
نووسینی: برایم فەڕشی
ئێمە گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی سەر گۆی زەوین. خاوەنی یەکێک لە ڕەنگینترین و بەپیتترین خاکەکانی ناوچەکە و جیهانین، کەچی کەوتووینەتە دەرەوەی بازنەی دەسەڵات، سیاسەت و دیپلۆماسی. لە ئابووری، پیشەسازی، تەکنەلۆژیا و بازاڕی جیهانیدا دابڕاوین. سەرەڕای هەبوونی چەندین زانکۆ، کەمترین بەشداریمان لە پێشکەوتنی زانستی جیهاندا هەیە. لەگەڵ بوونی فەرهەنگ، زمان و هونەرێکی پشتئەستوور بە مێژوویەکی هەزاران ساڵە، کەمترین ڕۆڵمان لە هونەر و فەرهەنگی جیهان و ناوچەکەدا هەیە.
کورد دەیتوانی و دەتوانێت ببێتە ئەکتەرێکی سەرەکی لە هەر کام لەم بوارانەدا، بەڵام نییە. پرسیار لێرەدایە: لە مێشکی مرۆڤی کورددا چی هەیە کە وای کردووە بکەوێتە دەرەوەی بازنەی دەسەڵات، سیاسەت، زانست، هونەر و ئابووریی ئەم جیهانە؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە لە هەموو بوارێکدا خۆمان کۆ بکەینەوە و پێگەی ڕاستەقینەی خۆمان مسۆگەر بکەین؟
ئەزموونی سەد و بیست ساڵ و مێژووی هەزاران ساڵەی پەرتەوازەییمان، ئەوەی سەلماندووە کە تاک تاک تێک دەشکێین و ئەگەر بە پارچەپارچەیی بجووڵێینەوە، هەرەس دێنین. ئێمە پێویستمان بە یەک بیر، یەک فەلسەفە، یەک سیاسەت، یەک ئابووری، یەک دیپلۆماسی و یەک دەزگای نیشتمانیی یەکگرتوو هەیە؛ دەزگایەک کە کەسایەتی و ڕۆڵی یەک نەتەوەی یەکگرتوو دەربخات.
لە هەر ١٣٠ کەسی ئەم جیهانە، یەکێکیان کوردە. واتە کورد هێزە و دەتوانێت ببێتە هێزێکی کاریگەر، ئەگەر تێگەیشتنی گرووپی، عەشیرەیی، ناوچەیی، حیزبی و بنەماڵەیی، ڕێگر نەبێت لەبەردەم یەکگرتنی نەتەوەییدا.
دەبوو کورد چەند هەزار ساڵ لەمەوبەر وەک یۆنانییەکان خۆی بدۆزیایەتەوە! دەبوو لە سەدەکانی ١٥ و ١٦دا خۆی ڕزگار بکردایە! دەبوو لە سەدەی نۆزدەیەمدا وەک زۆربەی نەتەوەکانی باڵکان سەربەخۆ بووایە! دەبوو لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەمدا خۆی وەک نەتەوە بناسیایە و تێکەڵ بە سیاسەتی جیهانی بووایە، تا وەک ئەکتەرێکی سیاسیی خاوەن کیان دەربکەوێت. بەڵام بەپێچەوانەوە، کورد لە هەزاران ساڵەوە تا ئەمڕۆ، بووەتە پەیژەی سەرکەوتنی تورک، عەرەب، فارس و ئەورووپییەکان. دوا پەردەی ئەم پەیژەبوونەش، شەڕی دژی داعش و بوون بە قەڵغانی پاراستنی ناوچەکە و ئەورووپا بوو.
لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، کورد تەنها ڕووبەڕووی چوار وڵاتی داگیرکەر نەبووەتەوە، بەڵکو وڵاتانی ئەورووپاش ڕۆڵی سەرەکییان لە دابەشکردنی کوردستان و پاراستنی دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەدا گێڕاوە. ئەوان پارێزەری دیکتاتۆرەکانی ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا بوون و هەن؛ هەر ئەوانیش ئەو وڵاتانەیان پڕچەک کردووە و پاڵپشتیی سیاسی و ئابوورییان لێ کردوون. ئەمە لە کاتێکدایە کە کورد لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، خاوەنی دیپلۆماسییەتێکی ڕوون و یەکگرتوو نەبووە و کەوتووەتە دەرەوەی سیاسەتی ڕۆژئاوا.
ئێستاش، ئەزموونێکی مەزن ڕووبەڕووی کورد بووەتەوە کە ئەمجارە گۆڕەپانەکەی ڕۆژئاوای کوردستانە. پرسیارەکە ئەوەیە: کوردی پەنجا ملیۆنی و زیاتر، چۆن دەجووڵێتەوە و بەرنامە و ستراتیژی و دیپلۆماسیی چی دەبێت؟
ئەمجارە کورد تەنها ڕووبەڕووی تورک، عەرەب و فارس نییە، بەڵکو ڕووبەڕووی سیاسەتی ئەورووپا، ڕۆژئاوا و تەواوی ناوچەکەیە. ڕووبەڕووی تیرۆری ژێرباڵی وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژئاوایە. کورد لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە؛ بەتەنیاهێشتنەوەی ڕۆژئاوای کوردستان، واتە بەتەنیا مانەوەی ڕۆژهەڵات، باشوور و باکوور.
کورد ئەمڕۆ تەنها بە یەک سیاسەت، یەک ستراتیژی، یەک هەڵوێست و یەک دیپلۆماسیی یەکگرتوو دەتوانێت خۆی بپارێزێت و سەدەی بیست و یەکەم بکاتە سەدەی خۆی. درێژەدان بە تێگەیشتنی ڕابردوو، واتە درێژەدان بە کارەساتەکان و ژێردەستەیی. هیچ حیزب و گرووپێک لە هیچ پارچەیەکی کوردستان، بە تەنیا ناتوانێت خۆی و بەشێک لە نەتەوەکەی ڕزگار بکات. ئەمە ئەزموونی هەموو نەتەوەکان بووە و کوردیش هەر ئەم ڕێگایەی لەپێشە.