مرۆڤ و پەروەردە

بەشی سێیەم: هاوسەنگی هزر و جەستە

 لەتیف ئەمین

 یەکەم: چاڵاکی هزری

 هەستکردن بە نەزانین, وا لە مرۆڤ دەکات هەوڵی بەدەستهێنانی زانست و زانیاری بدات. گەیشتن بەو بڕوایەی کە عەقڵ و بیرکردنەوە, کلیلی چارەسەری کێشە و گرفتەکانن, وامان لێ دەکات چاڵاکییە هزرییەکانمان زیاتر و چڕتر بکەینەوە. تین و تاسە و تێنوێتیمان بۆ پێشکەوتن و گۆڕانکاری, وامان لێ دەکات, هزر و بیرمان ڕاچڵەکێنین, تۆز و گەردی نەزانین و دواکەوتوویی, لەسەر شانی هۆشمەندیمان ڕاتەکێنین.

نەزانی و خۆ بە زانا زانین, ئەوەندەی دیکە مێشکی مرۆڤ پەک دەخات, عەقڵی مرۆڤ سڕ دەکات, وا لە مرۆڤ دەکات قەت هەوڵ نەدا و هەرگیز لە خەوی نەزانی بێدار نەبێتەوە. هەتا دان بە نەزانی خۆماندا نەهێنین، ناتوانین هەنگاو بەرەو زانین باوێین.

 نەزانین، سەرچاوەی زۆرینەی کێشە و خراپی و دەرد و دواکەوتوویی کۆمەڵگەکانە. لە هەندێک کاتدا نەزانین نەنگی نییە، بەڵکو داننەنان بە نەزانین و نەبوونی ویست و ئامادەیی بۆ فێربوون و تێگەیشتن و زانین، نەنگی و شوورەیی و مایەی نیگەرانییە. سووربوون و بەردەوامبوون و مانەوە لەسەر هەڵە و نەزانی و تەنها خۆبەڕاستزانین و لووتبەرزی و پێداگری لەسەر یەک ڕا و یەک ڕێگە و ڕوانگە و یەک بۆچوون و یەک تێڕوانین، ئاکامێکی باشی نابێت، دەبێتە ئافاتێکی کوشندە بۆ عەقڵ و هۆشمەندی مرۆڤ و بۆ ئاییندەی کۆمەڵگە. تەمبەڵی و بێتاقەتی و بێزاری و بێزەوق و سەلیقەیی، مرۆڤ بێئاگا دەکات لە پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکانی سەردەم. مێشکی مرۆڤ بۆئەوەی پەکی نەکەوێت و خانەکانی تووشی پووکانەوە نەبن, پێویستە مەشق و ڕاهێنانی پێ بکرێت. باشترین مەشق و ڕاهێنانیش بۆ مێشکی مرۆڤ, خوێندنەوە و بیرکردنەوە و تێڕامانە. هەموو زانست و دۆزینەوە و داهێنانەکان, زادەی عەقڵی مرۆڤن، عەقڵی مرۆڤیش بە بیرکردنەوە و گەڕان و خۆماندووکردن چاڵاک دەبێت، بە خوێندنەوەی بەردەوامی کتێبەکان، بە هەڵدانەوەی لاپەڕەی سەرچاوە جۆراوجۆرەکان. مەبەستم لە چاڵاکی هزریی, بەکارهێنان و جووڵاندنی عەقڵە بۆ تێگەیشتن و پەیبردن و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو.  مامۆستایەتی, ئەگەرچی جەستەش لێی بەشدارە, بەڵام بە پلەی یەکەم کارێکی هزری و هۆشمەندییە, عەقڵ تێیدا باڵادەستە, ژیریی بڕیار دەدات. ئاستی سەرکەوتن و پێشکەوتنی مامۆستا, پەیوەستە بە ڕادەی بەکارهێنانی عەقڵ و بیرکردنەوەکەی, پەیوەستە بە چاڵاکییە هزرییەکانی. بیرکردنەوەی باڵا, سەرکەوتنی گەورە دێنێتەکایەوە.

عەقڵی مرۆڤ، تا پڕ نەبێ و تا پێ نەگات, لێی ناڕژێ. چۆڕێ زانست لە عەقڵێکی بۆش و پووچدا قەت ناتکێ. هیچ پەیامێک بێ هۆشمەندی, بە دیواری ئاییندەدا قەت نالکێ.

مامۆستای پەروەردەیی و ڕاستەقینە, مرۆڤێکی بیرکەرەوەیە. مامۆستای لێهاتوو و سەرکەوتوو, خاوەن عەقڵێکی چاڵاک و هزرێکی ڕۆشنە. مامۆستای بیرتیژ و هزرمەند و چاڵاک و وریا, ئاییندەیەکی گەش چاوەڕێی قوتابییەکانی دەکات. مامۆستایەک, دەستی عەقڵی بۆ قوتابییەکانی درێژ بکات, کۆمەڵگاکەی هەر لە زانا و ژیر و هۆشیار لێوڕێژ دەکات.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا