ئامادەکردنی:مەغدید حاجی

 لە بری پێشەکی:

 سێ مانگ پێش ئێستا شاری کۆیە ماڵئاوایی لە مامۆستا و پەروەردەکارو شاعیرێکی نیشتمانپەروەری دڵسۆز کرد.

 مامۆستا مەولود ژاکاو زیاتر لە 40 ساڵ خزمەتی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردنی کردووە. هەروەها لە ڕێگای هۆنراوەکانیدا  هەستی نیشتمانی ونەتەوەیی خۆی دەربڕیوە. بە هۆنراوە ڕەخنەی گرتووەو داواکاری خەڵکی شارەکەی خستۆتە ڕوو..لە (ت/2 ساڵی 2023) دا بە هۆنراوەیەکی ڕەخنەئامێز بە ناونیشانی( وردە نا درشتە گلەیی) کە لە گۆڤاری کەکۆن بڵاوکراوەتەوە، فەرموویەتی: 

 " کە تونێلی هەیبەم تەواو نەبێ 

 جادەی پڕ پێچ و خوارم بۆ چییە؟!

گەر پڕۆژەی ئاوی پاکم بۆ نەبێ

 ئاوی تاڵ و سوێری وەک ژەهری مارم بۆ چییە؟!

 هەر پڕۆژەک بێ و بەڵێندەر لوشی کاو  پێی پێوەنێ

 یاساو ڕێسای ئاوەدانی بێ کردارم بۆ چییە؟

 شەقام و کوچەو کۆڵانی قیرتاوم چەو هەڵبدا 

 ئەندازیاری بێ هەڵوێست و بێ بڕیارم بۆ چییە؟

 شارم پیس و پڕ خاشاک و بۆگەنی بێ

 پاک کەرەوەوئەنجومەنی شارەوانیم بۆ چییە؟

 پارکی ڕازاوەی پڕ یاری منداڵانم گەرنەبێ 

 باخچۆڵەی ناڕێکی بەڕەڵلای کەرانم بۆ چییە؟

 نوێنەرانم لە پەرلەمان گەر شەڕێکم بۆ نەکەن 

 هەڵبژاردنی نوێنەرانی پەرلەمانم بۆ چییە؟

 هەر کەسێ هەستی بە خورتی لێخوڕی ولێداو بڕوا

یاسای هاتوچۆو فیتەی مروورانم بۆ چییە؟

 گەر نەتواندرێ هاوڵاتی پابەندی یاسا بکرێ

 هات و هاوارو هەرای دادوەرانم بۆ چییە؟ "

 ٭کورتەیەک لە بارەی ژیانی مامۆستا:

  ناوی تەواوی: مەولود حوسێن مەولود(ژاکاو)

 ناوی دایکی: خەدیجە غەریب.

  م. مەولود،ساڵی 1939 لە گوندی( ئەشکەوت سەقا) لە دایکبووە.ئەم گوندە لادێیەکی بچووکە کەوتۆتە  نێوان هەولێرو کۆیە. 

 مامۆستا مەولود پێش کۆچی دوایی بە ماوەی چەند مانگێک ژیاننامەی خۆی بۆ نووسیوم، بە داخەوە درەنگ بەدەستم گەیشت،خۆزگە لە ژیانی خۆیدا بڵاوبکرابایەوە. مامۆستا نووسیویەتی و دەڵێ: "  زۆر منداڵ بووم کە ماڵمان گواستراوەتەوە بۆ شاری کۆیە، من چاوی فامکردنم لە کۆیە هەڵێناوە، بۆیە هەر خۆم بە کۆیی دەزانم، وەلێ ناکرێ ناوی شوێنی لە دایکبوونم فەرامۆش بکەم چونکە زۆر شیرین و خۆشەویستە".

  ژاکاو،لە ساڵی 1949دا  لە قوتابخانەی ئولای کۆیە لە تەمەنی نۆ ساڵیدا چۆتە بەر خوێندن. لە ساڵی(1955-1956)دا قۆناغی سەرەتایی خوێندنی تەواوکردووە. لە ساڵی(1959-1960)دا  لە خانەی مامۆستایانی هەولێر وەرگیراوەو لە ساڵی خوێندنی(1961-1962)دا تەواوی کردووەو ئامادەکراوە وەکو مامۆستا دابمەزرێت.

 لە ڕێکەوتی (7-11-1964) دا  وەکو مامۆستای قۆناغی سەرەتایی لە گوندی ئێلنجاغی گەورە وەکو مامۆستا دەست بەکار بووە.

 مامۆستا مەولود لە ژیانی مامۆستاییدا وەکو پەروەردەکارێکی دڵسۆز  لەم قوتابخانانەی خوارەوە خزمەتی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردنی  کردووە:

 ( گۆمەشینی شێخان، ئولای کۆیە، حاجی قادر، هیوا، بەردەسپی ؛گوندێکە کەوتۆتە سەر بەستی شەرغە دوورو لاچەپە کاربەدەستانی بەعس بۆ ئەم شوێنە نەقلیان کردووە چونکە خاوەن هەستی کوردایەتی بووەونەبۆتە بەعسی، چوارباغ، دوا قوتابخانەشی نەوجەوانانی کۆیە بوو).

 مامۆستا  لە ساڵی 2006دا خانەنشینکراوە.

 مامۆستا مەولود لە ژیانی مامۆستاییدا، هەر لە سەرەتاوە تاکو خانەنشینبوونی پەروەردەکارێکی دڵسۆز بوو، چالاک بوو،پیشەکەی خۆی خۆشدەویست، بە تەنگ خوێندنی قوتابیەکانیەوە دەچوو،هەمیشە هانی داون بۆ خوێندن ، وانەکانی بە ڕێکو پێکی و سەرکەوتوانە گوتۆتەوە، زۆر گرنگی بە پێگەیاندنی قوتابییەکانی داوە، هەمیشە ئامۆژگاری کردوون، تاکو لە پاشەڕۆژدا سەرکەوتووبن و خزمەتی گەل و وڵاتەکەیان بکەن.

 ٭ چەند دێرێک لەبارەی هەڵوێستی نیشتمانپەروەری و شیعرەکانی:

 سەبارەت بە هەڵوێست و مێژووی سیاسی، مامۆستا خۆی بۆی نووسیوم: " ئەوکاتەی لە هەولێر لە خانەی مامۆستایان دەمانخوێند لە ڕیزی یەکێتی قوتابیانی کوردستان کارم دەکردو چالاکیمان زۆر بوو،وەکو نووسینی سە دیوارو کردنەوەی ئاگری نەورۆزو بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکانی حزب لەناوشاردا . لە ساڵی 1963دا  لە دوای کودەتای 8 ی شوبات، لەگەڵ پۆلێک لە قوتابییانی کۆیی پێش تاقیکردنەوەی سەری ساڵ لە لایەن حەرەس قەومی گیراین و ڕەوانەی گرتووخانەی موسەیەب کراین، هەتا مانگی نۆ دەوری دووەم ئینجا بەربووین و تاقیکردنەوەمان ئەنجامدا..  لە کارو چالاکی سیاسی بەردەوام بووم تاکو ساڵی(1964-1965) کە حزبەکەم بوونە دوو سەنگەر و سەنگەریان لە یەکتر گرت وازم هێناو پەیوەندیم پچڕاند، چونکە ئەو شەڕی براکوژیەم پێڕاست نەبوو" ..

دەربارەی نووسین و شیعرەکانی مامۆستا ژاکاو:

 مامۆستای ڕەوانشاد وەکو شاعیر ئەم بەرهەمانەی بە چاپگەیاندووە:

1- شنەی نەورۆز(شیعر)

2- بەستەی دڵ(شیعر)

3- نامیلکەیەک کە محەمەد تۆفیق وردی شاعیرو فۆلکلۆر پەروەری ناودار  بە زمانی عەرەبی لەژێر ناونیشانی(کویسنجق و المصلح الاجتماعي ابراهیم صابر ولي) نووسیویەتی  مامۆستا ژاکاو بۆسەر زمانی کوردی وەریگێڕاوەو سەنتەری لێکۆلینەوەو پەخشی کۆیە بە چاپی گەیاندووەو بڵاوی کردۆتەوە.

 مامۆستای ڕەوانشاد بەر لە کۆچی دوایی دیوانە شیعرێکی تری ئامادە کردووە بۆ چاپ لە ژێر ناوی ( دەردی دڵ) . 

ژاکاو زۆر وتارو شیعری لە گۆڤارو ڕۆژنامەکانی :(هەتاو،هەولێر، بەدرخان،کوردستانی نوێ، کۆسار، کەکۆن) بڵاوکردۆتەوە.

 ٭ باری کۆمەڵایەتی:

 مامۆستا مەولود لە ساڵی 1966 ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو خەجیجە ئەحمەد پێکهێناوە، پێنج منداڵیان هەیە(تەمەن درێژ بن): 

 1-تریفە، دەرچووی پەیمانگەی بازرگانی هەولێرە.

 2- ڕەوەز، دەرچووی پەیمانگەی مامۆستایانی هەولێرە.

3- تارا،دەرچووی کۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابوورییە.

4- دەوەن، پۆلی سێیەمی ناوەندی تەواوکردووە.

5- تابلۆ،پۆلی شەشەمی ئامادەیی تەواوکردووە.

 ٭ بەداخەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی 22-10-2025 مامۆستا ژاکاو چاوەکانی بە یەکجاری لێکناو ماڵئاوایی لە کەس و کاری و خۆشەویستانی و شاری کۆیە کرد. یادی بەخێرو هەزاران سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی .

 زۆر سوپاس بۆ هاوڕێی بەڕێز ئومێد تۆفیق کە ژیاننامەی مامۆستا ژاکاوی بۆ ناردم و منیش بە ئەرکی ئامادەکردنی هەڵسام.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا