
نووسینی: سامان مەجید
پڕۆسەی پەروەردە تەنها گواستنەوەی کۆمەڵێک زانیاریی وشک و بێگیان نییە لە پەرتووکەکانەوە، وەک ڕەچەتەی پزیشک، بگوازرێتەوە بۆ مێشک و تێگەیشتنی قوتابی. بەڵکو لە بنەڕەتدا پڕۆسەیەکی مرۆییی قووڵە کە لەسەر بنەمای ئارامیی دەروونی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی بونیاد دەنرێت. واتا، پەروەردە و فێرکردن دوو بەشی گرنگی یەک بابەتن و کۆمەڵگە لەسەریان بونیاد دەنرێت. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە کەرتی پەروەردەدا دەبینرێت، جۆرێکە لە فەرامۆشکردنی ترسناکی ئەم ڕەهەندانە. چونکە مێشکێک کە لەژێر باری گرانیی کێشە خێزانییەکان، هەژاری، یان توندوتیژیی دەروونیدا بێت، توانای ئەوەی نییە بۆشاییەک بۆ هاوکێشە بیرکارییەکان و تیۆرییە زانستییەکان بکاتەوە و ببێتە ناوەندێکی پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێ.
کاتێک ئەمە دەبینین، تێ دەگەین کە لە سەردەمێکداین دیوارەکانی قوتابخانە نەیانتوانیوە ببنە قەڵغانێک بۆ پاراستنی منداڵ لەو جەنگە دەروونییانەی کە لە دەرەوەی قوتابخانە بەرۆکیان دەگرێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵێک گرفتی مەترسیدار. نەبوونی ئەم قەڵغانەش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ستراتیژییەتێکی ڕوون بۆ پشتگیریی باری دەروونیی قوتابیان و تێگەیشتن لەو حاڵەت و دیاردانەی کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی قوتابیان دەبنەوە.
گەورەترین کەلێن لەم نێوەندەدا، کەمکردنەوەی ڕۆڵی "توێژەری کۆمەڵایەتی"یە بۆ ئاستی کارمەندێکی ئاسایی یان کارگێڕ. لە کاتێکدا دەبێت توێژەر وەک "فریادڕەسێکی دەروونی" و پردێکی پەیوەندی لە نێوان ژینگەی پشێوی ماڵ و ژینگەی فێربوونی قوتابخانەدا بێت؛ بزانێت قوتابییەکانی هەڵگری چ گرفت و کەمایەسییەکن و چۆن کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات. بەپێچەوانەوە، دەبینین بەهۆی کەمیی میلاک یان نەبوونی دەسەڵاتی بڕیاردان، ئەم ڕۆڵە پەراوێز خراوە و هیچ بایەخێکی پێ نادرێت.
قوتابییەک کە بەدەست دەرەنجامە دەروونییەکانی جیابوونەوەی دایک و باوک، یان فشارە داراییەکانەوە دەناڵێنێت، لە پۆلدا وەک "قوتابییەکی تەمبەڵ" یان "سەرکێش" دەناسێنرێت و مامەڵەیەکی هەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. لە کاتێکدا دەبوو وەک مرۆڤێکی بریندار مامەڵەی لەگەڵ بکرێت کە پێویستی بە چارەسەرە، بەڵام سزا دەدرێت و جارێکی تر ڕووبەڕووی دۆخێکی دەروونیی خراپتر دەکرێتەوە. ئەم جیاکارییە لە تێگەیشتندا وای کردووە قوتابخانە لەبری ئەوەی ببێتە شوێنی گەشەپێدان و بەرزکردنەوەی توانا زانستی و پەروەردەییەکان، ببێتە ژینگەیەکی سارد و بێگانە و قوتابی تێیدا هەست بە نامۆیی بکات.
هەر بۆیە، چاکسازیی ڕاستەقینە لە پەروەردەدا بە گۆڕینی پڕۆگرامەکان دەست پێ ناکات، بەڵکو بە گۆڕینی ڕوانینمان بۆ "کەسایەتیی قوتابی" دەست پێ دەکات. پێویستە قوتابخانەکان لە کارگەی بەرهەمهێنانی نمرەوە بگۆڕدرێن بۆ ناوەندی ڕاوێژکاریی کۆمەڵایەتی، کە تێیدا تەندروستیی دەروونی وەک پێویستییەکی لەپێشینە سەیر بکرێت. تا ئەو کاتەی بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ چارەسەری کێشە خێزانییەکان و چاودێریی دەروونیی قوتابیان نەبێت، هەر هەوڵێکی زانستی لەو بوارەدا بێبەها دەبێت و ناتوانێت ئاستی پەروەردە بەرز بکاتەوە. چونکە پەروەردەکردنی عەقڵ بەبێ پەروەردەکردنی ڕۆح و دڵ، تەنها بەرهەمهێنانی نەوەیەکی خاوەن زانیارییە کە لە ناوەڕۆکدا کەسایەتییەکی تێکشکاوە و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ژیانی نییە.