
بەهمەن تاهیر نەریمان
ناسیۆنالیزمی "تورک و عەرەب و فارس" لەسەر سڕینەوەی کورد دامەزراون، هەر نزیکبوونەوەیەک لەم سێ نەتەوەیە دەبێت هەزار حسابی بۆ بکرێت، ئەوان بنەما قورئانییەکەی یەهوود و نەسارا(بە زمانی قورئان)یان هەڵگرتووە کە "شۆفینزمی عەرەب و تورک و فارسلێتڕازینابن هەتا شوین ئەوان نەکەویت" و نەبیت بە گەلی ئەوان، ئەوەت نەکرد نابێت بییت.
کورد فاشیزمی ئەم نەتەوانەی لە فۆرمی ناسیۆنالیزمی سەردەستەدا تاقیکردەوە و تاڵاوی لێچەشتن، ئێستا کوردی سوننە مەزەب دەبێت دەسەڵاتی فاشیزمی سوننە مەزەبی عەرەبی تاقیبکاتەوە، بۆ ئەوەی بگات بە دۆخی "لەخۆگەیشتن" و "لەویدی گەیشتن"، لەویدی فاشیست لە بەرگی خۆبەسەحابەکردویەکدا، لەبەرگی نەوەکانی بەنی ئومەییە و لە بەرگی پیاوی خوا "نەوەی قورئانیی ناوازە"(ئەمە زاراوەی سەیید قوتبە).
ئیسلامیزمی سووننەی عەرەبی هەر دەمێکە هەڵگر و میراتگری فاشیزمی عەرەبی ناسیۆنالستییە، بەڵام لە کەوڵی ئیسلامیزمدا بەرجەستەی کردووە. "د. یوسف قەرزاوی" ناونیشانی کتێبەکەی عروبەی پێش ئیسلام دەخست کە ناوی لێدەنا: "الصحوة الاسلامیة وهموم الوطن العربی و الاسلامي"، هەڵە نەبم چاپی یەکی ساڵی "١٩٨٨"ـە، وەک ئەوەی عەرەب یان لە ئیسلام لە پێشترن یان لە نەتەوە موسڵمانەکانی تر لە پێشترن بۆیە ناوی لە نەتەوە موسڵمانەکان جیادەکاتەوە و پێشیشی دەخات . کێشەکە ئەوەیە لەناو "فارس و تورک و عەرەب"ـدا ئیسلامیزمی ئەم نەتەوانە میراتگری فارسگەری و عەرەبگەری و تورکگەرین، بەڵام بە دەستێکی دەستنوێژ و زمانێکی دینی کە ئیسلامیزمی ئەم نەتەوانە پیادەی دەکەن.
ئیسلامیزمی ئەم نەتەوانە توانیویانە پرسی نەتەوەی سەردەستەی خۆیان لەگەڵ دیندا ئاوێتە بکەن، تورکێکی ئیسلامی کاتێک لەناو تورکیادا ڕێ بە زمانی کوردی نادرێت لەناو کورداندا ببێتە زمانی دانپێدانراوی دەوڵەت، ڕۆحی سەردەستەیی تورکانەی وا لەڕێی پەروەردەوە شلێراوە دەرک بەوە ناکات ستەم لە زمانێک دەکات کە خوا خەلقی کردووە. کە موجاهیدێکی وەک جۆلانی دێت و وڵاتەکەی بە فەرمی بە"کۆماری سوریای عەرەبی" ناودەبات نە خۆی و نە دەوروبەرەکەی ئەو پرسیارە ناکەن ئەم ناوە لەگەڵ بەعسی ئەسەدی دەیانکات بە هاوبیر و هاوبیرکردنەوە، چونکە بە قووڵی لە تێگەیشتنی ئەودا ئەم دوو بابەتە دژی یەکنین و تەواوکەری ئیمانی ئەوانە، ئەوان ئیمانی قووڵیان بەوە هەیە ئەو گوتارەی لەسەر ئیسلام بەرهەمیانهێناوە لەگەڵ ڕۆحە عروبییەکەدا یەکتری تەواودەکەن و دژی یەکنین.
فارسێک کە سەر بە ڕژێمی "ویلایەتی فەقیهـ" بێت هەرگیز دەرک بەوە ناکات ئەو پانئێرانیزمەی ئەوان دەستیان دابوویە دژی بیری "نە شەرقییە و نە غەربی، جمهوری ئیسلامیی" نییە و تەواوکەری یەکترین، هەر ئەو ئایدۆلۆژیستەی ویلایەتی فەقیهـ لەگەڵ شاپەسەندێک لەو خاڵەدا یەکدەگرنەوە کە دەبێت تاکە زمانی فەرمی لە ئێران زمانی فارسی بێت و زمانی کوردی بە دەستوور نافەرمییە!
ئیسلامیزمی کوردی لە هەموو شتێکدا لەوان بچێت لەوەدا لەوان ناچێت کە بێت وەک ئەوان ناسیۆنالیزمی کوردی و گوتاری ئیسلامیزم تێکەڵبکات و یەکتری تەواوبکەن، ئەوەی من ئاگاداربم، لە ئاستی بزاڤدا، تەنها جەنابی موفتیزادە ئەوەی کردووە، ئیسلامییەکانی تر لە ئاستی ئایدیۆلۆژیای حزبی و بزاڤیی ئەوەیان نەکردووە.
ئیسلامییەکانی کوردستان تا ئێستا کار بە لیستی ئەو پرس و کێشانە دەکەن کە ئیسلامیزمی عەرەبی سوننە بۆی ڕیزکردوون، بۆ نموونە لای ئیسلامیزیم سوننەی عەرەبی پرسی فەلەستن لەسەری سەرەوەی لیستەکەیە، لەناو پرسی فەلەستینیش پرسی غەززە لەسەری سەرەوەیە، عەرەبی سووننە توانیویانە پرسی فەلەستین وەک پرسی ئیسلامی و پرسی نەتەوەیی ئاوێتەبکەن، لە هیچ ڕاگەیاندنێکی عەرەبیدا ئەوە نابینی کە نەتەوەیی و ئیسلامییەک لەسەر پرسی فەلەستین دژی یەکبن، بەڵکو بە یەک زمان و هەڵوێست دژی ئیسرائیلن و پشتی فەلەستین دەگرن، ئیتر پرسەکە یاسر عەرەفات بیبات بەڕێوە یان هەنییە، ئەوان یەکدەنگن لە پشتگیریکردنی، ئەوان ئایدۆلۆژیای ئیسلامی و ئایدیۆلۆژیای نەتەوەییان تێکەڵ بەیەککردووە و یەکتریی تەواودەکەن.
جا لەبەر ئەوەی ئیسلامیزم لە کوردستاندا هەمان لیستی ئیسلامیزمی عەرەببیان هەڵنەسەنگاندووە و وەک خۆی و گوێڕایەڵانە بڕوایان پێی هەیە و شوێنی کەوتوون، بۆیە لە مرۆدا کەوتونەتە بەر کاریگەریی کەناڵێکی شۆفێنی وەک ئەلجەزیرە و ئەلعەرەبییە و ئەم کەناڵانە دڵخوازیانە، ئەوان چ ئایدیاک لەسەر پرسەکان بەرهەمبێنن، ئەمانیش بڕوادارێکی بەئیمانی ئەوانن. لەوەش سەیرتر، ئەگەر ئیسلامیزمی سوننەی عەرەبی لە هەرتەقەی خۆیشیان بێدەنگبن، ئەمانیش لێی بێدەنگن، ئێستا جۆلانیی بەرانبەر ئیسرائیل و داگیرکارییەکانی بۆ ناو سوریا بێدەنگە، لەگەڵ ئیسرائیلییەکان دادەنیشێت و پەیمانیان لەگەڵ دەبەستێت، خودی جۆلانی دەڵێت ئێمە لەگەڵ ئیسرائیل دوژمنی هاوبەشمان هەیە، ئیسلامییەکانی کوردستانیش لە کوفرێکی ناو لیستی موحەرەماتی موجاهیدە سوننەکەمان بێدەنگن(هاواربەماڵم ئەگەر کوردیک ئەوەی بکردایە و بیوتایە، کە جۆلانی کردی و وتی!).
پرسی کورد لە سوریا، خۆشبەختانە(!!)، ئێستا بە دەست موجاهیدەکانی جۆلانییەوەیە و ئەوان مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، وا وردوردە بە ئەزموون بۆ کوردان دەردەکەوێت کە بەرانبەر پرسی کورد، شۆفێنزمی ئەسەدی و شۆفێنزمی جۆلانی یەکن و جیاوازییان نییە، دڕندەیی بەعسی ئەسەدی دژی کورد لەناو کەوڵی جۆلانیزمدا دەرکەوتووەتەوە و جیاوازییان نییە.
ئیسلامییەکانی ناو کورد بەرەبەرە سەریان بەر ئەلحەدی فاشیزمی ئیسلامیزمی سوننەی عەربیی دەکەوێت، هەر لەناو خۆیانەوە، نەک شوێنی تر، دەنگی کوردانەی ڕەسەن، لە ناو ڕۆحی ئایندارانەی "مەلای مودەڕیس و شێخی خاڵ و سەجادی و موفتیزادە و مەعشقوق خەزنەوی و سەعیدی نوورسیی، ..."ـەوە دەنگی نا بۆ تێگەیشتنی "شۆفێنزمی عەرەبی بۆ پرسی کورد بەرزدەکەنەوە"، پرسی نەتەوەی خۆیان پێشدەخەن و لەگەڵ دیندا سازگەی دەکەن.