلەی یەک گەڕەکی قەڵات جەژنە بوون و گەڕەکەکانی قەسرێ و حەمامۆک و ئیسکان و جەوهەرئاواش لە کات و بارودۆخی جیاوازدا لەگەڵی هاوکارییان دەکرد. لە بەرامبەردا، گەڕەکی ئازادی هاوپەیمانی لەگەڵ گەڕەکەکانی گردی و سەرباغ و جەمعیەی کۆن و نوێ و شەوگێڕ وە شەهیدان بوون.

ئەم هاوپەیمانییە ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتردەبوو. لەبەر ئەوە، هەر شەڕەو  نەخشەیەکی نوێی هەبوو . وەک یاسای سەربازی چەند فەرماندەیەک لەهەردوو لا شەرەکیان بەڕێوەدەبرد ئەم گۆڕانە ڕۆژانە یارییەکەی لە سادەیی دەرهێنا و دەیکردە کۆمەڵێک دانیشتن و ڕێکخستن و بەڵێن و  بڕیاردان و هێرش و پاشگەزبوونەوە. وەناوی زۆرلەهەردوولا وەکو سەرکردەی شەڕەکەدەبیستران.

شەڕەکە زۆرجار نزیکەی سێ هەفتە بەردەوام دەبوو. دوای نیوەڕۆ دەستی پێدەکرد و تا پاش بانگی ئێوارە درێژەی دەکشا. گەرمترین کاتەکانی زۆرجار لە نێوان کاتژمێر چوار و پێنجی دوای نیوەڕۆدا بوو، کاتێک گردودۆڵەکان پڕ دەبوون لە ڕاونان و هەڵهاتن و بانگەواز و هاوار و پێکەنین. لەسەر شاخەکانی دەوروبەر، خەڵک سەیریان دەکرد، وەک ئەوەی فیلمێکی ئەکشن بە چاوی خۆیان ببینن، بەڵام لە پشت ئەو هەموو جوڵەیەدا جیهانی منداڵانێک بوو کە بە شتی سادە خەیاڵی زۆریان دەکرد تەنانەت چەندڕۆژنامەیەکی  ئەو سەردەمە وەک ئەوەی لە بیرمە ڕێگای کوردستان لەدوای ڕاپەڕین لەسەری نووسیوە.

                                              شەڕەبەردەکانی دیکەی کۆیە

دوای شەڕەبەردی بایز ئاغا و ئازادی، شەڕەبەردی نێوان بایز ئاغا و قەڵاتیش گەڕەکی جەژنە لەو شەڕە ناسراوانە بوو کە بە شێوەیەک لە نێوان منداڵاندا دەکرا. ئەو یارییە نزیکەی هەفتەیەک بەردەوام دەبوو، بەڵام هاوپەیمانیی  تێدانەبوو لەگردی شێخ مستەفا  ڕوویدەدا  و زووتر کۆتایی پێ دەهات.

لە نێوان گەڕەکی بەردەم قشڵە و جەوهەرئاواش شەڕەبەردێکی گەورە ڕووی دەدا. ئەمجارەش هاوپەیمانییەکان فراوانتر بوون. گەڕەکەکانی بفریقەندی و شەهیدان و جەمعیە لەگەڵ یەک لایەندا بوون و هەندێک جار گەڕەکی قەڵاتیش یارمەتیی قشڵەی دەدا. لە بەرامبەردا، جەوهەرئاوا لەگەڵ ئیسکانی کۆن و نوێ و عەلیاوە هاوکاریی دەکرد و لە هەندێک کاتدا حەمامۆک و قەسرێش بە شێوەیەک هاوکارییان دەبوون.

شەڕەبەردی نێوان عەلیاوە و جەوهەرئاوا و گردی و ئازادی و گەڕەکەکانی قەسرێ و جەوهەرئاوا لەو یارییە بەهێزانە بوو کە هاوپەیمانییەکی زۆری تێدا دروست دەبوو. حەمامۆک لەگەڵ  قەسرێ، ئیسکانی کۆن و نوێ و عەلیاوە لەگەڵ جەوهەرئاوا بوون. ئەم گۆڕانکارییەی هاوپەیمانییەکان وا دەکرد هەر ڕۆژێک ڕووداوێکی نوێ  لە خۆ بگرێت.

لە وەرزی بەهاردا شەڕەبەردی نێوان قەسرێ و حەمامۆک کەکێلەخوار، بە یەکێک لە شەڕەبەردە بەهێزەکان دادەنرا. ئەم یارییە نزیکەی هەفتەیەک بەردەوام دەبوو و لە بیرەوەریی ئەو نەوەیەدا وەک وەرزی تایبەتی شەڕەبەردی بەهار ماوەتەوە.

                                  لە شەڕی ناوخۆ تا یادەوەریی منداڵی

ساڵانی دوای ڕاپەڕین لە هەموو شوێنێکدا ساڵانی ئاسان نەبوون. گەرمەی شەڕی ناوخۆ و نائارامییەکانی ئەو کاتە سایەی خۆی بەسەر ژیانی خەڵکدا کێشابوو. لەسەرەوەگەورەکانمان خەریکی شەڕە پەڕۆ بوون لە خوارەوەش مناڵەکانمان شەڕەبەرد بۆیە کاتێک لە شەڕەبەرد دەدوێین، نابێت تەنها بە چاوێکی خۆشحاڵ و یارییەکی منداڵانە سەیری بکەین. لە پشت ئەو یارییەدا دۆخێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونی هەبوو کە تێیدا منداڵان پێویستیان بە یاری و دەربڕینی وزە و دروستکردنی جیهانێکی تایبەت هەبوو.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، شەڕەبەرد نابێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەک نیشانەی دڵخۆشی سەیر بکرێت بەڵکو دەبێ بە توندوتیژی بخوێندرێتەوە. گرنگترین وانەی ئەو یادەوەرییە ئەوەیە کە منداڵان دەتوانن لە کەمترین شتەکاندا زۆرترین خەیاڵ دروست بکەن، بەڵام کۆمەڵگا دەبێت بۆ ئەوان شوێنی سەلامەت و یاریی سەلامەت و ڕێگای دەربڕینی خۆیان دابین بکات. ئەگەر بەردێک لە دەستی منداڵێکدا بووەتە ئامرازی یاری، ئەمە پێویستە وەک بەڵگەی خەیاڵی بێ سنووری منداڵان بخوێندرێتەوە، نەک وەک بانگەوازێک بۆ دووبارەکردنەوەی توندوتیژی.

 ئەمڕۆ و دوێنێ

منداڵی ئەمڕۆ لە جیهانێکی جیاوازدا دەژی. گیرفانی ئەو پڕە لە تەلەفۆن و ئامێر و یارییە دیجیتاڵییەکان و زانیارییەکانی جیهانی گەورەتر. بەڵام ئەو جیاوازییە نابێت ببێتە هۆی ئەوەی جیهانی پێشوو بە کەم بزانین. منداڵانی ئەو ساڵانە بە دارلاستیک و قۆچەقان و کەلاشووشە ، کۆمەڵێک یاسا و ڕێکخستن و هاوپەیمانی و پەیوەندییان دروست کردبوو. ئەوان لە کۆڵاندا فێری ئەوە بوون کە چۆن لەگەڵ یەکتر ڕێک بکەون، چۆن لایەنێک هەڵبژێرن و چۆن پاش کۆتایی یارییەکە دووبارە ببنە هاوڕێ.

شەڕەبەرد لە ڕاستیدا مێژووی ئەو منداڵانەیە کە لە سەردەمی نەبوونی و نەداری و شەڕی براکان  ئەوان بە خەیاڵ خۆیان دەوڵەمەند کرد. مێژووی کۆڵانەکانە، نەک تەنها مێژووی گەڕەکەکان. مێژووی دەنگی پێکەنینەکانە کە لە نێوان گرد و کۆڵانەکاندا دەگەڕانەوە. مێژووی ئەوەیە کە مرۆڤ، تەنانەت لە سەختترین کاتەکانیشدا، هەوڵ دەدات بۆ خۆی جیهانێک دروست بکات کە تێیدا یاری بکات، هاوڕێ بدۆزێتەوە و هەست بە بوونی خۆی بکات.

ئەمڕۆ ئەگەر منداڵێک بەردێک لەسەر زەوی ببینێت، لەوانەیە تەنها بەردێک ببینێت. بەڵام بۆ نەوەیەک لە کۆیە، ئەو بەردە دەتوانێت بیرەوەرییەکی تەواو بێت؛ بیرەوەریی ڕۆژانی پاییز و بەهار، گەڕەکی بایز ئاغا و ئازادی، قەڵات و جەوهەرئاوا، دەنگی هاوڕێکان و خەڵکی سەیرکەر و گەردی کۆڵانەکان. ئەو بەردە لە خاکەوە هەڵگیرا، بەڵام لە مێژووی شاردا جێی خۆی گرت.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا