مرۆڤ و پەروەردە

بەشی پێنجەم: هەستکردن بە بەرپرسیارێتی

لەتیف ئەمین

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ، (هەست)ە. هەبوونی هەست(شعور) لە مرۆڤدا، نیشانەی زیندووێتی و ئاگایی و هۆشیارییە، نیشانەی تێگەیشتن و پێگەیشتن و ڕۆشنبیرییە. مرۆڤی هەستیار، ئەستەمە کەمتەرخەمی بنوێنێت لە ئیش و کارەکانی، ناتوانێ گەندەڵ بێت، لە ڕووی نایێ فرتوفێل و ناپاکی لەو کارە بکات کە ئەرکی ئەوە و پێی سپێردراوە. مرۆڤی هەستیار، مرۆڤێکی بە هەڵوێستە، مرۆڤێکە دڵ و دەروونێکی پڕ لە سۆز و خۆشەویستی و لێوانلێو لە ویژدانی هەیە. مرۆڤێکە، نەک تەنها خەمی خۆی، بەڵکو خەمی خەڵک و مرۆڤایەتیش دەخوات. وەک نالی گوتەنی"نەوعە ئینسانێ هەیە خەم قووتییە، من خەمی خۆم و خەمی عالەم دەخۆم". مرۆڤی بێهەست، مرۆڤێکی مردووە، مرۆڤێکە خەمی پێشکەوتن و گۆڕانکاری نییە، خەمی داهاتووی کۆمەڵگەکەی نییە، خەمی مرۆڤایەتی نییە.

لە ڕووی یاساییەوە بەرپرسیارێتی بابەتێکی گرنگ و جێی بایەخە. کەسێک کە بەپێی یاسا، یان گرێبەستێک، ڕاسپێردرابێت بۆ ئەنجامدانی کارێک یان سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردن یان پەروەردەکردن یان چوونەژێرباری هەر ئەرکێکی دیاریکراو، دواجار ئەو کەسە دەبێ بەرپرسیارێتی ئەنجامی ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت و خۆی بە خاوەنی بزانێت و خۆی لێ نەبان نەکات. مەبەستی ئێمە ئەوەنییە لە ڕووی یاساییەوە پێناسە و شیکاری بۆ چەمکی بەرپرسیارێتی بکەین، چونکە یاسا تەنها ئیش لەسەر دیوی دەرەوە و ڕووکار دەکات، ئەمەش سنووری باس و بابەتەکە بچووک و بەرتەسک دەکاتەوە. گرنگە ئیش لەسەر ناخ و ناوەوەی مرۆڤ بکرێت. ئەمەش بە پەروەردە و ڕاهێنان دەکرێت، بە هۆشیاری و ئاگایی دەکرێت. چونکە هەستکردن بە بەرپرسیارێتى, پەیوەندى بە ویژدانى مرۆڤەوە هەیە. ویژدانیش لە کۆمەڵێک پرەنسیپی ئەخڵاقی پێکدێت، کە ڕۆڵی لە ئاراستەکردن و ڕێنیشاندانی مرۆڤ هەیە و کاریگەری لەسەر کردار و ڕەفتارەکانیەوە دەبێت. هەروەها هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، پەیوەندى بە جۆرى بیرکردنەوەى مرۆڤەکانەوە هەیە، تەنانەت پەیوەندى بە پەروەردەى تاک و خێزانەکانیشەوە هەیە. هەر یەکێک لە ئێمە، لە ژیانی ڕۆژانەماندا کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسیارێتیمان لەسەرە. وەک, ئەرک و بەرپرسیارێتى بەخێوکردن و پەروەردەکردنى منداڵ, ئەرک و بەرپرسیارێتیمان بۆ ئەو ژینگە سروشتییە خۆڕسکەى کە تێیدا دەژین. بەرپرسیارێتیمان بۆ ئەو نیشتیمانەى کە لە باوەشى گرتووین. بەرپرسیارێتیمان لە دەوام و پیشە و ئیش و کار و بازرگانى, بەرپرسیارێتى کۆمەڵایەتى, بەرپرسیارێتى لە پلە و پۆست و دەسەڵات و بڕیاردان. لەهەموو ئەمانە گرنگتر و هەستیارتر, بەرپرسیارێتى مامۆستایە بەرانبەر بە قوتابییەکانى. لەبەرئەوەى ئەرکى مامۆستا مرۆڤسازییە. کارى مامۆستا ئاراستەکردنى مرۆڤەکانە بۆ ئاییندە, ئامادەکردنى مرۆڤە بۆ نێو کۆمەڵگە. بۆیە دەبێت مامۆستایان هەست بە گەورەیی ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە بکەن. هەر هەڵەیەک لە پەروەردەکردندا هەبێت, هەر کەمتەرخەمى و خەمساردییەک لە جێبەجێکردنى ئەرکى مامۆستایەتیدا هەبێت, کاریگەرى و دەرەنجامى خراپى لە ئاییندەدا لێ دەکەوێتەوە. هەستنەکردنى مامۆستا بە بەرپرسیارێتى, ئاکام و ئەنجامێکی مەترسیدار و خراپی لێ دەکەوێتەوە. تەنبەڵى و بێ موبالاتى و ساردوسڕى و بەهەندوەرنەگرتنى پرس و بابەتە پەروەردەییەکان, کۆمەڵگە بەرەو ڕووی لادان و سەرپێچى و پشێوى و ئاشووب و ئاڵۆزى و دەیان کێشەى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابوورى و ئایینى و هزرى دەکاتەوە. هەستکردن بە بەرپرسیارێتى, ئەرکێکى ئەخڵاقى و ویژدانى و نیشتیمانییە لە ئەستۆى مامۆستایان. کەمتەرخەمى و سستینواندن لە ئەرک و ئیش و کارەکان, ناپاکییە لەو بەرپرسیارێتییەى بەو کەسە سپێردراوە. کەسێک, کە خاوەن ڕەوشتێکى باش و باڵا بێت, ئەگەر بزانێ هیچ کەسێکیش چادێری ناکات و کەس لێپێچینەوەى لەگەڵ ناکات و کەسیش سزاى نادات, ئەو ویژدانى ڕێگەى پێ نادات ئەرکەکەى بە ڕێکى جێبەجێ نەکات. مرۆڤى بە ویژدان, دڵى ئارام و ئاسوودە نابێ ئەگەر کەمتەرخەمى و سستى لە ئەرکەکەیدا هەبێت. لە هەموو کەسێک زیاتر پێویستە مامۆستا هەستی بەرپرسیارێتی لەلا هەبێت. لە ئەگەری نەبوونی ئەم هەستە لەلای مامۆستا، نەوەیەکی بێئاگا و بێئاست و بێزانیاری و بێتوانا ڕوو لە کۆمەڵگە دەکەن. چونکە بەردی بناغەی کۆمەڵگە، بە دەستی مامۆستاکان، بە هزر و بیرکردنەوە و هەوڵ و هێزی ئەقڵ و هۆشیاری مامۆستاکان دادەنرێت. ئاییندەی هەموو کۆمەڵگەیەک بە دەست و هەست و هەڵوێستی مامۆستاکان بنیات دەنرێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا