نووسینی/ زیرەک کەمال

دوێنێ شەو منیش وەکوو هەزاران کوردی بریندار و دڵشکاو، لە شاشەی تیڤی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو عارەبە ئاوارانەی  غەزەم بینی، کە لەژێر خێوەتی ئاوارەیی و لەناو قوڕ و چڵپاودا چەپڵەی ئافەرین و سەرکەوتنیان بۆ ئەو میلیشیا چەکدارانەی سوریا لێ دەدا، کە ئێستا بە درووشمی الله اكبر لە هەموو لایەک لە هێرش و پەلاماردان بۆ سەر گەلی کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان. کاتێ ئەوەم بینی یەکسەر ئەو بەسەرهاتەم بەبیر هاتەوە:

ساڵی 2007 بە گەشتێکی ڕۆژنامەوانی چوومە وڵاتی ئەردەن، بەوپێیەی ئەردەن وڵاتێکی کۆن و مێژووییە، بڕیارمدا لەو گەشتەمدا سەردانی کۆمەڵێک شوێنەواری گرنگ بکەم. یەک لەو شوێنانە مەزاری (اصحاب الكهف - یارانی ئەشکەوت) بوو. بە ئامانجی گەیشتن بەو شوێنە لەگەڵ تەکسییەک سەرکەوتم. سەرەتا کابرای شوفێر بەبێ پێشەکی، خۆی وەکوو موجاهیدێکی فەلەستینی ناساند، کە هەستیشی کرد من عارەب نیم، لێی پرسیم خەڵکی چ وڵاتێکی؟ گوتم: کوردستان، یەکسەر گوتی (شنو کوردستان؟) پێم گوت: کوردستانی عێڕاق. بە تووڕەییەکی زۆرەوە گوتی: (گل عێڕاقی.) منیش پێم گوت: پاسەپۆرتم عێڕاقیە، بەڵام کوردم و خەڵکی کوردستانم.  بەڕقێکی ئەستوور و دووچاوی زەق و دەموچاوێکی ئاگراوی ویستی پەلامارم بدا. دواتر بە پاڵ پێوەنانەوە لە تەکسییەکەی دایگرتم و سەری لەجام هێنایە دەرێ جنێوێکی پیسیشی بە دایکم دا و دەرپەڕی. هەڵبەت منیش غەریبە بووم و لە وڵاتی غەریبە بووم، ئەویش نەوەستا، ئەگینا ئەگەرچی بڕوام بە شەڕ نیە، بەڵام بڕوا بکەن ئاسان لەبەر دەستم دەرباز نەدەبوو. چەند ساڵێک بەر لە ئێستا کچ و کوڕێکی گەنجی کوردی نیشتەجێی وڵاتی سوێد بڕیاری بە یەکەوەنانی ژیانی هاوسەریاندا، بۆ ئاهەنگسازکردنیش بەو بۆنەیەوە چوونەتە ناو پارکێکی ستۆکهۆڵم. لەوێ ئامادەبووان کە هەمووی کوردبوون بە جلی کوردییەوە شایی دەکەن، کەچی لە لایەن کۆمەڵێک کرێکاری تورک کە ئەوانیش وەکوو کورد ئاوارە بوون و پاککەرەوەی پارکەکەبوون، کە دەزانن ئەوانە کوردن و چاویان بە جلی کوردی دەکەوێت، یەکسەر بە چەقۆ و داروبەرد بەردەبنە گیانی کوردەکان و چەندین کەسیان لێ بریندار دەکەن. هەڵبەت من کوردم و گەل و وڵاتەکەمم خۆش دەوێت و هەموو گەلانی دنیاشم خۆش دەوێت، بەڵام بە دڵیش حەز دەکەم بەرلەوەی بمرم سەربەخۆیی کوردستان ببینم. کاتێک ئەو بەسەر هاتانە دەگێڕمەوە، پرسیاری ئەوەم لە لا دروست بووە، بۆ دەبێت شۆفێرێکی عارەبی ئاوارەی فەلەستینی لە ئەردەن و کرێکارێکی ئاوارەی تورک لە سوێد و عارەبێکی ئاوارەی غەزە لەژێر خێوەتی ئاوارەیی، بەبێ ئەوەی یەکتری بناسن ئاوا ڕقیان لە کورد دەبێتەوە؟ 

من بۆخۆم و هەموو برا کوردەکانم، کە خاک و وڵاتەکەیان خۆش دەوێت و لە ئەلف وبێی سیاسەت و مێژوو شارەزان و ئایدیۆلۆژیا کوێری نەکردوون، وەڵامی ئەو پرسیارە دەزانین، بەڵام هیوادارم ئەو کەسانە وەڵامم بدەنەوە کە کوردن و گاڵتە بە کەزی و بڕاو و خەبات و تێکۆشانی کچ و ژنانی شەڕڤان دەکەن.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا