عوسمان زیندانی
لەناو پرۆسەی سیاسی و ململانێ جۆراو جۆرەكانی ناو كۆمەڵگەدا مەسەلەیەكی زۆر هەستیار وپڕ بایەخ هەیە هەمیشە دەبێت كاری لەسەر بكرێت و فەرامۆش نەكرێ ،
ئەویش پرسی (بەشداری سیاسیە)بەتایبەت لەناو توێژی (گەنجاندا) بۆئەوەی بەتەواوەتی وئاسان بتوانرێت ئاڵوگۆڕ دروست بێت لەژیانی سیاسی وئابووری وكۆمەڵایەتیدا٠
لەبەرئەوە گەنجان هەمیشە لەهەوڵی زۆر و بەردەوامدان بۆ ژیانێكی باشتر لەوەی هەیانە ، بەحوكمی قۆناغی تەمەن وباری بایلۆجی و جەستەیی كە خاوەن ووزە و توانایەكی زۆر و هەمجۆرن ئەگەر بتوانرێت ئەو توانایە بخرێتە ناو پرۆسەی بەشداری سیاسی و فرسەت بڕەخسێنرێت بۆ دەرخستنی تواناكان و بەرجەستە كردنی بۆ بەرژەوەندی گشتی ٠
دیارە پێناسەی زۆر و هەمەجۆر بۆ بەشداری سیاسی كراوە كە گرنگترینیان بریتیە لە هەر جوڵە و كار و چالاكیەك مرۆڤ ئەنجامی دەدات لەپێناو دیاریكردنی سیستەم و شێواز ی حوكمڕانی و ئیدارەدانی كارو باری گشتی و كاریگەری دروست كردن لەسەر بڕیار و بەرنامەی سیاسی لە ناوەندی دەسەڵاتدارێتیدا٠
لەهەرێمی كوردستان وەك یاسا ڕێگای بەشداری سیاسی كراوەیە لەدەنگدان و پەیوەندی كردن بەپارتە سیاسیەكانەوە و تەمەنی(١٨)ساڵ دیاریكراوە بۆ دەنگدانی پەرلەمان، بەڵام ئەو هەلومەرجە سیاسی و كۆمەڵایەتی وئابووریەی خولقێنراوە وەك پێویست بەشداری سیاسی بەرجەستە نەكراوە بەتایبەت لەناو توێژی گەنجاندا كە (فرسەتی خوێندن بۆ چونەدەرەوەی وڵات زۆر سنوردارە لەناوخۆیشدا پەروەردەیەكی ئەو تۆ نیە تابتوانن ئەزموون وەربگرن و لەهەمان كاتدا بێكاریەكی بێ شومار هەیە لەناویاندا كە ژیانی پڕ زەحمەت كردوون وئازادی هەڵسوڕانی سیاسی لە سنورێكی دیاركراودایە ) كە گەنچ لەسەر ووتار نووسینێك لەسەر خاوەنشكۆ دەكوژرێ وشاعیرێكی گەنچ لەبەر داكۆكی كردن لەبێ خانە ولانەكان خەڵتانی خوین دەكرێت ئیتر دەبێت
بەشداری سیاسی گەنجان چۆن و لەچ ئاستێكدا بێت٠
لەكاتێكدا كۆمەڵێك گروپی دەستڕۆیشتوی ناو پارتەكان كەبەرژەوەندی ئابووری و تەماحی زۆرتر لەوەی سەرمایەدارێكی ئاسایی دەیخوازێ كۆی كردونەتەوەو بوونەتە لەمپەر لەبەردەم بەشداری كادر و سەركردەكانی ناو حزبەكانی خۆیان و ناو پرۆسەی سیاسی بەگشتی٠
تەنها خاڵیك گرنگ بێت ئەوەیە كە تەمەنی خۆ كاندید كردن بۆ پەرلەمان كراوە بە (٢٥)ساڵ بەڵام لەباری كرداریەوە و لە زەمینەی واقعیدا
كاری پێویست سازنەدراوە بۆ ئەم بەشداریە ، بابزانین لەنا پارتە سیاسیەكاندا چ زەمینەیەك هەیە بۆ بەشداری سیاسی گەنج لە هەرێمی كوردستاندا ، زۆربەی هەرە زۆری حزبەكان فرسەتی پێویستیان نەخوڵقاندوە بۆ پەروەردە كردن وهێنانەپێشەوەی گەنجان بۆ ناوەندی بڕیاری سیاسی و بەرپرسیارێتی تابتوانن لەم ڕێگەیەوە بەشداری سیاسی تەواوەتی بكەن لەژیانی سیاسیدا ٠
تەنها بۆ یەكجار نەبێت حزبی شیوعی كوردستان بەشێوەی كۆتا فرسەتی دا دوو هاوڕێ بچنە سەركردایەتی كە تەمەنیان خوار ٣٥ ساڵ بێت ئەویش بۆ گۆنگرەی دواتر ئەم پرۆسەیە ئەنجام نەدرا ، ئیتر باقی حزبەكانی تر بەهیچ شێوەیەك دۆخێكی وایان نیە تا گەنجان لەناو سەركردایەتیدا ولەو ڕێگەیەشەوە لەژیانی سیاسی گشتیدا بەشدار بن وڕۆڵی مێژووی خۆیان بگێڕن ٠
لەبنەڕەتەوە خۆی بەشداری سیاسی بەگشتی لەهەرێمی كوردستاندا كێشەی گەورەی هەیە نمونەی شەڕی ناوخۆ و تیرۆری سیاسی و پێشێلكردنی ئازادیەكان بوونی بیری توند ڕەوی و ئەنجام نەدانی گۆنگرەی حزبەكان لەكاتی خۆیدا ودواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی شارەوانی و ئەنجومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی كوردستان تاكار گەیشت بەوەی ئێستا هەرێمی كوردستان بێ دەسەڵاتی یاسادانان دەڕوات بەڕێوە ،، جا لەدۆخێكی وادا بێگومان گەنجان پشكی زۆر و گەورەیان لەم كارەساتەی ناو پرۆسەی سیاسی هەرێم بەردەكەوێت ٠
لەسەرەتادا لەناو هەرێمی كوردستان خەڵك بەگشتی و گەنجان بەتایبەتی بەشداریەكی بەرچاویان هەبوو لە ژیانی سیاسی و بەتایبەت لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا بەڵام جار لەدوای جار ڕێژەی بەشداركردن كەمتر دەبێتەوە تاداو هەڵبژاردن بەپێی ئامارەكان لەسەدا پەنجای تێنەپەڕاندوە بێگومان توێژی گەنجان بەشێكن لەو هاوڵاتیانەی بەشداریان نەكردوە ئەمەیش لەدەرئەنجامی بێ ئومێدی گەنجان بەدروست نەبوونی گۆڕانكاری لە ژیانی سیاسی و ئابووری وكۆمەڵایەتی و فەهەرهەنگی ناو كۆمەڵگە كە بەپێی وویست وداخوازیە ڕەواكانیان كە زۆربەی داخوازی هەنووكەین .
بەشداری سیاسی لە بنچینەوە پەیوەستە بە بوونی لایەنی كەمی دادپەروەری لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و پرسی بەستنەوەی دیموكراسی سیاسی بەدیموكراسی كۆمەڵایەتیەوە كە دەكرێت لە فرسەتێكی تردا بەووردی قسەو باسی لەسەر بكەین٠