ئاراس سەعید

ڕەنگە هیچ سەردەمێکی کولتووری بنیادەم، هێندەی ئێستا دەوڵەمەند نەبووبێت بە نووسین و چاپکردن و بڵاوکردنەوە؛ نها چاپخانەکان لە هەموو گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا، ڕۆژانە هەزاران ناونیشان بە هەموو زمانەکان چاپ و بڵاو دەکەنەوە. لێ ئەم زۆر و زەوەندییە، لە جەوهەردا گوزارشت لە دەوڵەمەندیی فەرهەنگی ناکات، بەڵکوو زۆربەی ئەم بەرهەمانە تەنیا بۆ ئەوە لەدایک دەبن تا دوای چەند ڕۆژێک، یان لە باشترین دۆخی فەرهەنگیدا دوای چەند مانگێک، فەرامۆش بکرێن و بچنە ناو تۆز و غوباری لەبیرچوونەوەوە. ئا لەم دۆخە کولتوورییەدا کە شەیدای «بەکاربردنی خێرا»یە، کێ لە ئێمە ناوی ئەو نوخبەیەی لە یاد ماوە کە تەنیا ساڵێک لەمەوبەر خەڵاتە گەورەکانی وەک (نۆبڵ) یان (بوکەر)یان بردەوە؟ 

لەم سەردەمەدا، کە تەکنەلۆژیا بزوێنەرەکەیەتی، هەموو شتێک بەخێرایی دێت و دەڕوات. پەرتووکە چاپکراوە نوێیەکانیش بە خێرایی دێن و ئەوانی پێش خۆیان دەشارنەوە؛ ئەمەش وا دەکات نووسین ببێتە کارێکی «وەرزی» و بکەوێتە بەر شاڵاوی فەرامۆشییەکی کوشندە کە هیچ سوود و مفاییەکی بۆ ئایندە تێدا نییە.

لە ڕووی فەرهەنگییەوە، هەر نەوەیەک پێشەنگی خۆی هەیە، لێ لە ڕووی ڕامانەوە «پێشەنگی فەرهەنگی» ڕایەڵەیەکی نەگۆڕی هەر نەتەوەیەکە؛ ئەو ڕایەڵەیەی کە یادەوەریی بەکۆمەڵ پێکەوە دەبەستێتەوە و بە زیندوویی دەیهێڵێتەوە. کولتووری هیچ نەتەوەیەک بێ بوونی پێشەنگی ناوخۆیی و جیهانی بوونی نییە. مێژووی بنیادەم و شارستانییەکان، بە زنجیرەیەک لە پێشەنگ و شاکار داڕێژراوە؛ هەندێکیان وەرزیین و هەندێکی تریان ئەبەدین. پێشەنگە وەرزییەکان تەنیا بۆ تەمەنی نەوەیەک یان دووان دەبنە باو، لێ پێشەنگە ئەبەدییەکان توانای پەڕینەوەیان لە نەوەکانەوە هەیە؛ ئەمانە جەوهەری ئەو زنجیرەیەن کە بەهاکان دەگوێزنەوە و دەبنە ئەو میدیۆمەی نەوەی نوێ و نەوەی کۆن بەیەک دەگەیەنێت. لەم سۆنگەیەشەوە، پێشەنگە ئەدەبییەکان ئەو سەرچاوەیەن کە دڵنیایی فەرهەنگی لای گەلان دەخوڵقێنن، وە بەردەوامیش ئەم پێشەنگانە ڕووبەڕووی هێرشی ڕژێمە سیاسییەکان یان دەسەڵاتە ئایینییە توندڕەوەکان دەبنەوە و ناووزڕاو دەکرێن. 

دەکرێت بێژم، بەرهەمی پێشەنگی ئەدەبی پڕوپووچییەکی ڕۆژانە یان کاتتێپەڕ نییە، وە دەقێکی هزریی سادەوێڵیش نییە؛ بەڵکوو داخویانییەکی مێژووییە بۆ نەتەوە و بەری ڕەنجی بلیمەتیی نوخبە و فەرهەنگەکەیەتی.

تا نیوەی سەدەی بیستەم، پێشەنگە ئەدەبییەکان تەمەنێکی درێژیان هەبوو؛ بە ئارامی و لە ڕێگەی گفتوگۆی جدییەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوێزرانەوە. تەنانەت هەندێک دەق لای نەوە یەک لە دوای یەکەکان دەگەیشتنە پلەی پیرۆزی. نالی، سالم، مەحوی و حاجی قادری کۆیی هێشتاش لە یادەوەریی ئێمە و نەوەکانی پێش ئێمەدا نیشتەجێن. ئەم ناو و دەقانە هێشتا دەمانبزوێنن و پرسیاری زۆرمان لەبەردەم دادەنێن. شاکارەکانی نالی و سالم و مەحوی و حاجی کۆیی و ئەحمەدی خانی، یان شاکارەکانی گۆران، هێمن، هەژار، پەشێو و شێرکۆ بێکەس، هەروەها بیرمەندانی وەک مەسعوود محەمەد و د. جەمال نەبەز هێشتا لە یادەوەریی ئەدەبیاتی ئێمەدا ئامادەییان هەیە و ئەمانە لەو دەقانەن کە ژەنگ هەڵناهێنن.

تا نیوەی سەدەی بیستەم، پەرتووکەکان تەمەنیان لە تەمەنی نووسەرەکانیان درێژتر بوو؛ نووسەر دەمرد و بەرهەمەکانی لای خوێنەران بە زیندوویی دەمانەوە. لێ ئەمڕۆ، ئێمە وێنەی نووسەر زیاتر دەناسین وەک لە کارەکانی! ئەوەی ئەمڕۆ بڵاودەکرێتەوە، لە «ژەمی خێرا» دەچێت؛ بە خێرایی دەخورێت و هەر بەو خێراییەش فەرامۆش دەکرێت. 

نها شاهیدی لەدایکبوونی کولتوورێکین کە تەنیا لۆژیکی بازاڕ دەناسێت! چاپخانەکان هەزاران ڕۆمان چاپ دەکەن تەنیا بۆ ئەوەی ببنە قوربانیی لەبیرچوونەوە. بەجۆرێک تەمەنی ڕۆمانێکی سەرکەوتووی سەردەم لە چەند مانگێک تێپەڕ ناکات؛ ئێمە لەبەردەم شانۆگەرییەکی پڕوپووچی فەرهەنگیدا وەستاوین، کە تێیدا ڕۆمانێک، ڕۆمانێکی تر دەخاتە ژێر خاکەوە! کتێبفرۆشە پیشەگەرەکان، کتێب تەنیا بۆ چەند ڕۆژێک لە پێشەوەی ڕەفەکاندا دەهێڵنەوە و پاشان شوێن بۆ یەکێکی تر چۆڵ دەکەن. بڕوام وایە، سەرەڕای بوونی هەندێک کاری جوان، لێ هیچ کامێکیان نەبوونەتە «پێشەنگ». دواین ڕۆمان لەجیهاندا کە وەک پێشەنگ ماوەتەوە، «سەد ساڵ تەنیایی»ی مارکیزە. ڕۆمانەکانی ئەمڕۆ، سەرەڕای فرۆشی زۆر و دەنگەدەنگی میدیایی، تەمەنیان کورتە و زوو دەخرێنە ناو چەکمەجەی لەبیرچوونەوەوە. ناوی نووسەری هاوچەرخ بە خێرایی وەک گەڵای پاییزی دەوەرێت و کتێبەکەی دەچێتە سەر ڕەفە تۆزاوییەکان.

لێرەدا بە ئاماژە بە ڕازێکی فیکریی (ڕۆڵان بارت) کۆتایی پێ دەهێنم، کە ناوی ناوە «مەرگی نووسەر». ئەو تیۆرەی بارت سەبارەت بە مەرگی نووسەر هێناویەتە کایەوە، تەنیا تیۆرێکی سادەوێڵ نییە، بەڵکوو بانگەشەیەکە بۆ ئەوەی دەق لەژێر سێبەری باڵادەستیی نووسەر بێتە دەر و خۆی تەجەلا بکات. 

بارت دەبێژێت: «بۆ ئەوەی خوێنەر لەدایک بێت، دەبێت نووسەر بمرێت.» مەبەستی ئەو لەوە بوو کە دەق نابێت بخرێتە ناو قەفەسی ژیاننامە و مەبەستە تایبەتییەکانی نووسەرەکەی، بەڵکوو دەبێت وەک بوونەوەرێکی سەربەخۆ لەناو زەینی خوێنەردا بژی. بەڵام کارەساتەکە لێرەوە دەست پێ دەکات: ئەمڕۆ بەرلەوەی نووسەر بمرێت، دەقەکەی دەمرێت.!

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا